تێگەیشتن لەمیدیا؛ لە ڕوانگەی مارشاڵ ماکلوهان

نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی

هێربێرت مارشاڵ ماکلۆهان (1911_ 1980) بیریار و هزرڤانی پێوەندی خەڵکی ”ماس کۆمۆنیکەیشن”، بە توێژینەوەکانی میدیا بە بناغە میدیاناسی دادەنرێت. هەرچەندە ماکلۆهان کەم تا زۆر بە دنیای ڕۆشنگەری و خوێنەری ئێمە نامۆیە، بەڵام ئەستەمە بەبێ بیرۆکەکانی لە پێکهاتە و ناوەڕۆکی میدیا و کاریگەرییەکانی لەسەر وەرگر تێبگەین.

بابەتە سەرەکییەکەی ماکلۆهان لەو دەستەواژەیەوە هاتووە، کە دەڵێت: ”میدیەم/ ئامراز پەیامەکەیە” مەبەست لە میدیەم، هەموو ئەو ناوەند و کەناڵانەیە، کە لە مێژووی ژیانی مرۆڤدا شتەکانیان گەیاندووە بە یەکتر. ”لە پرۆسەی پێوەندیدا، میدیەم گرنگترین ڕەگەزی پێوەندییە و بەبێ میدیەم پرۆسەی گەیاندن مانایەکی نیە. ڕەگەزەکانی پێوەندی بەو ڕەگەزانە دەگوترێت لە کردەی پێوەندی بەشدار دەبن. وەکو ”نێرەر، میدیەم، وەرگر”. میدیەم وەکو گرنگترین ڕەگەزی پێوەندی، جەمسەرەکانی گەیاندن بەیەکتری دەگەیەنێت”. بە تێڕوانینی ماکلۆهان؛ تایبەتمەندی خودی ”ناوەندێک، میدیەمێک” کاریگەری لەسەر تێگەشتنی مرۆڤ هەیە، نەک نێوەڕۆکی پەیامێک کە هەڵیگرتووە و دەیگەیەنێت. لە بابەتە کلاسییکیەکاندا پەیام کێشەی سەرەکی پرۆسەی پێوەندی بوو، کە بە نەریتی جەخت لە نێوەڕۆکی پەیامێک دەکرا لە ڕێگەی میدیەمێکەوە گەیشتووە، ئەو پەیامە دەق بێت، یان وێنە و دەنگ. بەڵام ماکلۆهان دەڵێت ئەو میدیەمەی نێوەڕۆکی پەیامێک دەگوازێتەوە ڕۆڵێکی گرنگتر لە پەیامەکە دەگێڕێت لە دانانی پێکهاتەی سیستەمی کۆمەڵایەتی و هۆشیاری تاکدا، ئەوە میدیەمە کاریگەری لەسەر چۆنێتی تێگەشتن و لێکدانەوەی زانیارییەکان دادەنێت، نەک پەیامەکە. مارشاڵ ماکلۆهان لە ساڵانی 1960 بەچڕی خوێنەری نێوەڕۆکی میدیا و لە کاریگەری ”هاڕڵۆد ئینیس” بابەتە سەرەتاییەکانی خۆی داڕشتەوە و دواتریش سەربەخۆیی هزری وەرگرت، لەم بوارەدا چەندین پەرتوکی گرنگ دەنووسێت لەوانەش؛ بوکی میکانیکی؛ 1951، جیهانی گۆتنبێرگ؛ 1962، تێگەشتن لە میدیا؛ 1964، میدیەم پەیامە؛ 1967.

”پێویستی تەکنۆلۆژیا”

زاراوەی”گوندە بچووک” کە زۆرێکمان دەزانین دەگەڕێتەوە بۆ ماکلۆهان. کە دەڵێت، ”گەشەی کۆمەڵگا بەندە بە گەشەی ئامرازەکانی پێوەندی”. گەشەی کۆمەڵگە هاوکاتە لەگەڵ گەشەی ئامراز و تەکنیک. ماکلۆهان دەڵێت، گەشەی تەکنیکی پێوەندی جیهان دەگۆڕێت بۆ گوندێکی بچووک. ماکلۆهان ئەم بابەتەی لە کاریگەری فەلسەفەی ماتریاڵیزمی مێژوویی ‘کارل مارکس’ دا خستۆتەڕوو، بەگوێرەی ‘مارکس’ گەشەی مێژوویی کۆمەڵگە بەهۆی دۆخی دارایی و هۆکاری ئابوری دەبێت. ‘مارکس’ گەشەی قۆناغەکانی کۆمەڵگەی بۆ چەند قۆناغێک پۆلێن کرد، کە هەریەکەیان بە شێوازی بەرهەمهێنان و پێوەندی چینایەتی تایبەت بە خۆی ناسراوە. ماکلۆهان بە هاوکاری مارکس بابەتەکەی دادەڕێژێتەوە و دەڵێت، ”تا ئەمڕۆ ٣ قۆناغی مێژوویی هەن کەپرسی میدیەم ڕوون دەکەنەوە”، ماکلۆهان لە پەرتوکی ”جیهانی گۆتەنبەرگ؛ 1962” قۆناغەکانی گەشەی میدیەمەکانی پێوەندی بۆ ٣ قۆناغ پۆلێن دەکات، کە هەر قۆناغێک پێوەندە بە میدیەمێک و گۆڕان لە قۆناغەکان پێوەندە بە گۆڕانی میدیەمەکان، قۆناغەکان ئەمانەن؛ ”قۆناغی زارەکی، چاپەکی، مایکرۆیی/میدیایی نوێ”.

قۆناغی زارەکی؛ ئەم قۆناغه لە سەرەتای ژیانی بەکۆمەڵ دەستیپێکرد و تا دۆزینەوەی چاپ لە ساڵی (1450) بەردەوام بووە. لەم قۆناغەدا گوفتار ئامرازی سەرەکی پێوەندی بوو. ئەم قۆناغە، کە سیستەمی ڕۆشنگەری زارەکی و سیستەمی خێڵەکی پێ دەگوترێت، زمان ئەو داهێنانە بوو کە مرۆڤ توانی لەڕێگەیەوە بڵێت و نێوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی بگوازێتەوە بۆ ئەویتر. لەم قۆناغەدا پرۆسەی پێوەندی بریتیە لە قسە، هەستی سەرەکی بریتی بووە لە (بیستن) واتا؛ پرۆسەکە ڕاستەوخۆ لە دەم بۆ گوێ بووە. کە هۆکاری سەرەکی دروستبوونی پێوەندییە. زمان ئەو میدیەمە بووە لە ئاستی سەرەتایی و خۆڕسکدا میدیەم و ڕایەڵە و ڕێگەی دروستکردنی پێوەندی کۆمەڵایەتی بووە. داهێنانی زمان مرۆڤی لە ئاژەڵ جیاکرد، لەو قۆناغەدا مرۆڤ لە ڕێگەی میدیەمی زمان ”سیستەمی کۆمەڵایەتی” ڕێکخست.

بەڵام داهێنانی نووسین هۆکارێک بووە بۆ گۆڕینی سیستەمی کۆمەڵایەتی مرۆڤ و دروستکردنی شارستانیەت، وەکو ”سیگمۆند فرۆید” دەڵێت؛ ”شارستانیەت لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە مرۆڤ لەجیاتی بەرد وشەی ڕیزکرد” نەریتی زارەکی تا ئێستا لە قۆناغی منداڵیدا ئامادەیە، بۆ نمونە، لە سیستەمی پەروەردەی خوێندنگە، کاتێک منداڵان فێری خوێندەواری دەکرێن، یان زانینی شیعر و گۆرانی، دواتر گوتنەوەی لەو کاتە بەشداری لە نەریتی زارەکی دەکەن. زۆرجار هەمان شت بۆ ئەو کەسانەی سەر بە ئایننگەکانن دروستە کاتێک فێر دەکرێن فێری گوتنی نزاکانیان بن. باشترین نمونەی قۆناغی زارەکی لەئێستادا دەقە پیرۆزەکانی ئاینی ئێزدییە کە پێی دەگوترێت ”خواندنا سنگی”. ئەمە لە بنەڕەتدا ڕۆشنگەری خێڵەکی زارەکییە و گواستنەوە لە ڕۆشنگەری زارەکی کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤ فێری خوێندنەوە و نووسین دەبێت.

قۆناغی چاپەکی؛ ئەم قۆناغە لە ساڵی ‘1450’ دەستپێدەکات، کاتێک “یۆحەنا گۆتنبێرگ” بزوێنەری چاپی داهێنا. کە هەنگاوێکی دیکەی لە چۆنێتی پێوەندی مرۆڤ دروستکرد، هۆکاری داهێنانی میدیای چاپکراوە لە ئەوروپا، هەروەها لە سەدەی شازدەیەمدا، ڕۆژنامەی کاغەزی دەرکرا. بە دیارترین قۆناغی گەشەی تەکنیک دادەنرێت کە هەندێک ڕۆشنگەری ئابوری و ئایدۆلۆژی و سیاسی پەیدابوون کە هۆکاری ڕسکانی بیرکردنەوەی نوێیە، کە سیستەمی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و شێوازی ژیاری مرۆڤیان گۆڕی. لەم قۆناغەدا، بەرهەمی هزری، ڕۆشنبیری و وێژەیی چاپکر‌ان. بەگەشە و کشانی میدیەم دادەنرێت، لەمبەری زەوی بۆ ئەوبەری زەوی. بەرهەمەکانی چاپەمەنی وەکو؛ (ڕۆژنامە و گۆڤار و پەرتوک) هاندەر بوو بۆ سەرهەڵدانی تاکگەرایی لە ئەوروپا و دابڕان و نامۆیی مرۆڤە لە شوناسی بەکۆمەڵ و خەڵکی. تایبەتمەندییەکانی ”میدۆمی چاپ” هۆکارێک بوو بۆ نامۆیی مرۆڤ و تاکبوونەوەی لەوانیتر. ئەگەرچی لە سیستەمی کۆمەڵایەتی خەڵکیدا، شوناسی تاک لەناو ئەویتردا دەتوایەوە و مرۆڤ شوناس و ناسنامەی کۆمەڵەکی هەبوو، بەڵام لەسەردەمی چاپەکیدا، مرۆڤ بەتەنها دەخوێندەوە و دەینووسی و سەرنجی خۆی دەردەبڕی بۆ پرسەکان [مارشاڵ ماکلۆهان: جیهانی گۆتنبێرگ، لا، 28- 40]. چەمکی سەرەکی گفتوگۆکەی ماکلۆهان، میدیەمەکانی”چاپگە” کاریگەری کێشکردنیان لەسەر زانیاری تاک هەیە، لە بەرامبەردا، کاریگەری لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات؛ بە تێڕوانینی ماکلۆهان ئامێری چاپ کاریگەری لەسەر کارلێکی کۆمەڵایەتی دروستکرد، ئامێری چاپ هۆکاری دەرکەوتنی زۆربەی ڕەوتە دیارەکانی سەردەمی نوێگەری لە جیهانی ڕۆژئاوادا، وەکو؛ تاکگەرایی، دیموکراسی، پرۆتستانیزم، سەرمایەداری، ناسیۆنالیزم. ئەم ڕەوتانە هەموویان لەدوای ئامێری چاپ دەنگ دەدەنەوە.

قۆناغی مایکرۆیی و میدیای نوێ؛ ئەم قۆناغە لە سەرەتای سەدەی بیستەم دەستپێدەکات و تا ئێستا بەردەوامە، بەپێی ماکلۆهان ئەم قۆناغە بەدۆزینەوەی بروسکە وەکو میدیەمی وێنەیی دەستپێدەکات، هەریەک لە داهێنانەکانی وەکو تەلەگراف، ڕادیۆ، سینەما، تەلەفۆن، تەلەفیزیۆن سەرەتای پەیدابوونی ئەم قۆناغەیە و تا ئێستاش لە سەردەمی ئینتەرنێت و دیجیتاڵ میدیا ژمارەیی و فۆرمەکانی میدیایی نوێ بەردەوامە. ئەم قۆناغە بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی دەناسرێت، کە ماکلۆهان بە ”گوندی بچوک” دەڵێت، بەپێی ئەم هزرە قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤ و پێوەندی مرۆڤ بەجیهان بەهۆی ئەو میدیەمانەیە، کە مامەڵەیان پێوە دەکات. بە تێڕوانینی ماکلۆهان گەشەی میدیەمەکان جیهانیان گۆڕیوە بۆ ”گوندێکی بچوک” ئەم تێڕوانینە دەڵێت پێوەندی لە ڕێگەی میدیای ئەلیکترۆنی، هۆکاری بچووکی جیهانە بۆ گوندێک، کە تێدا ڕووداوەکان و زانیارییەکان سنوری کات و دووری جوگرافی سڕیوەتەوە. مرۆڤ لە سەردەمی میدیای نوێدا، هاوتای خەڵکانی گوندێک ئاگاداری هەموو زانیارییەکن لە گوندەکەدا ڕوودەدات. لە سەرەتای شەستەکاندا، مەکلۆهان نووسیویەتی؛ کە ڕۆشنگەری چاپەکی و تاکگەرایی کۆتایی پێدێت بەهۆی ”وابەستەیی ئەلیکترۆنی” کە میدیای ئەلیکترۆنی جێگەی ڕۆشنگەری چاپەکی دەگرێتەوە. لەم سەردەمە نوێیەدا مرۆڤایەتی لە تاکگەرایی و پارچەبوونەوە دەچێتە سەر ناسنامەی بە کۆمەڵ. [مارشاڵ ماکلۆهان: جیهانی گۆتنەبەرگ، لا 32] ماکلۆهان ئەم سیستەمە کۆمەڵایەتییە نوێیە بە ”گوندی جیهانی” دەڵێت. لەم سەردەمەدا میدیا خۆی لکاندووە بەکۆمەڵگەی نوێگەر و جیاکردنەوەی لە کۆمەڵگە ئەستەمە، وەکو گوتەبێژی کۆی سەردەمەکە دەردەکەوێت.

”تێگەیشتن لە میدیا”

ساڵی 1964 بۆیەکەمین جار، مارشاڵ ماکلۆهان لە پەرتوکی ”تێگەشتن لەمیدیا” بناغەی هزری ”ژینگەناسی میدیا” داڕشتەوە، ئەم هزرە لە پێکهاتەی میدیا و تەکنۆلۆژیای پێوەندی و چۆنێتی کاریگەرییان لەسەر ژینگەی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە، کە دواتر زاراوەی ژینگەناسی میدیا لەلایەن ”نیل پۆستمان” وەکو چەمکی زانستی لە ساڵی 1968 ناسێندرا.

ژینگەناسی میدیا ئاماژەیە بۆ ئەو ژینگەیەی کە میدیای تێدا بەکاردێت، لە چیەتی میدۆمەکانی پێوەندی و چۆنێتی کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا دەکۆڵێتەوە. ”نیل پۆستمان” دەڵێت؛ ”ئەگەر لە بایۆلۆجیدا میدیەم شتێک بێت کە کشتوکاڵی بەکتریا تێدا گەشە بکات ‘وەک لە تۆێکی گەنمدا’، لە ژینگەناسی میدیادا، میدیەم تەکنۆلۆژیایە تێدا ڕۆشنگەری مرۆڤ گەشە دەکات. ژینگەناسی میدیا لەو پرسە دەکۆڵێتەوە، کە چۆن پێکهاتە و نێوەڕۆکی میدیەمێک کاریگەری لەسەر تێگەشتن و هەستی مرۆڤ دەبێت. ژینگەناسی میدیا دەڵێت ”میدیا/میدەم لە هەر سەردەمێکدا درێژکراوەی هەستەکانی مرۆڤە و هۆکاری سەرەکی گۆڕانی کۆمەڵایەتییە”. ماکلۆهان لە گوتە بەناوبانگەکەی ”میدیەم پەیامەکەیە”. ئەو میدیەمە، میدیایەی دیاریکرا بۆ گواستنەوەی پەیامێک، هێندەی پەیامەکە گرنگە ”ئەگەر زیاتریش نەبێت” لە پەیامەکە خۆی. ماکلۆهان وەک نمونەیەک ئاماژە بۆ گڵۆپێک دەکات، کە گڵۆپ میدیەمێکە نێوەڕۆکی نییە، کە ڕۆژنامەیەکی بابەتی یان بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی هەیەتی، گڵۆپ میدیەمێکە کاریگەری کۆمەڵایەتی هەیە؛ واتە گڵۆپێک هۆکارە لە شەودا ژینگەی کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤ دروستبکات گەرنا تاریکی دەبێت. ناوبراو گڵۆپ بە میدیەمێک ستایش دەکات کە هیچ نێوەڕۆکی نییە وەکو میدیەمێک تەنها بە خۆی ژینگەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. ‘تێگەشتن لە میدیا: لا 8’.

ماکلۆهان لە پەرتوکی ”تێگەشتن لەمیدیا” هزرێکی سەرەکی دەڵێت، کە میدیەمەکان درێژکراوە و کشانی جەستەی مرۆڤن. هەر میدیەمێک درێژکراوەی یەکێک لە توانای خۆڕسکی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤە. بەپێی ماکلۆهان، (ئەلفوبێ) درێژکراوەی ددانەکانە و ڕۆژنامە کشانی زمانە و تەلەفیزیۆن کشانی بینینە و ڕادیۆ کشانی گوێیە و پۆشاک کشانی پێستە. ماکلۆهان دەڵێت؛ هەر میدیایەک خۆی بار دەکات بۆ سەر جەستەی مرۆڤ، لە فۆرمێکی تەکنیکی نوێدا. هەرچەندە بینینی خۆمان سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام بەڕاستی دەمانخاتە ناو ”هیپنۆسێکی نەرجسی” کە ڕێگرە لە بینینی سروشتی ڕاستەقینەی میدیا. بە تێڕوانینی ماکلۆهان، نەرجس عاشقی ئەو وێنەیە دەبێت لە بنەمادا وێنەی خۆی نییە بەڵام هەست دەکات وێنەی خۆیەتی. ئەمەش سروشتی ڕاستەقینەی تێگەشتنمان بەلاڕیدا دەبات. ماکلۆهان دەڵێت؛ نێوەڕۆکی هەموو میدیەمێک میدیەمێکی دیکەیە. [تێگەشتن لە میدیا: لا 8 – 9]. بۆ نموونە لە هەزارەی نوێدا، ئینتەرنێت میدیایەکە کە نێوەڕۆکی پێکهاتووە لە میدیای جیاوازی پێش خۆی وەکو ڕۆژنامە، ڕادیۆ و وێنەی جووڵاو…هتد. ماکلۆهان دەڵێت، نوسین نێوەڕۆکی چاپە، چاپیش نێوەڕۆکی تەلەگراف و هەر میدیەمێک نێوەڕۆکی میدیەمێکی دیکەیە. بەپێی هزرەکەی ماکلۆهان، میدیەم بەپێی قۆناغەکانی گەشەی، دوو ڕۆڵی سەرەکی هەبووە، لە قۆناغێکدا شتەکانی لەیەکتری دوورخستووە وەکو قۆناغی چاپەکی، نامۆیی مرۆڤ لە شوناس و ناسنامەی کۆمەڵ. لەقۆناغێکی دیکەدا میدیەم ڕۆڵی ڕێکخستن و پێکهێنانە. بە تێڕوانینی ماکلۆهان لە سەردەمی میدیای نوێدا لە ئەنجامی کارلێکی میدیەمەکاندا، بە پاشەکشەیی جیهان دەبێتە گوندێکی بچوک. لە ئەمڕۆدا، ئەگەر ماکلۆهان لەژیاندا بوایە ڕەنگە بیگوتایە؛ دنیا ئێستا گوندێکی بچوک نییە بەڵکو ڕوویەکی بچووکە کە مۆبایلەکانمانە.

بەپێی ئەم هزرە هەر قۆناغێکی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆیی لە ڕێگەی میدیەمەکانەوە دەناسرێت. ماکلۆهان دەڵێت، گەشەی کۆمەڵگە هاوکاتە لەگەڵ گەشەی میدیەمەکان. واتا میدیەم جۆری ڕێکخستن و سیستەمی کۆمەڵایەتی هەر ساتێکی مێژوویی دیاری دەکات.

”نێوەند پەیامەکەیە”

سەرنجی ماکلۆهان لە میدیەمەکان وای کرد هزرە پڕ گفتوگۆکەی لە دایک بێت، کە دەڵێت: میدیەم پەیامەکەیە. لە ساڵی 1967 پەرتوکی ”میدیەم پەیامەکەیە” بڵاوکردەوە، کە پڕ فرۆشترین پەرتوکی ماکلۆهان بوو، لە کۆتاییدا نزیکەی ملیۆنێک پەرتوکی لە جیهاندا فرۆشرا. ماکلۆهان لە هزرەکەیدا، لەبارەی میدیا خۆی، نەک ئەو نێوەڕۆکەی کە میدیایەک هەیەتی. دەڵێت، ئەوەی دەبێت لێکۆڵینەوە بێت نێوەڕۆکی پەیامێک نییە بەڵکو میدیەمەکە خۆیەتی.

بەپێی هزرەکەی ”مارشاڵ مەکلۆهان” میدیەم، ئامراز خۆی گەیەنەرە و پێش ئەوەی شتێک بگەیەنێت خۆی دەگەیەنێت. سەرنجی مەکلۆهان لەسەر ئەو فۆرمەیە کە کاریگەری پەیامی میدیا لەسەر هەستەکان دەردەخات. ”میدیەم، ئامرازی گەیاندن” لە نێوەڕۆکی پەیامەکە گرنگترە و ئەوە ئامرازە کاریگەری لەسەر وەرگر دروست دەکات، نەک پەیامەکە. میدیەم نێوەڕۆک و جۆری پەیامەکە پێکدێنێت و ئاڕاستەیەکی تایبەت بە پەیامەکە دەبەخشێت و بۆیە سەرەنجمان لەسەر میدیەمەکە بێت، نەک ئەو پەیامانەی کە هەڵیدەگرێت. بۆئەوەی لەنێوەڕۆکی پەیامێک تێبگەین، پێویستمان بە ناسینی نێوەڕۆکی ئەو میدیەمەیە کە پەیامەکەی هەڵگرتووە.

سەرەتا ناوی پەرتوکەکە ”میدیەم پەیامەکە بوو”، نەک ”میدیەم پەیامە” دوای ئەوەی پەرتوکەکە لە چاپ گەڕایەوە. بەهۆی هەڵەی نووسین، ناوەکە لەسەر بەرگی پەرتوکەکە بووە ”میدیەمەکە پەیامەکەیە” کاتێک ماکلۆهان ئەو هەڵەیە دەبینێت، هاوار دەکات، وازی لێ بێنە! زۆر نایاب و باڵکێشە، دروست ئەوە ئامانجەکەیە! لە دوو گۆشەنیگاوە خوێندنەوەی بۆ بکەین، لە نیگای یەکەمدا، (میدیەم پەیامە) واتا میدیەم پەیامی هزری بینەرانی دەکات. لە نیگای دووەمدا، میدیەم پەیامەکەیە، واتا میدیەم بەرلەوەی شتێک بگەێنێت خۆی دەگەیەنێت، میدیەم وەکو فۆرم کاریگەری زیاترە، لەنێوەڕۆکی ئەو پەیامەی هەڵیدەگرێت.

ئەم تێڕوانینە درێژکراوەی هەمان تێڕوانینی پێشووە لە پەرتوکی ”تێگەشتن لە میدیا” کە ماکلۆهان دەڵێت، تێڕوانینی میدیایەک کاریگەری زیاتر لەسەر کۆمەڵگا هەیە، نەک ئەو نێوەڕۆکەی میدیایەک دەگەیەنێت، ماکلۆهان گڵۆپ بە نمونە دێنێت. گڵۆپ هاوشێوەیەی تەلەفزیۆنێک نێوەڕۆکی نییە، بەڵام میدیەمێکە کاریگەری کۆمەڵایەتی هەیە؛ گڵۆپێک ژینگەیەک بۆ مرۆڤەکان دروست دەکات لە شەودا ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن، گەرنا لە تاریکی نامۆ دەبن. ماکلۆهان گڵۆپ بە میدیەمێک دەڵێت کە هیچ نێوەڕۆکی تێدا نییە، بەڵام بە خۆی ژینگەیەک دروست دەکات. نمونەیەک لە ئەمڕۆدا بهێنینەوە کاتێک بینینگەی سینەمایەک هۆڵێک پڕدەکات لە مرۆڤ بۆ تەماشای فیلمێک، ئەوە نێوەڕۆکی فیلمەکە نییە کە قەرەباڵغی کردووە بەڵکو سروشت و تایبەتمەندی بینینگەی سینەمایە. ماکلۆهان دەڵێت کە نێوەڕۆک کاریگەری کەمی لەسەر کۆمەڵگا هەیە، بۆ نمونە، تەلەفزیۆن بەرنامەی منداڵان پەخش بکات یان بەرنامەی توندوتیژی، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا یەکسانە. دەڵێت کە هەموو میدیاکان تایبەتمەندییان هەیە کە بینەر بە جیاواز سەرقاڵ دەکەن؛ بۆ نمونە بڕگەیەک لە پەرتوکێک بخوێنرێت، بەڵام فیلمێک دەبێت بە تەواوی تەماشای بکرێت. ماکلۆهان لەبارەی میدیا بۆ ٢ جۆر پۆلێنیان دەکات. دەستەواژەی ”میدیای سارد و میدیای گەرم” بەکاردێنێت، لە بنەمادا زاراوەی لە مرۆڤناسی فەرەنسی ”لیڤی ستراوس” وەرگرت، کاتێک ”ستراوس” جیاوازی نێوان کۆمەڵگەکان دەکات، کۆمەڵگەکان دابەش دەکات بۆ کۆمەڵگەی سارد و کۆمەڵگەی گەرم. لای ماکلۆهان تایبەتمەندی گەرم و سارد پێچەوانەن، وشەی سارد گفتوگۆی ئێستایە و بەگەرمی لەناو خەڵکیدا هەیە. بەپێی ماکلۆهان میدیا گەرمەکان ئەو میدیایانەن کە یەک هەستی مرۆڤ داگیر دەکات. ئەو میدیایانەن کە یەک هەستی مرۆڤ داگیر دەکات و لە کارلێکی مرۆڤ پارێزگاری لە پارسەنگی هەستەکانی دەکات و بوارێک بۆ مرۆڤ دەڕەخسێت لە هەستەکانی دیکەوە تێڕامێنێت و بەشداری لە ئاسۆی بیرکردنەوە و دروستکردنی واتا بکات. لە نمونەی میدیا ساردەکان وەکو بەرهەمەکانی چاپ، پەرتوک و گۆڤار و ڕۆژنامە..هتد یان ڕادیۆ کە مرۆڤ هەستی بینین یان هەستی بیستنی هەیە و هەستەکانی دیکە بەگەرمی دەمێنێت. بەڵام میدیا گەرمەکان ئەو میدیایانەن کە هەموو هەستەکانی مرۆڤ داگیر دەکەن و هیچ هەستێکی مرۆڤ ناێەڵنەوە بۆ بەشداری لە پرۆسەی واتاسازیدا. تەلەفیزیۆن لە نمونەی میدیا ساردەکانە کە هەستەکانی مرۆڤ داگیردەکات و لە دۆخی ناچالاکی، گیریان دەکات و هەستەکانی بەساردی دەمێنێت.

رومان میرەکی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری نوسوود

چ آگوست 2 , 2023
ئەرکان ڕەحمانی و لایق دەروێشی دوو کۆلبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە ناوچەی سنووری نوسوود بریندار بوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆلبەرنیوز، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٢، هێزە سەربازییەکان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆلبەر لە ناوچەی سنووری نوسود کردووە، لە ئەنجامدا دوو کۆلبەری خەڵکی شاری جوانڕۆ، بە […]

You May Like