٧ چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە بە تۆمەتی «تێکدانی یاسا و ئاسایشی گشتی» بۆ لقی دووی لێکۆڵەری دادگای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە بانگهێشت کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، «سوهراب جەلالی»، «کەمال فەکوریان»، «موختار ئەسەدی»، «فاتمە زەندکەریمی»، «جەمال ئەسەدی»، «جەمیل ئەمینی»، و «زارا محەممەدی»، چالاکە مەدەنییەکانی شاری سنە، بەپێی بانگهێشتکرانێک لە ٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کە وەریانگرتووە، پێنج ڕۆژ مۆڵەتیان هەیە بۆ پێشکەشکردنی بەرگرینامەی خۆیان لە لقی دووی لێکۆڵەری دادگای گشتی و شۆڕشی سنە ئامادەبن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاند؛ هۆکاری بانگهێشتکرانی ئەم چالاکە مەدەنییانە، چالاکییە مەدەنییە و سنفییەکانی ئەوان بووە. ئەم چالاکانە پێشتریش بانگهێشتکراون، دەستبەسەرکراون و سزایان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، فشار بۆسەر چالاکە مەدەنییەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران زیادی کردووە.