زاگرۆس ڕەسوڵی، چالاکوانی ژینگەپارێز و خەڵکی شاری مهاباد لە شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ زاگرۆس ڕەسوڵی، چالاکوانی ژینگەپارێز و خەڵکی شاری مهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر و لە شوێنی کارەکەی ئەم چالاکوانە ژینگەپارێزەدا دەستبەسەریان کردووە و تەلەفونی تایبەتییان لەگەڵ خۆیاندا بردووە. تا ئێستا هۆکارەکانی دەستبەسەری و تۆمەتەکانی دژی ناڕوونن. دەستبەسەر کردنی ئەم چالاکوانە ژینگەپارێزە نیگەرانییەکانی چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤی زیاتر کردووە. زۆرێک لە چالاکوانان داوای ئازادی بەپەلە و بێ مەرجی ئەم چالاکوانە دەکەن. لەم ساڵانای دواییدا دەستبەسەر کردنی چالاکوانانی ژینگەپارێز لە ئێران بووەتە دیاردە. ئەم چالاکوانانە بەهۆی چالاکییەکانیانەوە لە بواری پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵاندا ئازار و ئەشکەنجە دراون.