«ئەحمەد حەسەنزادە»، باوکی “محەمەد حەسەنزادە”، یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی سێ مانگەکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی بۆکان گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٣، «ئەحمەد حەسەنزادە» تەمەن ٥٧ ساڵ، باوکی محەممەد حەسەنزادە یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە شاری بۆکان دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی حوکمی سێ مانگەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی شاری بۆکان گواسترایەوە. ناوبراو لە پاییزی ئەمساڵدا لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر “مێهدی فەخری” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی ڕژیم” لە ڕێگەی ئامادەبوونی لە مەیدان بۆ هاندانی کاسبکاران و بازاڕیان لە مانگرتنی گشتیدا لە دووەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی ژینا، بە سێ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.
ئەحمەد حەسەنزادە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، لە دووهەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بۆکانەوە لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرابوو. دواجار ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، ناوبراو بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کرا.
شایەنی باسە کە ئەحمەد حەسەن زادە لەگەڵ کچەکەی «سۆڵماز حەسەنزادە»، ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و ڕۆژی دواتر پاش دانانی بارمتەی ٤ ملیارد تمەن بەشێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو. «سۆڵماز حەسەنزادە»، خوشکی گیانبەختکردوو «محەممەد حەسەنزادە»، هێشتا لە گرتووخانە و لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ دەستبەسەرە.
ئەحمەد حەسەن زادە و سۆڵماز حەسەن زادە، ساڵی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەرکرابوون.
«محەممەد حەسەنزادە» لە ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی ڕاپەڕینی ژینا لە شاری بۆکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی سەرکوتگەرانی ڕژیم گیانی بەختکرد.