حزووری ناڕەوای نوێنەرانی ڕژیمی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانی کار

ڕۆژی هەینی ٧ی جۆزەردان، ١١٢هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانی کار “ئای ئێڵ ئۆ” لە مقەڕی سەرەکی ئەو ڕێکخراوەیە لە ژنێڤ دەستیپێکرد. شاندی ١٧٨ وڵاتی جیهان لەم کۆبوونەوەیەی ساڵانەدا بەشدارن. ئەگەرچی “ڕێکخراوی جیهانی کار” بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی سێ لایەنە، دیفاع لە پەیوەندییە ئابوورییە کۆمەڵایەتییە سەرمایەدارییەکانی زاڵ بەسەر جیهاندا دەکات، بەڵام بزووتنەوەیەکی جیهانی شکۆداری کرێکاری و بەتایبەتی یەکێتییە خەباتکارەکان، بە خەبات و تێکۆشانی درێژماوەی خۆیان، توانیویانە کۆمەڵێک ڕێککەوتن و ڕاسپاردە و ڕێککەوتننامە بخەنە دەستووری کاری ئەو ناوەندەوە کە تێیدا داکۆکی لە بەشێک لە مافە بنەڕەتییەکانی کرێکارانی جیهان دەکرێت. لە کۆبوونەوەی ئەمساڵیشدا وەک ساڵانی ڕابردوو نوێنەرانی ڕژیم و ڕێکخراوەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامی بەشدارن. ڕێکخەرانی ئەم 
کۆبوونەوەیە زۆر باش دەزانن کە سەرەڕای ئەندامێتی کۆماری ئیسلامی لەم ڕێکخراوەدا و دانی بەڵێنی فەرمی سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی، بەڵام کۆنوانسیۆن و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوی جیهانی کار بەردەوام لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتگوێ دەخرێن و پێشێل دەکرێن. چاوخشاندنێک بەسەر بارودۆخی ئێستای چینی کرێکاری ئێران کە مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەژار لەخۆ دەگرێت، تەنیا چەند نموونەیەک لەکۆی سەدان بابەتی پێشێلکردنی مافی ئینسانی ئەم خوڵقێنەرانی سەروەت و سامان و نیعمەت و فەرهەنگی کۆمەڵگایە، ئەم ڕاستییە بە ڕوونی دەردەخات:
لەوانە، ڕێگریکردن لە ڕێکخراوبوونی کرێکاران و سەرکوتی توندوتیژی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سنفی مامۆستایان و زیندانیکردنی هەڵسووڕاوانی ئەو بزووتنەوەیە، پەرەسەندنی گرێبەستی سپی واژۆ، پەرەسەندنی دامەزراندن لە ڕێگەی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، کە ئاکامەکەی بریتییە لە جیاوازی بەرچاوی نێوان حەقدەستی کرێکارانی فەرمی و نافەرمی، ناسەقامگیری دۆخی پیشەیی کرێکارانی پەیمانی و نافەرمی و هەروەها بێبەشبوونی بەشێکی زۆر لە کرێکاران لە بیمە کۆمەڵایەتییەکان و بیمەی بێکاری، جێگیر مانەوەی مووچەی خانەنشینان سەرەڕای هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوی کۆماری ئیسلامی، داڕمانی ڕێکخراوی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەی نافەرمی کە سەرچاوەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەڕادەیەکی زۆر بە فیڕۆ داوە، دەرهاویستنی زۆربەی هەرەزۆری کرێکاران لە بازنەی “یاسای کار”ی کۆماری ئیسلامی، یاسایەکی کە لەسەر بنەمای پێوەرەکانی چەوساندنەوەی بێبەزەییانە و فیقهی ئیسلامی داڕێژراوە، پشتگوێخستنی ویست و داواکاری مامۆستایانی زەحمەتکێش و ڕاگرتنیان لە هەژارییەکی موتڵەق دا، کە دووکەڵەکەی ڕاستەوخۆ دەچێتە چاوی خوێندکارانەوە، دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستی فەرمی چەند هێندە لەخوار هێڵی هەژارییەوە، بێ بایەخ بوونی گیانی کرێکاران بەهۆی ڕەچاونەکردنی ستانداردەکانی سڵامەتی و پاراستنی کار و هەروەها بەرزبوونەوەی ئاماری ڕووداوەکانی شوێنی کار، بە کاڵاکردنی بێهداشت و دەرمان، شوێنی نیشتەجێبوون، پەروەردە و تەندروستی، هاوکات لەگەڵ دەرچوونی دەوڵەت لەژێر باری هەموو بەرپرسیارێتییەکانی بەرامبەر بە کرێکاران، هەڵوەشاندنەوە یان کەمکردنەوەی پاڵپشتییە دارایی، یاسایی و خۆش بژێوی و سەرەنجام، دابەزینی ئاستی حەقدەست و بژێوی چینی کرێکار، هەڵاواردنی بەرچاو لە دامەزراندنی ژنانی کرێکار و بێبەشکردنی جەماوەری ژنان لە هەر چەشنە پشتگیری و دەستەبەرێکی کۆمەڵایەتی، تووندتر کردنەوەی چەوساندنەوەی کۆچبەرانی ناوخۆ کە زۆربەیان کرێکارانی ناوچەکانی سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێرانن، بێ ماف بوونی بەتەواوەتی، پەنابەرانی ئەفغانستان کە وەک هێزێکی کاری هەرزان و بێبەش لە هەر چەشنە بیمە و دەستەبەرێکی کۆمەڵایەتی و ماف و مەزایا فەرمیەکانی دامەزراندن، دەچەوسێنرێنەوە، کەڵکوەرگرتنی خراپ لە کاری منداڵان و گرینگی نەدان بە بارودۆخی ژیانی لەشکری منداڵانی کار و هتد.
دەسەڵاتی ئیسلامی بە سەرکوتی توندوتیژی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان، ڕێکخراوە سنفییەکانی مامۆستایان و خانەنشینان و هەروەها زەوتکردنی مافی خۆڕێکخستن لێیان، ئیمکانی بەڕێوەبردنی ناڕەزایەتی ڕێکخراو و ڕەوای ئەوان لەناو دەبات. هەرئێستا ژمارەیەک لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری بە هۆی ئەم خەبات و ناڕەزایەتیانەوە لە زینداندان، یان بە دانانی بارمتەی قورس لە دەرەوەی زیندان بەسەر دەبەن. هەر بۆیە ئەو نوێنەرانەی کە لە لایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکانی سەر بە حکوومەتی ئیسلامییەوە نێردراون، نەک هەر بۆیان نییە و ناتوانن کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاری ئێران بکەن، بەڵکوو ئەوان وتەبێژانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانن. ئێمە خوازیاری جێبەجێکردنی تەواوەتی ڕێککەوتننامەکانی ڕێکخراوی جیهانی کار، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ مافی ئازادی ڕێکخراوبوون و مانگرتن و گرێبەستی دەستەجەمعین.

ئێمە خوازیاری کۆتایی هاتن بە ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافە ئینسانییەکانی کرێکاران و هەڵسووڕاوانی سنفی دەستبەسەرکراو و سەرجەم زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی و هەروەها ئازادکردنی خێرا و دەستبەجێیانین. پێویستە کۆتایی بهێنرێت بەو ئێعدامانەی کە ئەمساڵ ڕێژەیەکی بێ وێنەی تۆمارکرد و زۆربەی قوربانییەکانیش ئەوانەن کە بەهۆی سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕژیمی دەسەڵاتدارەوە پەراوێز خراون و یان سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران لەوانە کورد و بەلوچن. دەبێ کوشتار و ئەزیەت و ئازاری کۆڵبەران لە کوردستان و سوختبەران لە بەلوچستان کە بە هۆی بێکارییەوە گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بەمەبەستی دابینکردنی ژیانێکی مەمرەومەژی، کۆتایی پێ بێت و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی جیهانی کار دەربکرێن.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، دڕکێ چاوی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا

ی ژوئن 9 , 2024
جینایەتەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکرات هەروا بەردەوامە. ڕۆژی هەینی ١٨ی جۆزەردان، بەرپرسانی خۆجێیی کوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) ڕایانگەیاند، هێزی ئاسمانی تورکیا جارێکی دیکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەرتەشی تورکیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ بەدواوە بە کەڵک وەرگرتن […]

You May Like