ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٢، کەمئەندامانی سەرتاسەری ئێران لە وڵامی بانگەوازێکی پێشووتردا، لە تاران لە بەردەم ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. ئەوان بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی یاسای پاراستنی مافی کەمئەندامان، گەلێک ناڕازین. بەگوێرەی مادەی ٢٧ی ئەم یاسایە، ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی دەبێ مووچەی ئەو کەسانەی کە ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان زۆرە، بەپێی ئەو لانیکەمی حەقدەستەی کە شۆڕای باڵای کار دیاریی دەکات، بدات. بەڵام مووچەی مانگانەی ئەم کەمئەندامانە ساڵەهایە تەنیا ٥٣٠ هەزار تمەنە. کەمئەندامان لە درێژەی خەبات و ناڕەزایەتی مانگێک لەمەوبەری خۆیاندا، لە تاران دەستیاندایە کۆبوونەوەیەکی دەستەجەمعی و سەرتاسەریی.
لەو گردبوونەوەیەدا، موخبر، جێگری پێشووی سەرۆککۆمار و ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیزام، هاتەناو خۆپیشاندەران و بەڵێنی پێدان کە بە زووترین کات کێشەی کەمئەندامان و بەتایبەتی ئەو کەمئەندامانەی مادەی ٢٧ دەیانگرێتەوە، چارەسەر بکات. مانگێک بەسەر ئەو بەڵێنییە بێبنەمایەدا تێپەڕیوە بەڵام کەمئەندامان تا ئێستاش هەر ئەو بڕە مووچە کەمەی جاران وەردەگرن. بڕیارە سبەی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار کاتژمێر ١٠، کەمئەندامانی پارێزگای خوزستان لەپێناو خواستی جێبەجێکردنی مادەی ٢٧، لەبەردەم ئوستانداری کۆببنەوە. کەمئەندامان بەبێ لەبەرچاوگرتنی هۆکار و کوالێتی و ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان، خاوەنی هەمان مافی بنەڕەتین کە هاووڵاتیانی دیکە هەیانە.
مافی بەهرەمەندبوون لە خوێندن، تەندروستی، نیشتەجێبوون، کار، ئیمکاناتی کات بەسەربردن، وەرزش و هەروەها مافە مەدەنی و سیاسییەکان، لە زومرەی مافە سروشتیەکانیانە. ئەمانە مافێکن کە لە ئاکامی خەباتی چەندین ساڵەی سەدان ملیۆن کەمئەندام و پشتیوانانی ئەوان لە جیهاندا، لە مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکاندا گونجاون. کەمئەندامان لە ئێران کێشە و گرفتی زۆریان هەیە، لەوانە: کێشەی هەژاری لەڕادەبەدەر، هاتووچۆ لە ناو شار و دەرەوەی شار بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی تایبەت بۆ کەمئەندامان لە ڕێگا و شەقام و شوێنە گشتیەکان، کێشەی کار، بەهۆی نەبوونی یاسایەکی کە پشتگیرییان بکات، هەڵسوکەوتی نەشیاوی خاوەنکار و دەسەڵات و تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بەهۆی نەبوونی فەرهەنگسازی، لەبەرچاو نەگرتنی بەهرەی کەمئەندامان، کە بەهۆیەوە بتوانن ژیانیان سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە و هەست بە کەمیی یان سەرباری ئەم و ئەو نەکەن، کێشەی ئابووری بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو و هەندێکجاریش هەزینەی قورسی تایبەت بە بارودۆخی ژیان، کێشەی خوێندن لەوانە نەبوونی ئیمکانات لە قوتابخانە و زانکۆکان و کێشەی هاوسەرگیری و هتد.
لە وڵاتێکی وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کە جگە لە تاقمێک دەسەڵاتدار و یان شەریکە دەسەڵات و خاوەنانی گەندەڵی سەرمایە زەبەلاحەکان، باقی هاووڵاتیان ناچارن لەپێناو دەستەبەرکردنی هەرکام لە ویست و داواکارییەکانیاندا، بەسەختی شەڕ بکەن و هەزینەی قورس بدەن، ئیتر کەمئەندام دەتوانێت چ مافێکی هەبێت؟ کەمئەندامانی بەهۆی کاری نائەمن و مەترسیدار، شەڕ، ئەشکەنجەی زیندان، ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ڕێگاوبانە ناستانداردەکان، خزمەتگوزاری پزیشکی چینایەتی و بەڕادەیەکی زۆر کەم، بە تاوان لەقەڵەمدانی لەباربردنی کۆرپەلە، نەخۆشییە خێزانییەکان و هاوشێوەکانی، چۆن ژیان بەسەردەبەن؟ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، ئاماری ڕاستەقینەی ژمارەی کەمئەندامان هەرگیز بڵاو نەکراوەتەوە. ئامارە فەرمییەکان تەنیا ژمارەی ئەو کەمئەندامانە لەخۆ دەگرێت کە لەژێر چاوەدێری ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیدان، کە نزیکەی یەک لەسەر دەی ئامارە ڕاستەقینەکانە. ئاماری ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەریدەخات کە لە نێوان ١١ بۆ ١٢ لەسەدی دانیشتووانی ئێران کەمئەندامن و لەوانەش ٤ بۆ ٥ میلیۆن کەسیان ڕێژەی کەمئەندامییەکەیان زۆرە و ساڵانەش زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس بە ژمارەی کەمئەندامان زیاد دەبێت. لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ و کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێراندا لە ژێر ناوی “منیش بەقەد ئێوە مرۆڤم” هاتووە: زۆرێک لە کەمئەندامانی ئێرانی هێشتا لە ماڵەکانیاندا گرفتارن و توانایی ژیانێکی سەربەخۆ و وەک هەر هاووڵاتییەکی تر بەشداریکردنیان لە کاروباری کۆمەڵگادا نییە. بێتوانایی یان کەمتوانایی لە هەندێک چالاکیی جەستەیی و زێهنی دا، بە مانای بێتوانایی و کەمتواناییەکی تەواو و موتڵەق نییە و لەوانەیە بەشێک یان چەند بەشێک لە جەستە یان زێهنی کەسێک توانایی تەواو و پێویستی نەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە بەشەکانی دیکەی جەستەی، خاوەنی تواناییەکی زیاتر لە ڕادەی ئاسایی بێت.
کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی ئێران کە تیایدا کەمئەندامان تەنانەت لە لانیکەمی ئەو ئیمکاناتەش بێبەشن کە لە کۆمەڵگای ئێراندا بوونی هەیە. هەژاری و بێکاری، نەبوونی خزمەتگوزاریی دەوڵەتی بۆ کەمئەندامان، چل ساڵ داگیرکاری نیزامی و تەقینەوەی مین و تەقەکردن لە کۆڵبەران و هتد، بەشێک لە خەڵکی تووشی کێشەی دەروونی و جەستەیی کردووە. ڕژیمی ئیسلامی نە لە کوردستان و نە لە سەرتاسەری ئێران ئامادە نییە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە کەمئەندامانی ئەم کۆمەڵگایە لە ئەستۆ بگرێت. بە بڕێکی کەم لەو هەزینە زۆر و زەوەندەی کە بۆ میلیتاریزم و سەرکوتکردنی خەڵک و تیرۆر و دەستێوەردانی کۆنەپەرستانە لە دەرەوەی سنوورەکان خەرج دەکرێت، دەتوانرێت ژیانێکی ئینسانی و شایستە بۆ کەمئەندامان دابین بکرێت، پرسێکی کە دەبێ یەکێک بێت لە ئەولەویەتەکانی ئەو حکوومەتەی کە لەئاکامی ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیدا دێتە سەرکار.