نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی
کوردەکان بە دڵخۆشییەوە پێشوازییان لە کوردستانی سوور کرد، بەڵام کۆچی دوایی لێنین و هاتنە سەرکاری ستالین کۆتایی بە کوردستان هێنا. دامەزراندنی کوردستانی سوور، لێکەوتەکانی و کارەساتێک کە ستالین کۆتایی پێهێنا و کوردەکانی پەرتەوازە کرد.
کوردستانی سوور یەکەیەکی کارگێڕی کوردی بوو ،بەبڕیاری فەرمی کۆمیتەی (١) ڕێکخستنی پارتی کۆمۆنیستی ڕووسیا لە ڕێکەوتی ٧-٧-١٩٢٣ بە ڕێژەی ٧٠٪ دەنگی بەڵێ لە کۆنگرەی نوێنەری ١٥ کۆمارەکەی یەکێتی سۆڤێت دامەزرا، ڕووبەری کۆمارەکە ٧٥٠٠ کم دووجا بوو و لەم هەرێمانە پێكهاتبوو (کیلبەجار، قەرەباخ، جاجیک، قوباتلی، زەنگیلان، پیتچەناس، ئاگابادیر، لاچین، دەیجولان،دیلیجان،کەراکیش، قوباتی.)
لە ساڵی ١٩٢٣دا لێنین و حوکمەتی شۆڕەوی لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا فەرمانی دامەزرانی کوردستانی سووری بە پایتەختی لاچین و لەتەنیشت قەرەباغ لەنێوان هێڵەکانی سنووریی ئازەربایجان و ئەرمەنستان دەرکرد. خۆی دەبینیەوە لە دامەزراندنی ناوچەیەکی سەربەخۆ لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتی پێشودا، زمانی سەرەکی کوردی زاراوەی کرمانجی بوو، پایتەختەکەشی شاری لاچین بووە، بۆ ماوەی شەش ساڵ بوونی هەبووە و شارۆچکەکانی کەلبەجار و لاچین و قوبادلی و بەشێک لە جەبرایلی لەخۆ گرتبوو.
كوردەكان بە دڵخۆشی و سەماكردنەوە پێشوازییان لەدامەزراندنی كوردستانی سور كرد، بەڵام لە دوای كۆچی دوای لینین و هاتنەسەركاری ستالین، فەرمانڕەوا توركەكان تەماحی نەوتییان خستە بەردەم ستالین، بۆیە ستالین وردە وردە بۆی داشكاندن، تا ئەو كاتەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران هەڵگیرسا، بۆیە ئەتاتورك خۆی هاویشتە باوەشی ستالین و داواشی لێكرد كوردستانی سور لەناوبەرێت، چونكە كوردەكانی توركیا بەپشت ئەستوری كوردستانی سور شەڕێكی بێهودەیان دژ بەتوركەكان دەستپێكردووە و ئامانجیشیان سەربەخۆیی كوردستانە.
ستالین بەدەم داواكەیانەوە هات، بەڵام بە چەند مەرجێك، كە لە دەوری بیرۆكەی سۆسیالستدا دەخولانەوە، ئەوكات ستالین لە كوردەكان توڕە بوو، لە پاساوێك دەگەڕا بۆ لەناوبردنی كۆمارەكەیان، یەكێتی سۆڤیەت لە دامركاندنەوەی ئاگری شۆڕشی ئاگریداغ بەشدار بوو، كە بە ڕابەرایەتی نورەدین پاشا هەڵگیرسا، لە ساڵی ١٩٣٠ بە پەیماننامەی سێقۆڵی نێوان یەكێتی سۆڤیەت و ئێران و توركیا لەناویان برد.
لە هەمان كاتیشدا توركەكان هاوپەیمانی نازییەكان بوون، بۆیە هێشتا ڕوون نییە بۆچی ستالین لە كوردەكان توڕە بوو و بە زۆرەملێ و لە زستانێكی سارددا، كۆچی پێكردن، ساڵی ١٩٤٤ بە بڕیاری ستالین هەرچی کوردی ئەرمینیا و جۆرجیا هەبوو بەزەبری هێز ڕاگوێزران بۆ کازاخستان و ئۆزبەکستان، تەواوی پرۆسەی ڕاگواستنەکە بە فارگۆن و شەمەندەنەفەری داخراو بەڕێوە ئەچوو، زۆرێک لە خەڵک لەناو شەمەنەفەری گواستنەوەی ئاژەڵابوون، لەو کاتەیا بەشێکی زۆری مناڵی بچوک و پیرەکان مردن، هەر لە وێستگەکانی شەمەندەفەردا بە بەفر دایان ئەپۆشین، كوردەكان دەڵێن: ئەو كۆچكردنەیان بیرناچێتەوە كە چەندەها لە ڕۆڵەكانیان لە فارگۆنی شەمەنەفەرەكاندا لێ مردن و ئێستاش نازانن گۆڕەكانیان لە كوێن تا تاجەگوڵینەیەكیان لەسەر دابنێن.
ستالین لەهەمبەر کوردەکان تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور نەوەستا چوون سیاسەتی سەرەکیی ئەو لەناوبردنی بەتەواویی کوردەکان لە سۆڤییەت بوو بۆیە جگە لە تێکدانی ناوچەکەیان سیاسەتی ڕاگواستن و بڵاوکردنەوە زۆرەملێی ئەوانیش پەیڕەو کرد کە بە سیاسەتێکی ئاسان و کەم تێچووی دادەنا، لە داخستنی خوێندنگەو ڕۆژنامە تا ڕادیۆ و پاشان ڕاگواستنی کورد لە ناوچەکانیان.
بە خوێندنەوەی بەڵگەنامەکانی ئەم دەورەیە دەتوانین بڵێین کە دامەزرانی کوردستانی سوور هەنگاوێکی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجگەلێکی فرە بووە، هێندێک پێیان وایە کە دامەزراندنی کوردستانی سوور وەک بەڕێوەبەرێتی ئاسایی بێ مافی خۆبەڕێوەبەری زۆرتر لە ئویزەدەکانی تری ئازەربایجان بە پلانی سۆڤییەت و بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی کوردەکانی تورکیا و ئێران بەرەو یەکێتی سۆڤییەت ئەنجام دراوە.
دوای هەڵوەشانەوەی کوردستانی سوور، ڕۆڵی کوردەکان لە ئازەربایجان بزر دەبێت، تەنیا لە ماوەی شەڕی جیهانی دووەم کێشەی کوردەکان بە ڕادەیەکی کەم دەبێتە مژار لە ئازەربایجان و سۆڤییەت، بە توێژینەوەی بەڵگە مێژووییەکانی ئەم سەردەمە دەتوانین ئاسیمیلەکردنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئازەربایجان بە دژی کوردەکان ببینین. لە سالی ١٩٢٩ بەبڕیاری حکومەتی ڕووسیا لەسەر داوای کۆماری تورکیا پاش لێسەندنی هەرێمی قەرەباخ لە کورد و دابەشکردنی لە نێوان ئەرمەن و ئازەریەکان ،جەنگێکی سەخت ڕوویدا کە بووە هۆی تەواو لەناوچوونی گەلی کورد لەو کۆمارەدا ،کە لەبەرایی نیو ملیۆن کورد دەژیا ،بەڵام لە کۆتاییەکانی شەستەکان لە زۆر هەرێم بەمانی کورد ڕاگەیەنرا و ڕووسیا دەستی لە جینۆسایدی نزیک ٢٠٠ هەزار کورد هەبوو بە ئاگر و ئاسن.