مەجلیسی ڕێژیم ڕۆژی ١٠ی سەرماوەز، پڕۆژەیاسای بەناو “پشتیوانی لە بنەماڵە لە ڕێگەی پەرەپێدان بە فەرهەنگی عیفاف و حیجاب”ی ناسراو بە پڕۆژە یاسای حیجاب، پەسەند کرد و ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەز بڵاوی کردەوە. ئەم یاسایە ٧٤ مادە و پێنج بڕگە لەخۆ دەگرێت و بەر لە پەسەندکردنی، چەند جار لە نێوان دامودەزگا جیاوازەکانی ڕێژیمدا دەستاودەستی پێکرا. هێزی ئینتیزامی و دەسەڵاتی دادوەری بە شێوەیەکی دڕندانە و سەرلێشێواوانە هەوڵیان دا ئەو پڕۆژەیاسایە بەر لەوەی ببێتە یاسا جێبەجێ بکەن. مادە و بڕگە دوور و درێژەکانی ئەم یاسایە، ئەرکە گشتیی و تایبەتەکانی دام و دەزگا جێبەجێکارەکان، ئەرکە گشتیی و بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها تاوان و پێشێلکارییەکانی دیاری کردووە. دام و دەزگا جۆراوجۆرەکان، لەوانە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی تەندروستی، شارەوانییەکان، وەزارەتی زانست، وەزارەتی وەرزش و دامەزراوەکانی تر، بەرپرسیارکراون لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە و کۆمەڵێک ئەرکیان بۆ دیاریکراوە. بۆ نموونە لێرەدا ئاماژە بە ئەرکی دیاریکراوی چەند دامەزراوە و وەزارەتێک لەوانە وەزارەتی ناوخۆ دەکەین. وەزارەتى ناوخۆ ئەرکدار کراوە کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەماى ناوچە و بەکارهێنانى زەوی بە لەبەرچاوگرتنى فرەچەشنی فەرهەنگی و بیروباوەڕەکان بەمەبەستی بەهێزکردنى “شێوازى ژیانى ئیسلامیی بنەماڵە” و “فەرهەنگی عیفاف و حیجاب بەگوێرەی داب و نەریتەکان ئامادە بکات”. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ڕێگاوبان بەرپرسیارە لە دیزاینکردنی بیناکان بە شێوەیەکی کە هەرێمی تایبەتی یەکەکانی نیشتەجێبوون لەچاوی نامەحرەم شاراوە بێت. هەروەها وەزارەتی پەیوەندییەکان بەرپرسیارە لە وەڕێخستنی خێرای تۆڕی زانیاری میللی. هێزی ئینتیزامیش دەبێ سیستەمی زیرەک بۆ دەستنیشانکردنی پێشێلکارانی یاسا، بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی وەک کامێرای جێگیر و مۆبایل و زیرەکی دەستکرد، بەهێز بکات. فەرماندەیی ئینتزامیی دەتوانێت کەسانێکی متمانەپێکراو بەمەرجێک کە هاوسەرگیرییان کردبێت، دوای تێپەڕاندنی خولی ڕاهێنانی پێویست و پابەندبوونی بە کردەوەیان بە ئیسلام و یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناساندنی تاوانباران بەپێی ئەم یاسایە و ڕاپۆرتی جۆری تاوانەکانیان دابمەزرێنێ و بەکاریان بهێنێت.
جەریمەی ئابووریی تا ١٦٥ ملیۆن تمەن بەشێکە لە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە، کە لە مادەی پەیوەست بە تاوانە داراییەکاندا ئاماژەی پێکراوە. هەرلەو شوێنەدا نوسراوە، “لە ئەگەری نەدانی جەریمەی دیاریکراو، هەریەکێک لە خزمەتگوزارییەکانی وەک دەرکردنی پاسپۆرت یان گۆڕینی، ژمارەدانان یان گۆڕینی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێل، ئازادکردنی ئۆتۆمبێلێکی کە بە شێوەیەکی یاسایی ڕاگیرابێت، دەرکردن یان گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری و پێدانی مۆڵەتی چوونەدەرەوە لە وڵات، ڕادەگیرێت. هەروەها هەڕەشە لە پیاوانی ناو کۆمەڵگا و خاوەن کار و کاسبییەکانیش کراوە کە ئەگەر هاوکاری لەگەڵ بەناو تاوانباران بکەن، جەریمە دەکرێن. مەجلیس بۆ جێبەجێکردنی یاسای حیجاب، تەنیا پشت بە پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری و هێزە سەرکوتگەرەکانی تر نابەستێت، بەڵکوو مەئموورانی بەناو ” ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکر”یش، لە ناسین و بەدواداچوونی بەناو تاوانباراندا ڕۆڵیان دەبێت. ئەوانە دەکرێ هاووڵاتییانی ئێرانی یان ئەو بیانیانە بن کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی یاسایییان هەیە. هەردوو گرووپ پێویستە خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە بن کە باسکراون. داوایەکی بێهوودەشیان لە هاوڵاتیان کردووە کە لە دژی خەڵک، سیخوری بۆ پۆلیس بکەن. بە وتەی قاڵیباف “یاسای حیجاب” ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەز بە دەوڵەت ڕادەگەیەندرێت. لە کاتێکدا ژنانی ئازادیخواز لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا بە کردەوە ئەم یاسایەیان بێ بایەخ کردووە و لە ئاستێکی تریشدا بە ئاشکرا لە چاپەمەنی و میدیاکانی ناوخۆدا دژایەتی لەگەڵ ئەم یاسایە دەکرێ. ئەم نموونانەی خوارەوە ئاماژەیەکن بۆ ئەو شەپۆلەی کە لەم بوارەدا کەوتووەتەڕێ:
ئازەر مەنسوری لە کەناڵی ئێکس دا نووسیویەتی، ئەم یاسایە توندکردنەوەی ڕێوشوێنێکە کە لە پراتیکدا چەندین جار شکستی هێناوە. لەبیرتانە مەهسای ئازیز بەر لە دەستگیرکردنی، چ جلوبەرگێکی لەبەردا بوو؟ شێوازی جلوبەرگی ئەو لەگەڵ جلوبەرگی ئێستای ژنانی ئێران بەراورد بکەن، ئینجا ڕەهەندەکانی ئەم شکستە زیاتر دەردەکەون. کامبیز نەوروزی یاساناس، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی “ئینتیخاب” ئەم یاسایەی “تەواو بە سیاسی” ناوبرد و دەڵێ، بڕگەکانی ئەم یاسایە بە کردەوە جێبەجێ ناکرێن، چونکە زۆر بە پێچەوانەی هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمەیە. ناوبراو هەروەها وتی، ئەگەر تەنانەت ڕێژەیەکی زۆر کەمیشی جێبەجێ بکرێت، ئەگەری هەیە سەرهەڵدانی قەیرانی کۆمەڵایەتی توندی لێبکەوێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە کە “ئەو یاسایە، لەسەر بنەمای بۆچوونی گرووپێکی بچووکی سیاسیی داڕێژراوە، هەربۆیە مەحکوومە بە شکست. عەلی موجتەهدزادە، پارێزەری دادگوستەری لە کەناڵی ئێکس دا نووسی، “وەک یاساناسێک، دوای خوێندنەوەی یاسای حیجاب و عیفاف، تەنیا دەتوانم لە بەرامبەر هاووڵاتیانی شەریف و ستەملێکراوی خۆمدا، شەرمەزاریی دەرببڕم”. یاسای حیجاب، نیشانەی سەرلێشێواوی و شپرزەیی بەرپرسانی باڵای ڕژیمە. بەڵام ئەم سەرلێشێواویی و شپرزەییە، نابێتە هۆی ئەوەی کە ئامرازەکانی سەرکوتکردن لەبیر بکرێن. چونکە لە واقیعدا ئەم یاسایە بەمەبەستی بەهێزکردنی دام و دەزگا سەرکوتگەرەکان، لە دۆخێکدا بڵاوکراوەتەوە کە ترسی بەردەوامیی بەهێزتری ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی” خەوی لە چاوی بەرپرسان و هێزە لایەنگرەکانی کۆماری ئیسلامی زڕاندووە. کرێکاران، ژنان و سەرجەم ئازادیخوازان، ئەو ترسەی دەسەڵاتدارن و لایەنگرەکانی، دەکەن بە واقیعییەت.