سەپاندنی سزای زیندانیکردن و لەسێدارەدان بۆ دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا

پژمان سوڵتانی، ڕزگار بەگزادە بابامیری و عەلی قاسمی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان بە لە سێدارەدان و زیندانی درێژماوە سزایان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، پژمان سوڵتانی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست» لەلایەن لقی یەکی دادگای تایبەتی لاوانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. هەروەها ڕزگاە بەگزادە بابامیری و عەلی قاسمی ناسراو بە سۆران، بە تۆمەتی «بەشداری لە کوشتندا» بە ڕیز بە ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری سزایان بەسەردا سەپێندرا.

لەم بەڵگەیەدا، کاوە ساڵحی، تۆمەتبارێکی دیکەیە، کە لە تۆمەتەکانی دژی بێتاوان دەرچوو.

دادگا بۆ تۆمەتەکانی ئەم چوار زیندانییە سیاسییە لە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، لە لقی یەکی دادگای تایبەتی لاوانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو و سزا کۆتاییەکان لە ٢٦ی بەفرانبار لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بە ئەم هاوڵاتییانە ڕاگەیەندراوە.

سەرەڕای ئەمەش، بەڵگەی نوێ بە تۆمەتی «موحارەبە، بەغی، ناردنی دەرمان و قاچاغی ئستارلینک» بۆ ئەم چوار زیندانییە سیاسییە و جەوانمەرد مام خوسرەوی لە دادگای شۆڕشی شاری ورمێ دروست کراوە.

لە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، عەلی قاسمی ناسراو بە سۆران تەمەن ٢٨ ساڵ، پژمان سوڵتانی تەمەن ٣٢ ساڵ، کاوە ساڵحی تەمەن ٤٢ ساڵ، بەبێ بڕیاری دادوەر و بە شێوەی نایاسایی لە ماڵی تایبەتی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. پاش دەستبەسەر کران، ئەم هاوڵاتییانە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گواسترانەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ڕزگای بەگزادە بابامیری، لە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان بەهۆی هاوکاری کردنی بریندارانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١، دەستبەسەرکراوە. ڕزگار بەگزادە بابامیری، هاوڵاتی خەڵکی شاری بۆکانە و پێش دەستبەسەرکرانی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بووە.

هەروەها لە ٦ی گوڵانی ١٤٠٢، جەوانمەرد مام خوسرەوی، لە شاری بانە و بەبێ بڕیاری دادوەر بە هەمان شێوە دەستبەسەرکراوە.

هەر یەکێک لەم هاوڵاتییانە بۆ چەندین مانگ لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان و شاری ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە دراون و لە ماوەی دەستبەسەر کردنیاندا لە هەبوونی پارێزەر و بینینی بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کرماشان؛ دەستبەسەرکرانی سەروەت سوهرابی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

س فوریه 11 , 2025
سەروەت سوهرابی، چالاکی فەرهەنگی لە هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری کرماشان دەستبەسەر کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سەروەت سوهرابی، چالاکی فەرهەنگی تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی شاری جوانڕۆ و دانیشتووی شاری کرماشان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە لە بەرامبەر دووکانی هاوسەرەکەی دەستبەسەرکراوە و […]

You May Like