وتەیەک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی منداڵانی کچ

١١ی ئۆکتۆبەر ڕۆژێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژی جیهانی منداڵانی کچ ناوزەدی کردووە. مەبەست لەم ڕۆژە تیشک خستنەسەر نایەکسانی جێندەری و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاترە بۆ کچانی خوار ١٨ ساڵ تەمەن لە سەرانسەری جیهان. ڕۆژی جیهانی منداڵانی کچ وەبیرهێنەرەوەی پێویستی بینین و بیستنی دۆخی کچانی خوار ١٨ ساڵە کە بە شێوەیەکی پێکهاتەیی ڕووبەڕووی هەڵاواردن دەبنەوە. مەبەست لەم ڕۆژە بریتییە لە بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری گشتیی سەبارەت بە نایەکسانی جێندەری و ناچارکردنی حکوومەتەکان به گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر، ڕێگە خۆشکردن بۆ زیاترکردنی دەرفەتی یەکسان لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، ماف، ئەمنییەت و بەشداری کۆمەڵایەتی. بەڵام کەلێنی نێوان ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و واقیعی ژیانی ملیۆنان کچ، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە یاسا و کولتوور و پێکهاتەکانی دەسەڵات هاوکات، لە دژیان ڕیزیان بەستووە، زۆر قووڵە. ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیسێف، وێنەیەکی تاڵ لە دۆخی کچان لە سەرانسەری جیهان دەخەنەڕوو. بەگوێرەی داتا نێودەوڵەتییەکان تا ئێستاش دەیان ملیۆن کچ لە خوێندنی سەرەتایی بێبەشن. لە زۆرێک لە وڵاتەکان، لە هیندستانەوە بگرە تا کۆمەڵگا بێبەشەکان، کچبوون واتە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دوو تێچووی گەورەی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
کچانی تەمەن پێنج بۆ چواردە ساڵ لە جیهاندا، سەدان ملیۆن کاتژمێر زیاتر لە هاوتەمەنە کوڕەکانی خۆیان لە ناوماڵەکاندا کار دەکەن، کارێکی نادیاری کە پەروەردە و تەندروستیان دەکاتە قوربانی. بەپێی خەمڵاندنەکان ٢٠٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنەکراون و ساڵانە سێ ملیۆن کچ لەژێر هەڕەشەی ئەم مەترسییەدان. ساڵانە ١٢ ملیۆن کچی کەم تەمەن بەناچاری هاوسەرگیری دەکەن و هەر ئێستا لە هەر پێنج ژن لە جیهاندا، ژنێک پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیری دەکات، نوێترین توێژینەوەی یونیسێف دەریدەخات کە لە هەر هەشت کچ لە جیهاندا یەکێکیان بەر لە تەمەنی ١٨ ساڵی، تووشی توندترین جۆری توندوتیژی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە. لە ناوچە شەڕ لێدراو و قەیراناوییەکانی وەک غەززە، ئۆکراین، یەمەن، لوبنان و هتد… کچان تەنانەت لەگەڵ ئاستێکی زۆر زیاتر لە توندوتیژی، بێ ماڵ و حاڵی، بێ سەرپەرشتبوون، دابڕان لە قوتابخانە و نائەمنی درێژخایەن بەرەوڕوو دەبنەوە.
ڕۆژی جیهانی منداڵانی کچ لە ئێران بە لێکدانەوەیەکی زۆر جیاواز و تەنانەت دژ بە ئامانجە نێودەوڵەتییەکانیش بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕۆژە لە ساڵی ١٣٨٦ەوە لە ساڵنامەی ئێراندا جێگیر بووە، بەڵام نەک لە ١١ی ئۆکتۆبردا، بەڵکوو هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لەدایکبوونی فاتیمەی زەهرا. ئەم هەڵبژاردن و پێناسە تایبەتە لە وشەی “کچ” کە بە پێچەوانەی پێناسەی نەتەوەیەکگرتووەکان، تەمەنێکی دیاریکراو ناگرێتەوە و تەنیا جەخت لەسەر کچێنی ژن دەکاتەوە. بەرنامەکانی ڕۆژی کچان لە ئێران، لەسەر ” غیفاف و پاکڕەوشتی کچان” جەخت دەکەنەوە، نەک لەسەر وشیاریی ئەوان سەبارەت بە هەڵاواردنی ڕەگەزیی یان پشتیوانی لەو دەرفەتانەی کە دەتوانێت یارمەتیان بدات بگەن بە سەربەخۆبوون. تەبلیغات بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە، داب و نەریتی “هاوسەرگیری” و ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنی”ئیمامە شیعەکان”، بەشێکن لە پێکهاتەی سیستەمی پەروەردەی ئێران بۆ کچان. کچان لە ئێران ڕووبەڕووی هەڵاواردنێکی قووڵی پێکهاتەیی دەبنەوە. پشکی کچ لە میرات نیوەی کوڕە. لە ناوچە بێبەشەکاندا ساڵانە هەزاران خوێندکاری کچ بە هۆکاری جۆراوجۆر واز لە خوێندن دێنن.
یەکێک لە ئاستەنگە جیددییەکانی بەردەم کچان لە ئێران، بریتییە لە هاوسەرگیری پێشوەختە. لە ڕژێمی ئیسلامیدا هاوسەرگیری کچانی تەمەن ٩ ساڵ یاساییە و سەرەڕای بوونی یاسای جۆراوجۆر، دایک و باوک دەتوانن کچانی تەمەن ٩ ساڵ بە شوو بدەن. زۆرێک لەو هاوسەرگیریانە بەتایبەت هاوسەرگیری کچانی بنەماڵە هەژار و کەم داهاتەکان و کچانی پەنابەری ئەفغانستانی لە ئێران، هیچکات و لە هیچ شوێنێک تۆمار ناکرێت. بەپێی ناوەندی زانیاریی ڕێکخراوی تۆماری مەدەنی، ساڵانە نزیکەی ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ کۆرپە لە دایکانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ لە ئێران لەدایک دەبن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە لە زۆرێک لە وڵاتەکانی جیهان بە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و کردەوەیەکی تاوانکارانە دادەنرێت، بەڵام لەکۆماری ئیسلامیدا، بابەتێکی یاسایی و باوە. کچانی بنەماڵە هەژارەکان، کچانی دابڕاو لە خوێندن و کچانی کەم تەمەنی کار و سەر شەقامەکان، لەگەڵ هەموو جۆرە دژوارییەکی جەستەیی و دەروونی بەرەوڕوو دەبنەوە. بوونی یاسای ئیسلامیی کۆنەپەرست و دژە ژن و کولتووری پیاوسالاریی زاڵە بەسەر کۆمەڵگادا، کێشەکانی ئەم کچانەی گەلێک ئاڵۆزتر کردووە و ئەوانی لەگەڵ مەترسی باندەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان بەرەوڕوو کردووەتەوە.
ئەو کچە کەم تەمەنە بەشوو دراوانە کاتێک دەبنە دایک، ڕووبەڕووی کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە. زۆربەیان بەهۆی دووگیانی و منداڵبوون لە تەمەنێکی کەمدا، بۆ هەمیشە تووشی کێشەی توندی جەستەیی دەبن. ئەم کچانە نەک هەر لە سەردەمی منداڵیی بێبەش دەبن، بەڵکوو لە خوێندن و تەندروستی و دەرفەتی گەشەکردن و بەرەوپێشچوونیش بێبەش بوون.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە کە بە واژۆکردنی “ئەجێندای ٢٠٣٠”، هەوڵ بدەن تا ساڵی ٢٠٣٠ زایینی، بگەن بە یەکسانی جێندەریی تەواو. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی لە واژۆکردنی ئەم بەڵگەنامەیە بواردووە، چونکه بە پێچەوانەی یاسای ئیسلامییە.
ئەو ستەمە بنەڕەتییەی کە بەسەر منداڵانی کچدا دەسەپێندرێت، بەشێکە لە چەوساندنەوەی چینایەتی لە کۆمەڵگاکاندا و پێویستە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆتر وەک بەشێک لە چەوساندنەوەی ژنان پۆلێن بکرێت. نەهێشتنی بەشێک لەو ستەم و مەینەتیانە و بەدیهێنانی بەشێک لە مافەکانی ژنان، بە خەباتی یەکگرتووانەی سەرجەم مرۆڤە شەریف و ئازادیخوازەکان مومکینە. ڕۆژی جیهانی کچ دەرفەتێکە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو ئاستەنگ و ئاڵەنگارییە قووڵانەی کە منداڵانی کچ لە ئێران لەگەڵی بەرەوڕوو دەبنەوە و سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵاواردنی یاسایی، کولتووری پیاوسالاری و هەژاریی. تا کاتێک ئەو پێکهاتانە نەگۆڕدرێن و کچان وەک مرۆڤی خاوەن مافی یەکسان نەناسرێن، ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەرەوەی ئەو ئازار و مەینەتیانەیە کە ملیۆنان کچ لە ئێران ڕۆژانە بەدەستییەوە دەناڵێنن. لە وڵاتێکدا کە یاسا و سیاسەتی گشتی پشت بە کۆنترۆڵ و هەڵاواردن دەبەستێت، “ڕۆژی کچان” ناتوانێت ڕۆژی خۆشی و هیوا بێت. بەڵام مێژووش ئەوە نیشان دەدات کە خۆڕاگریی مەدەنی و بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری، هاوپشتی کۆمەڵایەتی و بەدواداچوونی شێلگیرانە، دەتوانێت ئەم دۆخە بگۆڕێت. بەهێزکردنی کچان نەک هەر مافی ئەوان، بەڵکوو مەرجێکە بۆ پێشکەوتن و تەندروستی هەر کۆمەڵگایەک. هەر هەنگاوێک کە پاشەکشە بە هەڵاواردن دەکات، لە قوتابخانەی ئەمنەوە بگرە تا یاسای دادپەروەرانە، سەرمایەیە بۆ داهاتوویەکی ئینسانی تر.