سنە؛ بەردەوامی دەستبەسەرکرانی ئیحسان سەبووری، لاوی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی کامێران

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئیحسان سەبووری، لاوی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی «گازرخانی» لە شاری کامێران، هێشتا دەستبەسەرە. نەبوونی زانیاری لە چارەنووسی ئەم لاوە بنەماڵەکەی نیگەران کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئیحسان سەبووری، لاوی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی گوندی «گازرخانی» لە شاری کامێران، هێشتا لە کانوونی چاکسازی و پەروەردەی سنە دەستبەسەرە. سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، ناوەندەکانی دادوەری و ئەمنی لەبارەی دۆسیەی ئەم لاوەی تەمەن ١٧ ساڵ وەڵامی بنەماڵەکەی نادەنەوە. نەبوەنی زانیاری لە چارەنووسی ئەم لاوە بنەماڵەی ناوبراوی نیگەران کردووە.

ئیحسان سەبووری، لەگەڵ پێنج لاوی دیکە بە ناوەکانی ئەوراز زەمانی تەمەن ١٧ ساڵ، بێهروز ڕەشیدی تەمەن ١٧ ساڵ، سۆران موزەفەری تەمەن ١٧ ساڵ، پەیام حسێنی تەمەن ١٧ ساڵ و کاوان سەبووری تەمەن ١٧ ساڵ، هەموویان خەڵکی شاری کامێران، مانگێک پێشتر لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی ئەمنی شەهرامفەری سنە گواسترابوونەوە.

لەم نێوانەدا کاوان سەبووری، پاش ٢٠ ڕۆژ دەستبەسەرکران بە کەفالەتی ٥٠٠ ملیۆن تمەن بە کاتی تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە زیندان ئازادکراوە. هێشتا چارەنووسی نادیارە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ خەرمانانی ١٤٠٤، کاوان سەبووری تەمەن ١٧ ساڵ، ئەوراز زەمانی تەمەن ١٧ ساڵ، بێهروز ڕەشیدی تەمەن ١٧ ساڵ، سۆران موزەفەری و پەیام حسێنی تەمەن ١٧ ساڵ، پێنج لاوی دەستبەسەرکراوی شاری کامێران بۆ لێپرسینەوەیان، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بۆ گرتووخانەی ئەمنی شەهرامفەری سنە گواسترانەوە. ئیحسان سەبووری، لاوێکی دیکەی تەمەن ١٧ ساڵ بۆ کانوونی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواسترانەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزەکانی ڕژیم لەبارەی دۆخی ئەم لاوانە وەڵامی بنەماڵەکانیان نادەنەوە. نەبوونی زانیاری لە دۆخی ئەم شەش لاوە بنەماڵەکانیانی نیگەران کردووە. ڕۆژی دووشەممە حەڤدەی خەرمانانی ١٤٠٤، سۆران موزەفەری خەڵکی شاری کامێران و ئەوراز زەمانی و بێهروز ڕەشیدی هەردوو تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی «پاڵنگان» لە شاری کامێران لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە سۆران موزەفەری نەخۆشی شەکرەی هەبووە و بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن، پێویستی بە چارەسەری پزیشکی دەرزی ئەنسۆلین هەیە. ڕۆژی پێنجشەممە بیستی خەرمانانی ١٤٠٤، پەیام حسێنی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی گوندی «لۆن سادات» و دانیشتووی شاری کامێران لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. سەرلەبەیانی هەینی ٢١ خەرمانانی ١٤٠٤، کاوان سەبووری تەمەن ١٧ ساڵ و ئیحسان سەبووری تەمەن ١٧ ساڵ هەردوو خەڵکی گوندی «گازرخانی» لە شاری کامێران لەلایەن هێزەکانی ڕژیم دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

شایانی باسە کە هێزەکانی ڕژیم بەبێ بڕیاری دادوەر هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم شەش لاوە و بە توندوتیژی دەستبەسەرکران.

تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییانە نادیارە.

کۆڵبەرنیوز

بابەتی پەیوەندیدار