وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قەدەغەکردنی کاری منداڵان

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ژوئێن بەرامبەر بە ٢٢ی جۆزەردان، ڕۆژی جیهانی قەدەغەکردنی کاری منداڵانە. ئەم ڕۆژە ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کارەوە ناسێندرا. هیچ کات ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی کار لە جیهان، لەبەردەستدا نەبووە. چونکە زۆربەی دەوڵەتەکان بە تایبەت لە وڵاتە دواکەوتووەکانی سەرمایەداری، ئامادە نین ئاماری واقیعی لەم بوارەدا بڵاو بکەنەوە. بەپێی ئامارەکانی یونیسێف، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠١٢دا نزیکەی ٢١٥ ملیۆن منداڵی تەمەن پێنج بۆ ١٧ ساڵ، بە حەقدەست یان بەبێ حەقدەست، بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ کاتژمێر لە هەفتەدا کاریان پێکرابوو. لە ئێران ئامارەکانی حکوومەت باس لە نزیکەی ٣ میلیۆن منداڵی کار دەکەن. بەڵام ئامارە نافەرمییەکان ئەم ژمارەیە بە ٧ ملیۆن منداڵ مەزەندە دەکەن. هەرچەند ئەم ئامارانە ناتوانن ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە مەزنە مرۆڤایەتییە بە تەواوی نیشان بدەن، بەڵام واقیعییەت ئەوەیە کە تەنانەت بچووکترینی ئەم ژمارانەش، شەرمەزارییەکی ترە بۆ نیزامی سەرمایەداری و برینێکی پڕ ئازارە لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی. هەر چەشنە کارێکی پیشەیی، زیانبارە بۆ منداڵان، بەڵام هەندێکیان هاوکات مەترسیداریشن. لەو ٢١٥ ملیۆن منداڵی کارەی کە لە ئامارە نادروستەکانی یونیسێف دا هاتووە، ١١٥ ملیۆنیان خەریکی کاری مەترسیدارن. بوارەکانی کاری پیشەیی بۆ منداڵان، هێندەی بوارەکانی کاری بەتەمەنەکان بەربڵاوە و لە کاری ناوماڵ و کێڵگەوە بگرە تا کارکردن لە پیشەسازی و ناوەندەکانی بازرگانی و کانەکان و کاری خزمەتگوزاری، دەگرێتەوە. لە هەموو ئەو بوارانەدا منداڵان وەک کۆیلە بەکاردەهێنرێن. مەترسیدارترین حاڵەتەکان بریتین له بەکارهێنانی منداڵان لە کاری نیزامی، تاوان یان گەشتیاری سێکسی. نوێترین کارە پیشەیی و چەوسێنەرەکان، لە بەشی پیشەسازییە دیجیتاڵییەکان، یارییە کۆمپیوتەریەکان، فیلمی پۆرن و هەندێک لە بەرهەمە سینەماییەکاندا ئەنجامدەدرێت. ورد و درشتی خاوەن سەرمایەکان،

لە دوکاندارەکانەوە بگرە تا شیرکەتە زەبەلاحەکان، لە کاری هەرزان و بێسەرئێشەی کچان و کوڕان سوود وەردەگرن. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی جیهانی کار (ئای، ئێڵ، ئۆ)، ساڵانە ٢٢ هەزار منداڵ لە کاتی کارکردن بۆ چەوسێنەراندا، گیان لەدەست دەدەن.

کاری منداڵان لە وڵاتە دواکەوتووەکانی سەرمایەداریدا زیاترە لەچاو ئەو وڵاتە پێشکەوتووە پیشەسازیانەی کە تیایاندا کرێکاران و جەماوەری پێشکەوتنخواز، تا ڕادەیەک مرۆڤایەتیان بەسەر سەرمایەدار و حکومەتەکانیاندا سەپاندووە. یەکێک لەو ناوچانەی کە منداڵانی کار لەگەڵ زۆرترین چەوسانەوە و بێ ڕێزی پێکردن بەرەوڕوون، فەلەستینی داگیرکراوە. ئەم منداڵانە ئێستا بە تایبەت لە غەززە، بەهۆی بۆردومان و تۆپباران و نەخۆشی و برسێتی لە ڕادەبەدەر، لەگەڵ مەترسی مردن بەرەوڕوون. لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەک ئەمریکا، منداڵانی کار زۆرتر منداڵی ئەو کۆچبەر و کرێکارانەن کە هێشتا ئیقامە و مۆڵەتی کاری فەرمییان پێنەدراوە. ئاوارەبوون بەهۆی کارەساتی سروشتی و شەڕەکانیش، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی هەژاری و بێکاری، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر زیادبوونی منداڵانی کار هەبووە. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە منداڵانی کار تیایدا لەگەڵ بارودۆخێکی کۆیلە ئاسا بەرەوڕوون. دۆخی نالەباری منداڵانی کار لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی، وەک کارەساتێکی لێهاتووە. لە ئێران زۆربەی ئەو منداڵانە، کە تەمەنیان لە نێوان پێنج بۆ پانزە ساڵدایە، منداڵی ئەو بنەماڵە کرێکاریی و زەحمەتکێشانەن کە بەهۆی هەژاری و بێکاریی دایک و باوکیانەوە و هەروەها بە مەبەستی یارمەتیدان بە بژێوی خۆیان و بنەماڵەکانیان، لە بری چوون بۆ قوتابخانە و فێربوونی زانست و بەهرەمەند بوون لە هەلومەرجێکی گونجاو بۆ گەشە و پشکوتنیان، کە مافی سروشتی هەموو منداڵێکە، ناچارن بچنە ژێر باری کاری سەخت و تاقەت پروکێن و نەمامی ژیانیان، لە ژێر باری ڕەنج و کاردا، بژاکێ. ئەوان ناچارن شەو و ڕۆژ لە کارگەکانی فەرش چینین و کارگە بچووکەکان کار بکەن یان لە مەیدان و شەقامی شارەکاندا، خەریکی گواستنەوەی کەلوپەل، خاوێنکردنەوەی شووشەی ئۆتۆمبێلەکان، فرۆشتنی جگەرە، دەستماڵ کاغەزی و  بنێشت و هیتر بن، بۆ ئەوەی پارووە نانێک پەیدا بکەن و خۆیان لە برسێتی ڕزگار بکەن، یان تەنانەت لە نێو زبڵ و خاشاکەکاندا، بە دوای خۆراکدا بگەڕێن. منداڵانی کار کە کۆچبەرانی ئەفغانستانیش لەخۆدەگرن، لە زۆر کاری مەترسیداری وەک گەڕان بەناو زبڵدانەکاندا، لەلایەن مافیاکانی زبڵ و خاشاکەوە لە شارە گەورەکان بەکار دەهێنرێن.

منداڵانی گیرۆدەبووی ماددە هۆشبەرەکان، هاوسەرگیری منداڵان، منداڵ ئازاری، حیجابی ئیجباری بۆ کچانی کەم تەمەن، لە سێدارەدان و زیندانیکردنی ئەو دایک و باوکانەی کە خاوەنی منداڵی بچووک بوون و بێسەرپەرشت کردنی منداڵەکانیان، سزای جەستەیی منداڵان لە قوتابخانەکان، ناچارکردنی منداڵان بۆ بەشداری لە مەراسیمە ئایینییەکان و منداڵانی بەسیجی و هتد، بەشێکی ترن لە قوربانیانی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامی ئێران. کارکردن بژاردەیەکی ئاگایانەی منداڵانی کار نییە. ئەم منداڵانە، کە زۆربەیان بەهۆی هەژارییەوە، لە خوێندن و یاریکردن بێبەشدەبن، بە ناچاری دێنە ناو بازاڕی بێ ڕەحمی کار و بەهۆی پێویستی سەرمایە، لەگەڵ ئاوا چارەنووسێکی تاڵ بەرەوڕوو دەبنەوە. خاوەن سەرمایە و نوێنەرە سیاسییەکانیان، لە زۆرێک لە وڵاتەکان ئیمکاناتە دەوڵەتییەکانیان بۆ یارمەتیدان بە منداڵان کەمکردۆتەوە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن بە حەقدەستێکی مەمرە و مەژی و بە بێدەنگی بچنە ژێر باری چەوساندنەوەیەکی وەحشیانەوە. کۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی قەدەغەکردنی کاری منداڵانی قبوڵ کردووە، بەڵام قبوڵکردنی ئەم یاسایانە بۆ ڕژیمی ئێران، تەنیا لایەنی فۆرماڵ و نمایشی هەیە، ئەگینا بە کردەوە پشتگوێیان دەخات و هیچ گرنگی بەو ڕەخنانە نادات کە لەلایەن ناوەندە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرەوڕووی دەکرێتەوە. لەمڕووەوە پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی مافی منداڵانی کار، ئەم قوربانییە خامۆشانەی نیزامی سەرمایەداری، ڕێگەیەکی دیکە بگیرێتەبەر. ئەم ڕێگایەش هیچی تر نییە جگە لە یەکگرتوویی و خەبات لە دژی ئەو ڕژیمە و پەیوەندییە چەوسێنەر و ستەمکارانەی کە منداڵانی بێ دیفاعی ئەم کۆمەڵگایە، ئاوا بێبەزەییانە بەکاردەهێنێ و لە مافە سەرەتایی و ئینسانییەکانی خۆیان بێبەشی کردوون.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ئەهواز؛ سزای زیندانیکردن بۆ محەمەدزمان کامروا و موراد زوهرابی

پ ژوئن 12 , 2025
محەمەدزمان کامروا و موراد زوهرابی، خانەنشینکراوانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی شاری ئەهواز لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەم شارە هەر یەکێکیان بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە یەکێتی ئازادی کرێکارانی ئێران وەرگیراوە، محەمەدزمان کامروا و موراد زوهرابی، خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی شاری ئەهواز بە زیندانیکردن سزادران. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم […]

You May Like