داهاتووی ڕۆژئاوا لە گرەوی خۆڕاگریی هێزە شۆڕشگێڕەکاندایە

بەگوێرەی میدیاکانی ڕۆژئاوا، ئەرتەشی تورکیە و جیهادییەکانی ژێر فەرماندەیی و پشتیوانی، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار، هێرشە شکستخواردووەکانی لە مێحوەرەکانی کۆبانی و مەنبەج و لە ڕێگەی زەوی و ئاسمانەوە بە مەبەستی گرتنی بەنداوی تشرین دەستپێکردەوە. بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتانە، ئەو هێرشە لەلایەن هێزەکانی سوریای دێموکرات،(قەسەدە)، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)وە تێکشێندراوە و سەرەڕای کوشتنی دەیان کەس و لەناوبردنی تانک و ئوتۆمبیل و کەرستەکانی شەڕ، هێزەکانی دوژمنیان ناچار بە پاشەکشە کردووە. لەو شەڕەدا ٧ شەڕڤانی قەسەدەش گیانیان لەدەستدا کە لە نێو توڕەیی و خەم و پەژارەی جەماوەردا بە خاک سپێردران. بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە جەختیان کردەوە کە تا سەرکەوتن و تێکشکاندنی بە تەواوەتی ئەرتەشی جینایەتکاری تورکیە و هێزە بەکرێگیراوەکانی، درێژە بە خۆڕاگریی خۆیان دەدەن. “بەرخۆدان قامیشلو، شەڕڤانێکی کوردی یەپەژە، کە ماوەی ٣٧ ڕۆژە لە بەنداوی تەشرین خۆڕاگریی دەکات، لەو بارەیەوە وتی، لەم دواییانەدا هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە و هێزە بەکرێگیراوەکانی، پەرەی سەندووە و بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس هێرش دەکەن. بەڵام سەرەڕای بەهرەمەندبوونی دوژمن لە نوێترین ئیمکاناتی تەکنیکی، ئەم هێرشانە بەرپەرچدراونەتەوە. ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی: “بەرخۆدانێکی مێژوویی لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بەڕێوە دەچێت” و جەختیشی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیە و هێزە جینایەتکارەکان، کوژراو و بریندارێکی زۆریان لێکەوتووەتەوە. ئەوان ناتوانن لە بەرامبەر خۆڕاگریی ئێمەدا دەوام بهێنن و چەک و چۆڵ و کەرەستە نیزامییەکانی خۆیان جێدەهێڵن و ڕادەکەن.

شیراز نزال، یەکێک لە شەڕڤانانی عەرەب و ئەندامی (قەسەدە)ش، ئاماژەی بە ورەی بەرزی شەڕڤانان کرد و وتی، دەوڵەتی تورکیە و هێزە بەکرێگیراوەکانی، سەرەڕای بەهرەمەندبوون لە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و چەکی قورس، بەڵام ناتوانێت ئیرادەی ئێمە بشکێنێ و دوژمن لە هێرشەکانی پەشیمان دەبێتەوە. ئێمە بەردەوام خۆڕاگرییمان کردووە و دەست لە بەرخۆدان هەڵناگرین. جەمیلە شاهین، دایکی یەکێک لە شەڕڤانانی گیانبەختکردوو وتی، کچ و کوڕەکانمان لە پێناو ئازادیدا خۆڕاگریی دەکەن. ئێمە لەم ڕێبازەدا و لە پێناو ئازادی، گیانمان دەبەخشین.ئامینە مستەفا، وتەبێژی ژنانی ناوچەی چەڵەبیش، وتی کە کۆبانی وەک ئێسکێک لە قوڕگی (دەوڵەتی تورکیە و هێزە تاوانبار و بەکرێگیراوەکانی)دا گیر دەکات. هەروەک چۆن بەشار ئەسەد ڕووخا، دەوڵەتی تورکیەش دەڕووخێت. ناوبراو هەروەها وتی، ئێمە بە ورد و درشتمانەوە پشتیوانی لە هێزەکانمان دەکەین.

لە بەرامبەر ئەم ژن و پیاوە خەباتکارانەدا، کەسانێکی خۆبەدەستەوەدەری ڕێکخراو و ناڕێکخراویش لە نێو دانیشتوانی ناوچەکەدا هەن کە داهاتوویەکی گەش بۆ ئەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییە بەدی ناکەن و پێیانوایە کە ئەو خۆڕاگرییە هیچ ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت. هاوکات هێزە تازە بەدەسەڵات گەیشتووەکانی دیمەشقی پایتەختی سووریەش، لەبری وەڵامدانەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی بە بانگەوازی خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە (ڕۆژئاوا) بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیک لەو وڵاتە، دەست دەکەن بە پیلانگێڕی لە دژیان. بۆ نموونە ڕۆژی هەینی ١٠ی ژانويە، ئەم بەناو دەوڵەتە نوێیە ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنییەتی گشتی، ڕێگری لە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کردووە کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دێموکراتەوە بەرەو شاری حەلەب دەهات. قەسەدە دەستبەجێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وێڕای ڕەدکردنەوەی ئەو تۆمەتە، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ یارمەتیدان بە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان. لە درێژەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مەودای نێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی قەسەدە و ناوچەی حەلەب، پڕە لە گرووپ و تاقمی چەکداری سەر بە ئانکارا، کە بوونی ئەمنییەت و سەقامگیریی لە بەرژەوەندی خۆیاندا نابینن. خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە (ڕۆژئاوا)ش ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دەوڵەتی تورکیە ناچار بکەن بۆردومانکردنی بەنداوی تیشرین ڕابگرێت. لە بانگەوازەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێزەکانی (قەسەدە) ڕێگە بە ئەرتەشی تورکیە و بەکرێگیراوەکانی نادەن دەست بەسەر ئەم بەنداوە گرنگەدا بگرن، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە بەنداوەکە بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیەوە بشکێ و بەهۆیەوە، جگە لە زیانی گەورەی ژینگەیی، دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاوی بەربڵاو و زیانێکی زۆری مرۆڤی لێدەکەوێتەوە و ژێرخانی ناوچەکە لەناو دەبات.

ئەم خۆبەڕێوەبەرایەتییە جگە لە داوای هاوکاری لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، شاندێکیشی بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنج و هاوکاری هێزە خەباتکارەکان، ڕەوانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان کردووە. دروشمی بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دێموکراتیک ئەوەیە کە، داهاتووی ڕۆژئاوا لە گرەوی خۆڕاگریی هێزە شۆڕشگێڕەکاندایە! تا ئەو کاتەی کە ئەم جەماوەرە پشتیوانی هێزە پێشڕەو و خەباتکارەکانی خۆیان بن و بە مەرجێک بەهۆی هەڵاواردنەوە، کەلێنێک لە نێوان جەماوەر و هێزی دەسەڵاتداردا دروست نەبێت و هەروەها پرسی خراپ بەڕێوەبردن نەیەتە ئاراوە و خەڵک لە دەسەڵات نامۆ نەبن، ئەم بەرخۆدانەش بەردەوام دەبێت.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

سنە؛ هاوڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا

س ژانویه 14 , 2025
فەرهاد مینبەری، هاوڵاتیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣ فەرهاد مینبەری، هاوڵاتیی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی گوندی «نییەر» و دانیشتووی شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بە پێی ئەم […]

You May Like