«گۆران خودامورادی» هاوڵاتی شاری سنە پاش بانگهێشتی بۆ لقی چواری جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە، دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی بۆ زیندان گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی یەکشەممە چواردەی ڕێبەندانی ١٤٠٣، «گۆران خودامورادی» هاوڵاتی گوندی “شیان” و دانیشتووی شاری سنە، پاش بانگهێشتکردنی بۆ لقی چواری جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزای بەندکردنەکەی بۆ زیندانی ناوەندی شاری سنە گواسترایەوە.
پێشتر «گۆران خودامورادی» لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنەوە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە چوار ساڵ زیندانی تەعلیقی و شەش مانگ زیندانی تەعزیری سزا درابوو.
ڕۆژی دووشەممە شازدەی ڕەزبەری ١٤٠٣، گۆران خودامورادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە. لەکۆتاییدا ناوبراو لە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەن بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتایهاتنی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە ئازاد کرابوو.