نەبەردی زیندانیانی سیاسی، مەشخەڵی داگیرساوی بەردەوامبوونی خەبات

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی پەیام، مانگرتنی ناڕەزایەتی زیندانیان لە زیندانەکانی وڵات لە ژێر ناوی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، پێی نایە سیەمین هەفتەی خۆیەوە. ئەم
کەمپەینە کە ئێستا سەدان زیندانیی لە ١٨ زیندانی سەرتاسەری وڵات پێوەی پەیوەست بووە، بەگوێرەی لێدوان و هەڵوێستی هەڵسووڕاوانی بەندکراوی بەشدار لەو کەمپەینە، هەر لەسەرەتاوە دژایەتی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جۆری تۆمەت یان پاڵنەر و بیروباوەڕی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا نامرۆڤانەیان کردووەتە ئامانج. بەردەوامی و پەرەسەندنی کەمپەینی” سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان” لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی ڕژیم لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ەوە زیاتر لە ٣١٠ کەسیان لە سێدارە داوە. حکوومەت بە خێراترکردنی ماشێنی ئێعدام، تەنها لە مانگی گەلاوێژدا ١١٨ کەسی لە سێدارە داوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەر لە سەرەتاوە بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی شۆڕشگێڕان و ناڕازییان و دژبەرانی خۆی، سەقامگیر بوو و هەتا ئێستاش مانەوەی خۆی بەو ئامرازەوە گرێداوە. بەم هۆیەوە خەبات لە دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە، ئەو زیندانییە سیاسیانەی کردووە بە پێشەنگی خەباتێکی ئازادیخوازانە. یەکێک لە خەبات و ناڕەزایەتییە کاریگەرەکانی زیندانیانی سیاسی، بريتييە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی زیندانی سیاسی، یەکێک لە خەباتکارانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”. جەلادەکان بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، ڕەزایان لە سێدارە دا و زیندانیانی سیاسی ژن لە بەندی ژنانی زیندانی ئێوین، پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژە بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” و “مەرگ بۆ حکوومەتی ئێعدامی”، بەرامبەر بەم جیناتەی ڕژیم ناڕەزایەتیان دەربڕی”. بەرپرسی پاسەوانانی زیندان فەرمانی دا هێرش بکەنە سەریان. ئەگەرچی لەو هێرشە قورسەی بەکرێگیراوان بۆسەر ناڕازییان، چەند کەسێک برینداربوون و چاوپێکەوتن و پێوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت حەمام کردنیان لێ قەدەغە کرا، بەڵام ورەی بەرز و خەباتکارانەیان نیشانەی سەرکەوتنیان بوو. هەر لەو ڕۆژەدا، بەندکراوانی پیاوی زیندانی لاکانی ڕەشتیش، وێڕای ئیدانەکردنی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی، بە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدامەوە پەیوەست بوون. زیندانیانی سیاسی ژنی ناو ئەو بەندیخانەیە، لە هەفتەیەک پێشترەوە بەو کەمپەینەوە پەیوەست ببوون.

هەر لەو ڕۆژانەدا هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچوونی ژنانی بەندکراوی وەکیل ئابادی مەشهەد لەگەڵ پاسەوانانی زیندان بڵاو بۆوە. بنەماڵەی یەکێک لە زیندانییەکان وتوویەتی کە یەکەم ناڕەزایەتی هاوکات لەگەڵ دەستپێکی گەرمای تاقەت پروکێنی مەشهەد و ناڕەزایەتی دووەمیش، ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژ ڕوویداو و ژنانی زیندانیی، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گەرمای لەڕادەبەدەری ناو بەندەکان، شووشە و گڵۆپ و کامێراکانیان” شکاند. زیندانیان هەروەها بەرامبەر بە “دۆخی خراپی خۆراک”، پیسبوونی چێشتخانە، نەبوونی ساردکەرەوە و ئامێری جل شۆردن، بوونی ئاژەڵی زیانبەخشی وەک سپێ و سووسک و مشک و نەبوونی ئامێری گەرمکەرەوە لە وەرزی سەرمادا، پیسبوونی هەوا و پێخەف و قەرەباڵغی زۆری ناو بەندی زیندانەکان، ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. هاوکات لەگەڵ ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانە، هەواڵی درێژەی خۆڕاگریی زەینەب جەلالیان، تاکە زیندانی سیاسی ژن کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، لە بەرامبەر مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا، بڵاوبووەوە. ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ باس لەوە کرا کە ئازارێکی زۆر لە کەلەکەی لای ڕاستی ناوبراو دروست بووە، بەڵام پاسەوانانی زیندانەکە، ناوبراویان لە ئیمکانی دەست پێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەش کردووە. مەئموورانی ئیتلاعات دەقی تۆبە نامەیەکیان بەسەر سەری زەینەبدا ڕاگرتووە و بەزۆر پێی دەڵێن کە دەبێ واژۆی بکەی بۆ ئەوەی ئازاد بکرێیت. زەینەب کە ١٧ ساڵی بەبێ مەرەخەسی لە زینداندا بەسەر بردووە و لەو ماوەیەدا تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بووە، بە بەکرێگیراوانی وتووە کە کاتێک لە زیندان دەچێتە دەرەوە کە کونە مشک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بووبێتە قەیسەری.
هەر لەو ماوەیەدا چەندین نامە و پەیام بەمەبەستی بانگەواز بۆ خۆڕاگری زیاتر لە بەرامبەر کردەوەی سەرکوتگەرانەی جینایەتکاران لە زیندان، ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان و شانۆی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن، لەلایەن مریەم یەحیوی، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، سپیدە ڕەشنوو، سپیدە قولیان، نێرگز محەممەدی و گۆڵڕۆخ ئیرایی، بڵاو کرایەوە.

مریەم لە پەیامەکەیدا و دوای هێرشی ڕۆژی ١٦ی گه‌ڵاوێژی هێزی پاسەوانانی تایبەت بۆسەر زیندانیانی سیاسی ژن لە ئێوین، نووسی: ئەوان نازانن کە ئێمە ئەو شەوەی مانگ لە نیوەی تێپەڕیبوو، دەست لەناو دەستی یەک، لەژێر سێبەری تەپۆڵکەکانی ئێڤین، کە ساڵانێکی زۆرە شاهیدی گوللە باران کردن و لەسێدارەدانی باشترین ڕۆڵەکانی ئەم خاکەن، بەیەکەوە پەیمانمان بەست و سوێندمان خوارد کە تا هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، لەسەر خەبات و خۆڕاگریی بەردەوام دەبین. پەخشان دوای ئاشکراکردنی ئەو ئەشکەنجە نامرۆڤانەی کە بەرامبەری کراوە، جەختی کردەوە کە ئیرادەی ئەو لە شکان نەهاتووە چونکە، “ئەگەر ئیرادەی ژن وەک مرۆڤێکی خاوەن کەرامەت بشکێنرێت، ئیتر هیچ جێگایەک بۆ ژیانێکی ئازاد نامێنێت و ئەمەش بە واتای لاوازبوونی پێوەرە ئینسانی-ئەخلاقی و سیاسییەکانە”. وریشه وێڕای ئیدانەکردنی سزای لەسێدارەدان و دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی، نووسیویەتی: دەرکردنی حوکمی ناڕەوای ئێعدام بۆ ژنانی تێکۆشەر (شەریفە محەممەدی و پەخشان عەزیزی) لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، نیشانەی داماوی و سەرلێشێواوی سیاسی کۆماری ئیسلامییە. ناوبراو هەروەها دەڵێت، داعش سەر دەبڕێت، کۆماری ئیسلامیش لەسێدارە دەدات.

سپیدە ڕەشنوو لە ستایشی ڕەوایەتی ڕاستگۆیانە نووسیویەتی: “لە ڕژیمە تۆتالیتارییەکانی وەک کۆماری ئیسلامیدا، ئەدەبیاتی تێکۆشان، هەندێک جار “گێڕانەوەیەکی سادە”یە. لەم جۆرە دەسەڵاتانەدا کە میدیا و چاپەمەنی و کتێبەکان بەردەوام سانسۆر دەکرێن بۆ ئەوەی وێنەیەکی ساختە وەک ڕاستی نیشان بدەن، ڕەوایەتەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە خەبات و ناڕەزایەتییەکانی ئەم سەردەمەدا دەگێڕن. ئەو خەبات و ناڕەزایەتییە درەوشاوانەی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، لە درێژەی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی پێشووی زیندانیانی سیاسی ژن و پیاودا بەڕێوەچووە. ئەو خەباتانە، لە خەباتی سەرپێچیکاران، کرێکاران، خانەنشینان و باقی ئازادیخوازانی دیکەی ناو کۆمەڵگا ئیلهامیان وەرگرتووە و کاریگەرییان لەسەر دادەنێن. هەر لەمڕووەوەیە کە ویستی “زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن” بووەتە خواستێکی جەماوەری و لە هەموو خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا بەرز دەکرێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

نەغەدە؛ بەردەوامی دەستبەسەری و نادیاری چارەنووسی ڕەحمان قادری لە گرتوخانە

ج آگوست 23 , 2024
ڕەحمان قادری، هاووڵاتی شاری پیرانشار سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی، هێشتا لە چارەنووسێکی نادیار لە گرتوخانەی نەغەدە بەسەر دەبات. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕەحمان قادری، هاووڵاتی شاری پیرانشار لە چارەنووسێکی نادیار لە گرتوخانەی نەغەدە دەستبەسەرە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕەحمان قادری، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی هێشتا هەر دەستبەسەر و […]

You May Like