سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ و ڕاپەری ناڕەزای کورد، پاش ٢ ساڵ بەندکردن مەرەخەسی دەرمانی پێدرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز چوارشەمە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ و ڕاپەری ناڕەزای کورد، بە دانانی بارمتەی کاتی ٤ ملیارد تمەن و پاش ٢ ساڵ بەندکردن، مەرەخەسی دەرمانی پێدرا و لە گرتوخانە ئازادکرا.
سامان یاسین لە ٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ بەتۆمەتی شەڕ، لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بەسەرۆکایەتی دادوەر سەڵواتی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا کە سزای ناوبراو لە ١ی بەفرانباری ١٤٠١ لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە. دانیشتنی دادگایی بۆ تۆمەتەکانی ناوبراو لە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بەڕێوەچوو و لەم دادگەییەدا ناوبراو بە ٥ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە بۆ کرمان سزادرا کە سزای دەرکراو لە ٢ی گوڵانی ١٤٠٣ بە ئامادەبوونی پارێزەری ناوبراو پێی ڕاگەیەندرا.
حسێن سەرتیپ، پارێزەری سامان یاسین لەبارەی ئەو بڕیارەوە ڕایگەیاند کە بۆ پێداچوونەوە لە دیوانی باڵای وڵات ناڕەزایی دەردەبڕێت. پاش هەڵوەشانەوەئ سزای لەسێدارەدانی ئەم هونەرمەندە ناڕەزایە، تۆمەتەکانی ناوبراو، گردبوونەوە و پشتگیری بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات، هەڵگرتنی چەک بەمەبەستی تێکدانی یاسا و ئاسایشی گشتی ڕاگەیەندرا.
سامان یاسین لە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠١ بەتۆمەتی پشتگیری لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی ئەمنی تاران لە ماڵەکەیدا دەستگیرکرا و پاش لێکۆڵینەوە بۆ گرتوخانەی ڕەجایی شاری کەرەج گواسترایەوە. شایانی باسە، سامان یاسین لە ناڕەزایەتی بە دۆخی ناجێیگیری لە کاتی دەستگیری لە گرتوخانەی ٣١ی ڕەجایی شاری کەرەج بە خواردنی دەرمان هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.