«سدیق عەباسنەژاد، بێهزاد بەرجەستە، کەیوان بەرجەستە، شەهاب تەوان، نیما قوربانزادە و خالق ڕەحیمی»، شەش هاوڵاتی خەڵکی شاری میاندواو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی شەممە چواری ڕەشەمەی ١٤٠٣، لانیکەم چوار هاوڵاتی خەڵکی شاری میاندواو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. ناسنامەی ئەم هاوڵاتییانە، «سدیق عەباس نەژاد» کوڕی مەلا ڕەحمان، خەڵکی گوندی «قەڵای هۆلاکۆ»، «بێهزاد بەرجەستە» کوڕی بایز، «کەیوان بەرجەستە» کوڕی تاغی، «شەهاب تەوان» کوڕی خالەند، «نیما قوربانزادە» کوڕی لوقمان خەڵکی گوندی «ئیبراهیم ئاوا» و «خالق ڕەحیمی» خەڵکی گوندی «گامێشگولی» و دانیشتووی «شیناوا»ی سەربە شاری میاندواو بۆ کۆڵبەرنیوز ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چەندین تیم لە هێزە ئەمنییەکانی شاری میاندواو و ورمێ هەستاون بە دەستبەسەرکردنی ئەم هاوڵاتیانە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییانە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.