“کەماڵ ئاخرەتی”، هاوڵاتی شاری سنە لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان کە لە ناڕەزایەتی دژی سزای لە سێدارەدان بەرێوەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی پێنجشەممە چواری ڕێبەندانی ١٤٠٣، کەماڵ ئاخرەتی، هاوڵاتیی شاری سنە پاش ڕۆژێک لە مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان کە لە ناڕەزایەتی دژی سزای لە سێدارەدان بەرێوەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سنەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر و بە شێوەیەکی توندوتیژانە ئەم هاوڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بازاڕیان و کاسبکارانی شارەکانی کوردستان وەکو سنە، سەقز، کامێران، دیواندەرە، مەریوان، پاوە، مهاباد، بۆکان، کرماشان و ئیلام لە ناڕەزایەتی دژی سزای سێدارەدان چالاکییەکانی ڕۆژانەیان ڕاگرت و مانیان لە کارکردن گرت.