فەرزاد حەمیدی، هاوڵاتیی تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی شاری کامێران لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی کاسبکارانی شارەکانی کوردستان لە ناڕەزایەتی دژی سزای سێدارەدان بەڕێوەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ئەم دەستبەسەر کردنە ڕۆژی شەممە شەشی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماڵی فەرزاد حەمیدی ئەنجامدراوە. شایانی باسە بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاوڵاتییە دەستبەسەر کراوە و شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ناڕوونە.
ڕۆژی چوارشەممە سێی ڕێبەندانی ١٤٠٣ کاسبکارانی شارەکانی کوردستان وەکو سنە، سەقز، کامێران، دیواندەرە، مەریوان و بۆکان لە ناڕەزایەتی دژی سزای سێدارەدان چالاکییەکانیان ڕاگرت و مانیان لە کارکردن گرت.