«هیوا بەهین»، هاوڵاتی خەڵکی شاری بۆکان پاش بانگهێشت و سەردانی بۆ جێبەجێکردنی سزاکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ مانگ زیندانی خۆی، دەستبەسەر و بۆ زیندانی شاری بۆکان گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی چوارشەممە هەشتی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هیوا بەهین، هاوڵاتی خەڵکی شاری بۆکان پاش بانگهێشتکران و سەردانی بۆ جێبەجێکردنی سزاکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای شەش مانگ زیندانی خۆی، دەستبەسەر و بۆ زیندانی شاری بۆکان گواسترایەوە.
هیوا بەهین، پێشتر لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانی دووی ئەم شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر «فەخری» بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران» بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری سزای بەسەردا سەپێندرا و سزای دەرچوو لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.
هیوا بەهین، لە چواری سەرماوەزی ١٤٠٣، پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتووخانە ئەمنییەکانی شاری ورمێ گواسترایەوە و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی شاری بۆکان گواسترابوویەوە.
سەرەنجام لە یازدەی سەرماوەزی ئەمساڵدا، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ملیۆن تمەن بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندانی شاری بۆکان ئازاد کرابوو.