مەتین حەسەنی، لە بریندارانی چاو لە ناڕەزایەتیەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨، بۆ بەندکردنی بۆ گرتوخانەی بۆکان گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣، مەتین حەسەنی، هاووڵاتی دانیشتووی بۆکان و لە بریندارانی چاو لە ناڕەزایەتیەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ بۆ بەندکردنی بۆ گرتوخانەی بۆکان گوازرایەوە.
ناوبراو لە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بۆ بەندکردنی لە لقی ١ی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری بۆکان بانگهێشت کرابوو.
شایانی باسە، مەتین حەسەنی، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای ٢ی بۆکان بە ٣١ مانگ بەندکردن سزادرا.
ڕۆژی پێنجشەمە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٣، دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتەکانی مەتین حەسەنی، لە لقی ١٠١ی دادگای ٢ی شاری بۆکان بەڕێوەچوو و بە تۆمەتی هاندان بۆ شەڕ و کۆکوژی و تەبلیغ دژی ڕژین تۆمەتبارکرا.
مەتین حەسەنی، لە گوڵانی ١٤٠٣ بۆ وەرگرتنی کۆتا خۆ بەرگریکردن بە تایبەت لە تۆمەتی تەبلیغ دژی ڕژیم بۆ دادگای شاری بۆکان بانگهێشت کرابوو.
ناوبراو لە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە بەبێ بڕیاری دادگا لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر و پاش مانگێک بە دانانی بارمتەی کاتی لە گرتوخانەی بۆکان ئازاد کرا.
ناوبراو لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لە ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە بۆکان، بەهۆی تەقەی گوللەوە چاوێکی لەدەستدا.