لە بەردەوامی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی ئەمدواییەدا، ڕەسووڵ پوورخزری، فایەق قادرزادە، فەردین نوری و فایەق ڕەشیدیان، ٤ هاوڵاتی خەڵکی شارەکانی سەقز، شنۆ و مهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ فایەق قادرزادە، هاوڵاتی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی شاری مهاباد و ڕەسووڵ پوورخزری، هاوڵاتی خەڵکی گوندی سۆفیان لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ فەردین نوری و فایەق ڕەشیدیان، ٢ هاوڵاتی خەڵکی گوندی خوردەلووکی لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەقزەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم هاوڵاتیانەیان دەستگیر کردووە. تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەک لە هۆکارەکانی دەستگیری، شوێنی مانەوە و تۆمەتەکانی دژی ئەم هاوڵاتیانە لەبەردەستدا نییە.