خەبات و ناڕەزایەتی ڕادیکاڵ و ڕێکخراوی پەرستاران

وەزارەتی تەندروستی و ڕێکخراوی نیزام پەرستاریی چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕایانگەیاند کە کۆچی پەرستاران وەستاوە. محەممەد شەریفی موقەدەم، سکرتێری گشتی خانەی پەرستار، ئەم ئیدیعایەی بە چەواشەکاری ناوی برد و وتی ئەوان دەیانەوێت وا نیشان بدەن کە وەک ئەوەی کێشەکانی پەرستاران چارەسەر بووبێ و چیتر بیر لە کۆچکردن ناکەنەوە، بەڵام وانییە. سکرتێری گشتی خانەی پەرستار وتی کە جارێک دەڵێن کۆچی پەرستاران بە ڕێژەی ٣٥ لەسەد کەمبووەتەوە، جارێک باسی وەستانی دەکەن و لە شوێنێکی تر، هەواڵەکان باس لە ڕەتکرانەوەی کەیسی پەرستاران لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کۆچی دانمارکەوە دەکەن. هۆکاری ئەم هەموو هەڵوێستە دژبەیەک و پێچەوانەیە ڕوونە. حکوومەت توانایی یاخود ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەی پەرستارانی نییە. بە وتەی یەکێک لەو پەرستارانەی کە کۆچیان کردووە بۆ دانمارک، هاوپیشەکانی لە ژیانیان ڕازین. 

سکرتێری گشتی خانەی پەرستار دەڵێت:

“ئێستا کێشەکانی پەرستاران لە وڵاتی ئێمە ئێجگار زۆرن، پەرستاریی لە قەیراندایە.” ئەو دەڵێت ژمارەیەکی بەرچاو لەو پەرستارانەی کە دەرفەتی کۆچکردنیان نەبووە و یاخود لە هەوڵی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی سەفەردان، خانەنشین بوون یاخود پیشەکانیان گۆڕیوە. بەقسەی ئەو ئێستا ٦٠ هەزار پەرستار دانیشتن لە ماڵەوەیان پێ باشترە لە چوون بۆ شوێنی کارێکی قورس و تاقەت پروکێن لە بەرامبەر حەقدەستێکی زۆر کەم و پڕ کێشە و هەڵاواردن.

ئەڵبەت ئەو پەرستارانەی کە لە ئێراندا ماونەتەوە، جگە لە گۆڕینی پیشە و یاخود خانەنشین بوون، لە پێناو بەدەستهێنانی ویست و داواکارییەکانیاندا، لە دژی دەسەڵاتداران و بەرپرسان، دەستیان داوەتە خەبات و تێکۆشان. ئەمیر جەواهێری لەنگەرودی لە وتارەکەیدا لەژێر ناوی “کێشەکانی پەرستاران، بەرگریکارانی تەندروستی کۆمەڵگا بناسین” نووسیویەتی کە پەرستاران ناڕەزاییەکانیان لە ساڵی ١٣٧٦ەوە دەستپێکردووە و ساڵی ١٣٨٩، خەبات و  ناڕەزایەتی پەرستاران گەیشتە لوتکە و لەو ساڵەدا گەلێک کۆڕ و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرینیان ڕێکخست. ئەو هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت کە لە سەردەمی کۆرۆناشدا کۆمەڵگا شایەتی ناڕەزاییەکانی پەرستارە پەیمانی یاخود گرێبەستییە ٨٩ ڕۆژەکان، لە ئاستە جۆراوجۆرەکان لە ڕەشت، شیراز، تاران و هتد، بوو. بە وتەی ئەو هەروەها بەگوێرەی هەواڵەکانی ڕۆژ ژمێری کرێکاریی، لە سەرەتای ١٤٠٢ بەملاوە هاوڵاتیان شایەتی ناڕەزایەتی بەردەوامی پەرستاران لە پارێزگاکانی یەزد، کرماشان، تاران، پارێزگای ناوەند، کوردستان، قەزوێن، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، گیلان، ئیسفەهان، مازەندەران، خۆراسانی ڕەزەوی و کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد لە شارەکانی یاسووج، ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا، بابول، ئەراک، مەشهەد، سنە، ڕەشت، کاشان و ورمێ بوون کە دژ بە دۆخی خراپی خۆیان و بۆ بەدواداچوونی ویست و داواکارییەکانیان هاتوونەتە سەر شەقامەکان. 

ویست و داواکارییەکانی پەرستاران بەگوێرەی هەر ناوچەیەک جیاوازییان هەیە بەڵام دەتوانرێت لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە: زیادکردنی حەقدەست، وەرگرتنی حەقدەستە دواکەوتووەکان، نەهێشتنی ئیزافەکاریی ناچاری و ڕاستکردنەوەی حەقدەستی ئیزافەکاریی دڵخوازانە، نەهێشتنی هەڵاواردن و گەندەڵی لە نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکان، زیادکردنی هێزی کار لە ڕێگەی دامەزراندنی پەرستاری نوێوە، زیادکردنی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان و بەفەرمی ناسین و ڕاگەیاندنی پیشەی پەرستاری وەک کارێکی قورس و زیانبەخش. خەبات و ناڕەزایەتییەکانی پەرستاران بەردەوام سیاسیتر و ڕێکخراوتر و داواکارییەکانیان ڕادیکاڵتر بووە. هەندێک لەم خواستانە بەبۆنەی ڕۆژی پەرستار لە بیانیەی ئەنجومەنی هەماهەنگی ناڕەزاییەکانی پەرستاراندا خراونەتە ڕوو. کرێکارانی پێشڕەو خۆیان بە بەشێک لە چینی کرێکار دادەنێن و خوازیاری نەهێشتنی چەوسانەوە، ڕێزگرتن لە کەرامەتی پەرستار، ئازادی ڕێکخراوە و هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بوون. شۆڕای هەماهەنگی ناڕەزاییەکانی پەرستاران لەگەڵ شەش ڕێکخراوی کرێکاری، ژنان و ئازادیخوازان مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣ بیانیەیەکیان لە ئیدانەکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی بڵاوکردەوە. ئەوان لە بیانیەکەدا ئێعدامیان بە قەتڵی حکوومەتی ناوبرد و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی شەریفە، هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام و ئازادی سەرجەم زیندانیانی سیاسیی بوون.

خەبات و ناڕەزایەتی پەرستاران لەلایەن شارۆمەندانەوە پشتگیریی لێکراوە و ئەوانیش پشتگیرییان لە خەباتی چین و توێژەکانی دیکە کردووە. شۆڕای هەماهەنگی ناڕەزاییەکانی پەرستاران، ڕۆژی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤ لە ڕێگەی بیانیەیەکەوە لەگەڵ ١٠ ڕێکخراوی تر، پشتیوانییان لە مانگرتنی شۆفێر و خاوەن بارهەڵگرەکان کرد. لە بەشێک لەم بیانیەیەدا هاتووە: “ئێمە دروود دەنێرین بۆ شۆفێرە مانگرتووەکان و ڕادەگەیەنین: خۆشەویستان! ئێمە ئازارێکی هاوبەشمان هەیە.

گرانی، نەبوونی دابینکردنی کۆمەڵایەتی، هەژاری، گەندەڵی، سەرکوت، دزی و تاڵان و بڕۆ و چەوسانەوەی کۆیلەئاسا، پێویستی بە هاوپشتی و هاودەنگی ئێمە کرێکاران و خەڵکی بێبەشی ئەم کۆمەڵگایە هەیە.”

لە بەشێکی تری بیانیەکەدا هاتووە: “ئەمڕۆ یەکێک لە قەیرانە گەورەکانی وڵات، بریتییە لە بڕانی بەردەوامی کارەبا کە کۆمەڵگای پەک خستووە و شەپۆلێک لە گرانی، بێکاری و هەژاری موتڵەقی بەدوای خۆیدا هێناوە و سەرەڕای ئەوەش قسە لە بڕانی تەواوی کارەبا لە یەک مانگی داهاتووشدا دەکرێت. ئەمانە هەموو لە زومرەی هۆکارەکانی ناڕەزایی ئێمە خەڵکی ئەم کۆمەڵگایەن.” پەرستاران بەشێکی گرنگ و کاریگەرن لە چینی کرێکار و هێزی هەرە گرنگی دابینکردنی تەندروستی کۆمەڵگان. تا چەند ساڵ لەمەوبەر ڕژێم هەوڵیدەدا لە ڕێگەی بەڵێنی بێبنەما و هەڕەشە و گوڕەشەوە خەبات و ناڕەزایەتییەکانیان لاواز بکات. پێ بەپێی ڕادیکاڵتربوونی خەبات و ناڕەزایەتی پەرستاران و هاوکاری ئەوان لەگەڵ بەشە خەباتکار و مافخوازەکانی تر، بەرپرسانی ڕژێم ترسێکی زیاتریان لەدڵ نیشتووە. بەم هۆیەوە، هاوکات لەگەڵ پەرەپێدان بە سەرکوت، پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆینەش سەبارەت بەوانی پەرەپێداوە، کە ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتۆتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

شنۆ؛ مەجید دەریایی، زیندانیی سیاسی پێشوو بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری سزادرا

چ ژوئن 4 , 2025
مەجید دەریایی، زیندانیی سیاسی پێشوو و خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن دادگای ئەم شارە بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری سزادرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مەجید (نەجمەدین) دەریایی، چالاکیی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو و خەڵکی شاری شنۆ، بە تۆمەتی «چالاکیی بانگەشەیی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵەکانی دژبەری ڕژیم» لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای دووی ئەم شارە […]

You May Like