مەجید دەریایی، زیندانیی سیاسی پێشوو و خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن دادگای ئەم شارە بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری سزادرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مەجید (نەجمەدین) دەریایی، چالاکیی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو و خەڵکی شاری شنۆ، بە تۆمەتی «چالاکیی بانگەشەیی بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵەکانی دژبەری ڕژیم» لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای دووی ئەم شارە بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری سزادرا و لەم ڕۆژانەی دواییدا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
مەجید دەریایی، پێشتر لە چوارشەمە بیستی خاکەلێوەی ١٤٠٤، بۆ لقی یەکی داواکاری دادگای گشتی و شۆڕشی شاری شنۆ بانگهێشتکرا و لێپرسینەوەی لێکرابوو. ناوبراو پاش پێداچوونەوەی تۆمەتەکەی، بە پێدانی بارمتە تا بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی بەشێوەی کاتی ئازادکرا.
مەجید دەریایی، لە ئێوارەی چواری ڕێبەندانی ١٣٩٦، بەهۆی چالاکیی سیاسی یەکێک لە کوڕەکانی، ئاکام دەریایی، بەبێ بڕیاری دادوەر و هێرشی هێزەکانی ڕژیم بۆ ماڵەکەی، دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو پێشتر چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیم هەڕەشەی لێکرابوو.
لە کۆتاییدا، لە نۆی ڕێبەندانی ١٣٩٧، مەجید دەریایی، بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی» بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادرا.