وەحید چاوەڕان، ناسر ڕەزایی و محەمەد حسێن حاسڵی، سێ زیندانی سیاسی شاری ئاودانان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان بۆ زیندانەکانی شاری زاهێدان، کرمان و مەشهەد دوورخرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەمە چواردەی گوڵانی ١٤٠٤، وەحید چاوەڕان، ناسر ڕەزایی و محەمەد حسێن حاسلی، سێ زیندانی سیاسی شاری ئاودانان لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام بۆ زیندانەکانی شاری زاهێدان، کرمان و مەشهەد دوورخرانەوە. ئەم سێ هاووڵاتییە پاش پەیوەست بوونیان بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، بە تۆمەتەکانی وەکو «شەڕەنگێزی» و «گردبوونەوە و پشتگیری دژی ئاسایشی وڵات» هەر یەکێکیان بە دوازدە ساڵ زیندانی تەعزیری بە دوورخستنەوەیان مەحکووم کرابوون.
ئەم سێ زیندانییەی سیاسی لە جۆزەردان تا گەلاوێژی ١٤٠٢، بەبێ بڕیاری دادوەر دەستبەسەر و زیاتر لە هەشت مانگ لە زیندانی شاری ئیلام دەستبەسەر کرابوون. لەم ماوەیەدا لە هەبوونی پارێزەر و پرۆسەی دادگایی دادپەروەرانە بێبەش بوون و ئەشکەنجەی سەختیی ڕۆحی و دەروونی درابوون. لە خەرمانانی ١٤٠٢، لە ناڕەزایەتی دژی دۆخییان، مانیان لە خواردن گرت و دەمییان دووریوەتەوە.
وەحید چاوەڕان، چالاکوانی مەدەنی و ڕاهێنەری پاراگلایدەر، لە دووی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوە لە وڵات لە سنووری ورمێ دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سوپا لە شاری ئیلام گواسترانەوە. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپیانان کراوە و تووشی کێشەی دەروونی بووە. ناوبراو ئێستا بۆ زیندانی شاری زاهێدان گواسترایەوە.
ناسر ڕەزایی، هاووڵاتییەکی دیکەی شاری ئاودانان، یەکەمین جار لە جۆزەردانی ١٤٠٢، دەستبەسەر و پاش ئازادیی بە شێوەی کاتی، دووبارە لە گەلاوێژی ١٤٠٢ پاش بانگهێشتکرانی بۆ دادگای شاری دێلوڕان دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەریدا لە پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و ئەمڕۆ بۆ زیندانی شاری کرمان دوورخرایەوە.
محەمەد حسێن حاسلی، دانیشتووی سەراب ئاوا لە شاری ئاودانان، لە گەلاوێژی ١٤٠٢، لە هێرشێکی تووندوتیژانەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ماڵەکەی دەستبەسەرکرا. کەرەستەی ماڵی ناوبراویان تێکداوە و ناوبراویان لێدان و ئەشکەنجە کردووە. ناوبراو پاش چەندین مانگ لە دەستبەسەری، ئەمڕۆ بۆ زیندانی وەکیل ئاوا لە شاری مەشهەد گواسترایەوە.