پێنج هاوڵاتی خەڵکی شاری شنۆ لە پێوەند بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ٣١ی گوڵانی ١٤٠٣، هەژار مەحمودی ٣٠ ساڵە، باست قادرزادە ٢٨ ساڵە، سەمیع مەحموودی ئەقدەم، دڵشاد شاداب ٣٢ ساڵە و تاهیر حاجیپوور ٣٨ ساڵە، پێنج هاوڵاتی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.
ئەم ٥ هاوڵاتیە پاش بانگهێشت کرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم ٥ هاوڵاتیە لە چالاکانی میدیایی و بەڕێوەبەرانی لاپەڕەی ئینستاگرامی «شنۆیەکەم»ن.
هێزە ئەمنییەکان هەروەها دەستیان بەسەر کەلوپەلی تایبەتی ئەم ٥ هاوڵاتیەدا لەوانە کۆمپیوتەر و مۆبایلەکانیان داگرتووە و پاش چەند کاتژمێریش لە دەستبەسەر بوونیان لاپەڕەی ئینستاگرامی هەریەکەیان بەردەست نەماوە.