بەرگریکردن لە خەڵکی ڕۆژئاوا لە ئاست ئەو مەترسیانەی کە هەڕەشەن بۆسەر دەستکەوتەکانیان، ئەرکێکی بەپەلە و هەنووکەییە!

هێزە ڕێکخراو و پڕچەککراوەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە، پێکهاتوو له سەلەفییە توندڕەوەکانی ناسراو بە “بەرەی تەحریر شام”، مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کورد لە کوردستانی سووریە (ڕۆژئاوا) پێشێل دەکەن. ئەم هێزانە کە لەچەند ساڵی ڕابردوودا کۆنترۆڵی پارێزگای ئیدلبی سوریەیان بە دەستەوە بووە، بە پشتیوانی و ڕێنمایی دەوڵەتی تورکیە، لە هیچ دەرفەتێک بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک کە زۆربەیان لە ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کورد پێکهاتوون، غافڵ نەبوون. ئێستا هەر ئەم هێزانەن کە حکوومەتی نوێی سوریەیان پێکهێناوە. یەکێک لە یەکەم کارەکانی ئەو دەوڵەتە نوێیەی دیمەشق، بریتی بووە لە هەڕەشەکردن و گوشارخستنەسەر سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا. ئەوان دەستبەجێ خوازیاری چەککردنی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک و ئازادکردنی دەیان هەزار زیندانیی داعشی بوون کە لە لایەن ئەو هێزەوە ڕاگیراون. هاوکات ئەرتەشی تورکیەش هێزەکانی لەسەر سنوور کۆکردۆتەوە و خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر کۆبانی و ناوچە کوردنشینەکانی دیکە، ئامادە کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە بەشێک لەو ناوچانە، لەوانە کانتۆنی عەفرین، چەند ساڵێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە داگیرکراوە و بە کردەوە وەک یەکێک لە پارێزگاکانی تورکیە بەڕێوەدەبرێت.

سیاسەتی ئەردۆغان بریتییە لە هەمیشەیی کردنی ئەو داگیرکارییە. زمانی فەرمی لەم ناوچەیە تورکییە و دراوی تورکی تێدا بەکاردێت. ئیدارە دەوڵەتییەکان بەشێکن لە ڕێکخراوە هاوشێوەکانیان لە تورکیە. بەشێکی زۆری دانیشتوانی کوردی ئەو ناوچانەیان بە زۆر ئاوارە کردووە و خەریکی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەن بۆ هەمیشە. کردەوەی داگیرکارانە و فراوانخوازانەی تورکیە لە کوردستان هەروا بەردەوامە و چاوی تەماعیان بڕیوەتە باقی ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دێموکراتیک. ئەرتەشی تورکیە لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە بە کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتەی کە تەرکیزی میدیاکان و سەرنجی ڕای گشتی لەسەر هێرشی دڕندانەی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو بۆ سەر غەززە، لە درێژەی هێرش و پەلامارەکانی پێشوویدا، بێ پسانەوە ناوچە کوردنشینەکانی بۆردومان کردووە. لەم هێرشە دڕندانەدا، وێستگەکانی کارەبا، وێستگەکانی گواستنەوەی وزە و پاڵاوگەکانی نەوت لەناوچوون و چەندین جار بە هێرشی ئاسمانی و تۆپخانە، نەخۆشخانەکان و سەرچاوەکانی دابینکردنی ئاو، کراونەتە ئامانج.

ئامانجی دەوڵەتی تورکیە لەم کوشتارانە لە کوردستانی سووریە، کە تادێت بەربڵاوتر دەبێت، بریتییە لە ئاوارەکردنی خەڵک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دێموکراتیک و جێبەجێکردنی سیاسەتی شۆڤینیستیانەی گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیای ناوچەکە. لەگەڵ کەوتنی بەشار ئەسەد لە دیمەشق، هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیە و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دێموکراتیک چڕتر بووەتەوە. ئاگربەستێکی کە بە نێوەندگیری هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە هاتبووە ئاراوە، بەردەوام لەلایەن بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیەوە پێشێل دەکرێت. فەرماندەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە، بەش بەحاڵی خۆیان گوشاریان خستۆتە سەر هێزەکانی سوریای دێموکراتیک و داوای کشانەوەی ئەو هێزە لە کۆبانی و چەککردنی دانیشتوانی ناوچەکە دەکەن. ئەرتەشی تورکیە هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە هێرشەکانی لە ڕۆژئاوا، بە دەستدرێژیکردنە سەر خاکی کوردستانی عێراق و دامەزراندنی دەیان بنکەی سەربازی لە قوڵایی ناوچەکە و بۆردومانکردنی بەردەوامی ئەو ناوچەیە، ماڵ و حاڵی خەڵک وێران دەکات و ڕەز و باخ و گێڵگە کشتوکاڵییەکان لەناو دەبات و ئەمنییەت و ئاسوودەیی لە خەڵک زەوت کردووە. بەجۆرێک کە هەر ئێستا بەشێکی زۆر لە باکووری هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەرتەشی تورکیەوە داگیرکراوە و ئەرتەشی تورکیە بەمەبەستی مانەوە و جێگیربوون، لەسەر ڕێگای پێشڕەوییەکانیدا دەیان بنکەی نوێی نیزامی دامەزراندووە و هەزاران سەربازی خۆی تێدا جێگیرکردووە.

ئێستا، بە ئاوێتەبوونی ناسیۆنالیزمی توندڕەوی تورک و بناژۆخوازیی ئیسلامی، شاهیدی توندوتیژی و تیرۆری دەوڵەتیی تورکیە لە کوردستانی تورکیە و لە هەردوو بەشی کوردستانی سووریە و عێراقین، واتە دەوڵەتی تورکیە هاوکات لە سێ بەشی کوردستان، خەریکی کوشتار و سەرکوتکردنی خەباتی خەڵکی کوردستانە. لە هەلومەرجێکدا کە دەوڵەتی ئەمریکا لە پێناو دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، لایەنگری و هاوئاراستەیی دەوڵەتی تورکییەی پێ باشترە لە پاڵپشتیکردن لە خەڵکی ڕۆژئاوا، لە هەلومەرجێکدا کە ئەو گرووپەی لە دیمەشق دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، بە هاوکاری دەوڵەتی تورکیە، چاوپۆشی لە مافەکانی خەڵکی کورد و لەناوبردنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بزووتنەوەی ڕۆژئاوای کردووەتە یەکەم ئامانجی خۆی، لە ئاوا هەلومەرجێکدا، تاکە لایەنگر و پشتیوانی ڕاستەقینەی بزووتنەوەی ڕۆژئاوا، بریتییە لە خەڵکی خەباتکاری ناوچەکە و ئازادیخوازانی جیهان. پشتیوانی هەمەلایەنە و داکۆکیکردن لە خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی کوردستانی سووریە بۆ بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانیان، پێویستییەکی بەپەلە و هەنووکەییە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

مهاباد؛ دەستبەسەرکردنی چیا نەسروڵڵایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

ج دسامبر 20 , 2024
چیا نەسروڵڵایی، هاوڵاتی شاری مهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مهابادەوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ژمارەی دەستگیرکراوانی مهاباد لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتە ١٥ هاوڵاتی. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ هاوڵاتییەکی تەمەن ٣٨ ساڵی خەڵکی شاری مهاباد بە ناوی چیا نەسروڵڵایی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شوێنی […]

You May Like