بە دەستگیرکردنی محەممەد بێهروزی، ژمارەی دەستگیرکراوانی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەیشتە ٤ هاوڵاتی.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ محەممەد بێهروزی، هاوڵاتی تەمەن ٢٨ ساڵانی خەڵکی گوندی ئەمیراوا لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شنۆوە دەستگیر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا کۆڵبەرنیوز دەستگیرکردنی ٣ هاوڵاتی دیکەی بە ناوی؛ موراد عەبدوڵڵا عومری، نورەدین مەلاعەلیزادە و تۆفیق ئەمینی، کە سەر بە گوندی «هێ»ی شاری شنۆن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕاگەیاندبوو کە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هێزە ئەمنییەکان بەبێ بڕیاری دادوەر ئەم ٣ هاوڵاتییەیان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستگیر کردووە. هێزە ئەمنییەکان پاش دەستگیرکردنی ئەم ٣ هاوڵاتییە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی ورمێ گواسترانەوە.
تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە زانیارییەک لە هۆکارەکانی دەستگیری، شوێنی مانەوە و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئەم ٣ هاوڵاتییە کراون لەبەردەستدا نییە.