سێیەمین داوای دادگاییکردنەوەی پەرهام پەروەری، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسەند کرا و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی هاوشێوە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتنی لە مازیار تاتایی، پارێزەری پەرهام پەروەری؛ «سێیەمین داوای دادگاییکردنەوەی پەرهام پەروەری لەلایەن لقی مامەڵەکار لە دیوانی باڵای وڵات پەسەند کرا. بە پێشێلکردنی فەرمانی دەرچوو، هیوادارین کە لقی هاوشێوە بە مەبەستی هەبوونی ئۆرگانی یاسایی تاوانی شەڕەنگێزی، بڕیارێک بۆ ناوبراو دەربکات».
لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ئەمساڵدا، داوای دووبارە دادگاییکردنەوەی پەرهام پەروەری بۆ دووەمین جار لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەتکرایەوە.
پەرهام پەروەری، لە ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی و دوورخستنەوەی لە زیندانی ئێڤین بۆ زیندانی ئێرانشار گواسترابوویەوە.
لە جۆزەردانی ١٤٠٢، لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر عەموزادە، ناوبراوی بە ١٠ ساڵ دوورخستنەوە بۆ زیندانی جاسک لە پارێزگای هورموزگان و ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری سزای بەسەردا سەپێنرا. سزای دەرچوو لەلایەن لقی نۆی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران پەسەند کرا.
پێشتر ڕامین سەفەرنیا، پارێزەری پەرهام پەروەری بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە بارەی تۆمەتەکانی دژی پەرهام پەروەری ڕایگەیاندبوو؛ «لە کۆتا پێوەندیدا کە پەرهام پەروەری لەگەڵ باوکیدا کردوویەتی ڕایگەیاندووە کە شەڕەنگێزی لە تۆمەتەکانی لابراوە و بە گردبوونەوە و پشتگیریکردنی، تێکدانی ڕای گشتی و تێکدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل تۆمەتبار کراوە».
تا ئێستا لە تۆمەتەکانی دژی ئەم پەرهام پەروەری زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.
پەرهام پەروەری، لە دوازدەی ڕەزبەری ١٤٠١، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە شاری تاران دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە چواردەی بەفرانباری ١٤٠١ لە گرتووخانەی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین بۆ زیندانی گەورەی تاران گواسترایەوە. ناوبراو لە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوو لە زیندانی گەورەی تاران بۆ بەشی شەشی زیندانی ئێڤین گواسترابوویەوە.
پەرهام پەروەری، لەدایکبووی ١٣٧٦، دەرچووی بەشی ئەندازیاری میکانیک لە زانکۆی پیشەسازی ورمێ، خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی شاری تارانە.