سزای ٢ ساڵ دوورخستنەوەی فەرهاد شێخە، چالاکی کرێکاری پاش ڕۆیشتنی بۆ دادگای دیواندەرە جێبەجێ کرا. ناوبراو دەبێت هەفتەی یەکجار لە کەڵانتەری ئەم شارە ئامادەبێت و ئیمزا بکات.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز بە وەرگرتنی لە هێرانا، فەرهاد شێخە، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سەقز و دانیشتووی شاری تاران بۆ تێپەڕاندنی سزای دوورخستنەوەکەی ڕەوانەی شاری دیواندەرە کرا. سزای ٢ ساڵ دوورخستنەوەی ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، پاش ئامادەبوون لە دادگای شاری دیواندەرە جێبەجێ کرا. ئەم چالاکەی کرێکاری دەبێت هەفتەی یەکجار لە کەڵانتەری ئەم شارە ئامادەبێت و ئیمزا بکات.
ناوبراو لە پووشپەڕی ئەمساڵدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کەرەج بە سەرۆکایەتی دادوەر «سەید موسا ئاسف ئەلحسێنی» بە تۆمەتی «چالاکی بانگەشەی دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی» بە ساڵێک زیندانیکردن، ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری دیواندەرە لە پارێزگای کوردستان و ٢ ساڵ قەدەغەی ڕۆیشتنە دەرەوە لە وڵات و ٢ ساڵ قەدەغەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران «پاش تەواوبوونی ماوەی دوورخستنەوەکەی» سزای بەسەردا سەپێندرابوو. لە ٨ی خەرماناندا، ماوەی سزای ناوبراو لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئەلبورز بۆ ٨ مانگ کەمکرایەوە.
ناوبراو لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ئەمساڵدا، پاش ئامادەبوون لە لقی یەکی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای گشتی و شۆڕشی هەشتگەرد دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی بۆ زیندانی ناوەندی شاری کەرەج گواستراوەتەوە. ناوبراو لە دووی بەفرانباردا، لە ژێر چاودێری ئەلیکترۆنیدا لە زیندان ئازاد کرا. سزای ناوبراو لە ١٤ی ڕەشەمە کۆتایی هات.
فەرهاد شێخە، لە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گواستراوەتەوە.
ناوبراو لە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢، پاش پێداچوونەوەی تۆمەتەکانی لە دادگای هەشتگەرد، بە کەفالەتی ١٠٠ ملیۆن تمەن لە زیندانی ناوەندی شاری کەرەج ئازاد کرا.
ئەم چالاکەی کرێکاری پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانیەوە دەستبەسەر و سزای بەسەردا سەپێندراوە. ناوبراو لە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١، پاش دەرچوونی لێبووردنی گشتی لە زیندان ئازاد کرا.