ئایا سەردەستەکان دەتوانن بۆ ژێردەستەکان بدوێن؟ – هێرۆ خۆسرەوی

ئایا سەردەستەکان دەتوانن بۆ ژێردەستەکان بدوێن؟

هێرۆ خوسرەوی

لەم ڕۆژانەی پێشوودا لەلایەن هەندێک کەسەوە هەندێک پشتگیری و هاوپشتییم بینی، کە وا دەردەکەوێت بە زیندانیکردن و ئەو بڕیارەی بۆ زارا محەمەدی دراوە ناڕەحەتبن، ناڕەحەتبوونەکەش تەنها لە چەند ڕستەیەکدا قەتیس ماوە، کە پێیوایە زارا لەبەرئەوەی پێداگری کردووە بۆ فێرکردنی منداڵانی کورد بە زمانی کوردیی. ئەمە تا ئێرە هیچ کێشەیەکی تێدا نییە، بەڵام پێویستە بەرلەوەی تەنها لە پرسی زارادا کورت ببینەوە، ڕووداوەکانی پێش و پاش ئەو بڕیاری زیندانیکردنە، بخوێنینەوە و خاڵ و هێڵە هاوبەشەکانیان دەست نیشان بکەین کە بۆچی ئەو کەسانەی دەیانەوێت هاوسۆزییەک نیشان بدەن، یاخود ناڕەحەتن بە ڕادەستکردنی زارا، بێجگە لە نیشاندانی ئەو ناڕەحەتییە، ئاماژە بە هیچ شتێکی دیکە ناکەن، هەتا ئاماژە بەوە ناکەن کە لەلایەن کێوە زارا دەگیرێت؟ یاخود بێن لەسەر ئەو لایەنە بدوێن کە زارا دەخاتە زیندانەوە لەبەر هەوڵی زارا بۆ فێرکردن و فێربوونی زمانی کوردی. چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هەموو پێگە هەواڵیی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕدەبین لە وێنەی کەسانێکی زۆر کە بەشدارییان لە یادکردنەوە و پرسەدانانی قاسم سولەیمانییدا کردووە (یەکێک لە ژەنەڕالەکانی سوپای پاسدارانی ئێران)، بە نوینەری هەڤاڵ ئەبوبەکر (پارێزگاری سلێمانیی). بەر لەم ڕووداوانەش نمایشکردنی فیلمی دارگوێز و دواتر فیستیڤاڵی فیلم لەسلێمانی، کە دەرهێنەران و ئەکتەرانی ئێرانی بانگهێشتکرابوون بۆ بڕیاردان و دەستنیشانکردنی ‘فیلمی باش’.

ساڵانێکی زۆرە بەشێکی زۆر بە ئاگایی و مەبەستێکی دیاریکراوەوە بانگەشە بۆ ئێران و کولتووری فارس دەکرێت، زۆرێک هەتا ئەوەندە کەوتوونەتە نێو ئەو بانگەشە کارییانەوە، کە ئەگەر کەسێک تەنها بە فارسی بدوێت و ئێرانییش نەبێت، ئەوا ڕاستەوخۆ دەخرێتە پاڵ ‘کولتووری باڵای ئێران’ەوە. ئەم شێوازە لە بانگەشەکردنە بۆ ئێران و کولتووری فارسی لە بانگەشەکردن بۆ فیلمی دارگوێزدا دەگات بە لوتکە و بەشێوەیەکی سیستێماتیکی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی بانگەشەکاری ئێرانیزم بە ئاشکرا دەڵێن: فارسەکانن دەتوانن بۆ ئێمە بدوێن.

 یەکێک لەو ڕۆشنبیرانەی کە لەو ماوەیەی پێشوودا بانگەوازی ئەوەی دەکرد، کە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە، لە دوای بینی فیلمەکە دەڵێت: “مەعقول نییە خوا جارێکی تر کورد بخاتەوە دۆزەخ”. ئەگەرچی لە زۆرینەی نوسین و گوتارەکانیدا دەیەوێت ئەوە دەربخات، کە ئەو کەسێکی ئاتێئیستە و دژی ئیسلام دەدوێت، بەڵام کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر باڵادەستی کۆلۆنیالیزمی ئێرانی، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەو دەبێت بە کەسێکی بەباوەڕ و پێیوایە ئەوە خودایە کوردەکانی کیمیاباران کردووە، نەک دەسەڵاتێکی داگیرکار و کۆلۆنیالیست، کە مەبەست لە کیمیا بارانکردنەکەش بەر لەهەر شتێک قڕکردنە. بەبێگومان کیمیابارانکردنی کوردەکان بەدەستی سەدام حوسێین یەکێکە لەو قڕکارییانەی کە داگیرکەرانی کوردستان گرتوویانەتە بەر، بەڵام باسکردنی نەهامەتییەکانی کورد لە دەمی لایەنێکەوە کە خۆی هیچی کەمتر نییە لە داگیرکەرانی دیکە، ئەوا ئەو پرسیارەمان بۆ دروست دەکات، کە بۆچی دەرهێنەرێکی ئێرانی سوپای پاسدارانی ئێران دەیەوێت لەخەمی کورد تێبگات و خەمی کورد بناسێنێت؟ ئەم پرسیارە بەپێی تیۆرە دژە-کۆلۆنیالیستییەکان ڕەنگە سادەتر شیکاربکرێت و بەئەنجامێکمان بگەیەنێت.

کەسێک کە دەقە بەناوبانگەکەی سپیڤاکی خوێندبێتەوە، دەزانێت ئەو پرسە چ واتایەکی هەیە: “ئایا ژێردەستەکان دەتوانن بدوێن؟” کە یەکێکە لە تیۆرییە کلاسیکەکان بۆ پۆست-کۆلۆنیالیزم و تا ئێستاش گرنگی و هەنوکەییبوونی خۆی لەدەست نەداوە. نوسەر و ئەدەبیاتناسی ئیندی-ئەمریکی گایاتری چارکراڤۆتری سپیڤاک لەمیانەی دەقەکەیدا، ئاماژە بە فۆڕمێکی توندوتیژی دەکات، کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە زانین و مەعریفەوە هەیە، کە دەکرێت لە نێو پەیوەندییەکانی توندوتیژی و نایەکسانییەکان جێی بۆ بکرێتەوە، کە سپیڤاک بە ‘توندوتیژیی زانین’[٣][1] ناویدەبات، کە چۆن دەکرێت توندوتیژی لە ڕێگەی زانست و زانیارییەوە ئەنجام بدرێت. ئەم پێکبەندییەی نێوان توندوتیژی و زانستە لە دیسکورسە سێکسیستی و ڕاسیستییەکاندا باشتر خۆی دەردەخات، کە لەڕێگەی ئەو دیسکورس و زانینانەوە کۆلۆنیزەکراوەکان هەمیشە وەک ئۆبیێکتێکی پاسیڤ دەنوێنێتەوە و هیچ کات وەک سوبیێکتێکی چالاک ناویان ناهێنرێت.

بەمپێیە ‘توندوتیژیی زانین’ بەشێکە لە پەیوەندییەکانی توندوتیژی، کە مامەڵە فیزیکی و سایکۆلۆژییە توندوتیژییەکان تێدەپەڕێنێت و دەچێتە نێو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا و دیسکورسە کولتووری و زانستکارییەکانەوە. ئەم دەقەی سپیڤاک بە تەنها سەرنج ناخەتە سەر ئەدەبیاتی ئیندستان وەک وڵاتێکی کۆلۆنیکراو، بەڵکو دیسکۆرسەکانی نێوان خەڵکانی ژێردەستەی کۆلۆنیالیزم و سەردەستەکان (بەریتانیا بە نموونە) شیدەکاتەوە، کە چۆن ژێردەستەکان دەتوانن خۆیان دەرببڕن. بەپێی سپیڤاک ژێردەستەکان ناتوانن بەزمانی دەسەڵاتی سەردەستە بدوێن و خۆیان دەرببڕن و ناتوانن ببنە بەشێک لەو زمانە. سپیڤاک بە پشتبەستن بە چەمکی «ژێردەستەکان»ی ئەنتۆنیۆ گرامشی دەیەوێت ئەو گروپە ژێردەستانەی نێو دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستییەکان وەسف بکات، کە کەوتوونەتە پەراوێزەوە و پێیوایە کەسێک کاتێک لە نێو ئەو باڵادەستی و سیستەمی کۆلۆنیالیستییەدا دەتوانێت بدوێت، کە چیتر کەسانی ژێردەستە لێی تێناگەن، یاخود بەدەربڕینێکی دیکە ئەو کاتەی توانای قسەکردن بەدەست دەهێنێت کە چیتر دەنگی ژێردەستەکان نییە، چونکە خۆ گونجاندن لەگەڵ دەسەڵاتی سەردەستە و وەرگرتنی بەها، پێوەر، زمان و دەربڕینەکانی گەلی سەردەستە، وەرگرتن و بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات و توندوتیژییە. سپیڤاک لەم پڕۆسەیەدا پێوانە بنچینەییە کۆلۆنیالیستییەکان و هەروەها پۆست-کۆلۆنیالیستییەکان لە تیۆرو پراکسیسدا دەستنیشان دەکات. بەڕوونی ئەوە دەخاتە بەرچاو کە بۆ کەسێکی دیکە مامەڵەکردن و لەجیاتی کەسێکی دیکە قسەکردن، ئەو دەرفەتە دەخوڵقێنێت کە ئەوی دیکە لەو دۆخانەدا هەمیشە بێدەنگ بکرێت و ڕێگە بە دەربڕینی خۆی نەدرێت.

ئەگەر لە ڕوانگەی سپیڤاکەوە پێداچونەوەیەک بکەین بۆ ئەو دیاردانەی پێشووتر و ئەو دیاردانەی لە ئێستادا ڕوودەدەن، ئەوا دەبینین کە چۆن هەر یەکێک لەو کەسانەی (ئەمە کورد و فارسەکانیش دەگرێتەوە) دەیانەوێت لەبارەی خەمی کوردەوە بدوێن، چۆن دەربڕین و گوتارەکان و وێناکردنەکانیان لەگەڵ زمانی سەردەستەدا دەگونجێنن، بەهمەنی قوبادی بە نموونە، کە وێنەی بکەری کورد بەرهەمهێنەرەوەی وێنە و دیدی فارسێکە بەرامبەر کورد. بەو مانایە ئەو وێنەیەی قوبادی بۆ کوردی دروستدەکات، هەمان ئەو خواستەیە کە فارس دەیەوێت پیشانی بدات، ئەمەش ئەو تێزەی فرانتز فانۆن پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕۆشنبیر و هونەرمەندی کۆڵۆنیزەکراو ڕۆڵی وەرگێڕانی وێنەی کۆڵۆنیالیست بۆ نێو زمانی لۆکاڵیی خەڵکانی کۆڵۆنیزەکراو وەردەگێڕێت و دەبێتە پردێک لە هەم پێکەوەبستنەوەی سەردەستە و ژێردەستە و هەم لەم میانەیەشدا باڵادەستکردنی کولتووری سەردەستە. فارسەکان هەمیشە ویستوویانە کورد وەک میواندۆست، سنوورنشین، کێونشین و کۆچەریی نیشان بدەن، قوبادی هەمان وێنە بەرهەم دەهێنێتەوە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا کوردانی باشوور بەتایبەتی توێژی ڕۆشنبیران دابڕاو نین لەم حاڵەتە. دەبینین لە باشوورەوە یەکێک لەو ڕۆشنبیرانە لە پێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک)ی خۆی بانگەواز دەکات: “ھەر کوردێک، ھەر سینەما-دۆستێک، ھەرکەسێک کە گرنگی بە مێژوو دەدات دەبێت ئەم فیلمە ببینێت! ئامادە بە بۆ گریان نەک تەنھا لەبەر ئەو وێرانکاری و کارەساتەی فلیمەکە دەیگێڕێتەوە بەڵکو لەبەر ئەو ھەموو ساتە جوانە پڕ لە مرۆڤدۆستییەش کە لەم فیلمەدا جێی بۆتەوە”. لێرەدا ئەویش وەک کەسێک کە ئێستا توانای دەربڕینی هەیە، بەهەمان پێوەرەکانی گەلی سەردەست دەدوێت و ڕوودانێکی تراژیدی دەگۆڕدرێت بە ساتێکی جوانی مرۆڤدۆستی و چێژی ئێستاتیکیی. بەهەمان شێوەش شاعیرێک دەنوسێت: “ئەگەر کاتیشتان نەبوو، هەر بڕۆن فیلمی “دارگوێز” ببینن، بڕۆن دیوە جوانەکەی کوردبوون، کوردبوونە سادەکە، کە خەڵکی تر پیشانمان دەدا. [….] بڕۆن ‘دارگوێز’ ببیینن و بەو ئاگری داهێنانەی ئەوانی تر، کورد ببنەوە، ڕۆشن ببنەوە و گەرم ببنەوە. بڕۆن “دارگوێز” ببیینن و بزانن کە هێشتا کارەساتەکان چەند تازەن و قوربانییەکان چەند زیندوون و فرمێسک هێشتا چەند تەڕە”.

لە پەیوەندیدا بە ‘توندوتیژیی زانین’ەوە سێباستیان گاربە پێیوایە سوبیێکتیڤیتی مۆدێرن بەپێی قۆناغ و پڕۆسە یەک دوای یەکەکان بونیادنەنراوە، بەڵکو بەدەقیقی لە دۆخێکی کۆلۆنیالیستیدا خۆی جێگیرکردووە و هەلومەرجێکی خوڵقاندووە کە کەسی کۆلۆنیکراو ئامادە بکات لەڕێی داگیرکردنی هۆشیارییانەوە. ئەوانیش وەکو باڵادەستە کۆلۆنیالەکان فێربکرێن، بۆئەوەی بەشارستانی بکرێن، بە مۆدێرن و گەشەسەندوو بکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا بۆئەوەی بچەوسێنرێنەوە و کۆنتڕۆڵ بکرێن[٦][2]. پەروەردەکردنەی سوبیێکتی کۆلۆنیکراو لەڕێگەی چەوساندەوە و کۆنتڕۆڵکردنەوە بەرەو دۆخێکی دیکەی دەبات کە خۆی چیتر نەتوانێت پێناسەی خۆی بکات و دونیای خۆی بناسێتەوە، بەڵکو بەرەو پڕۆسەیەک هەنگاو دەنێت، خودی خۆی لە وێنای ئەوی دیکەدا بخوێنێتەوە. ئەم پڕۆسەیەی کە خودی خۆت لە ‘ئەویدیکە’دا ببینیت، لەگەڵ پیادەکردنی سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەکاندا جێبێجێ دەکرێت. کە کەسانی کۆلۆنیکراو و ژێردەستە چیتر ناتوانن خۆیان بەنیگای خۆیان بخوێننەوە، بەڵکو بەهەمان چاوی باڵادەستی کۆلۆنیالەوە خۆی وەکو بێگانەیەک دەنوێنرێنەوە. لێرەدا توندوتیژی ئەوەیە کە نەتوانی جیهان و دیاردەکان بە چاوەکانی خۆت ببینیت و بەپێی هەست و هۆشی خۆت لێکدانەوەیان بۆ بکەیت.

ئالیشا هاینەمان و کاسترۆ ڤارێلا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ‘توندوتیژیی زانین’ فۆڕمێکی دیکە دەدات بە هۆشی ژێردەستەکان، بەچەشنێک کە لە دژی خواستە دەستە جەمعییەکانیان کاربکات، هەر بۆیەش زۆرکات گروپەژێردەستەکان چەوسێنەرەکانی خۆیان ناناسنەوە[٧][3]. ‘توندوتیژیی زانین’ هەم خراپقۆستنەوە و هەم سڕینەوەی زانین و هۆشی ژێردەستەکان دەگرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا پیادەکردنی هەژموونی باڵادەست و زانینی باڵادەستە. بۆیە ڕەنگە بۆ بکەرێکی ژێردەستە کە چەندین جۆری چەوساندنەوە و قڕکردنی ئەزموون کردووە، ئاسان نەبێت لێکجیاکردنەوەی ماتەمگرتنی بۆ قاسم سولەیمانی، بانگەشەکردنی بۆ سینەمای کۆلۆنیالیستی و پشتیوانیکردنی زارا موحەمەدی.  

لە دەرئەنجامدا دەکرێت بگوترێت، کەسانێک کە ئەگەر بەشێوەیەکی ڕەمزیش ژێردەستەبن، بەڵام کاتێک فێری گووتن دەبن، فێری دەربڕین دەبن، دەنگی خۆیان لەدەست دەدەن و دەبنە ئامرازێک با ساناتر سەپاندنی دەسەڵاتی سەردەستە و هیچ گوتارێکیان نایانبەستێتەوە بە ژێردەستەکانەوە. فرانتز فانۆن لە دەستنیشانکردنەکانیدا بۆ میکانیزمی کارکردنی کۆڵۆنیالیی، سێ خاڵی دیاریکردووە کە لێرەدا ئاماژەم بە خاڵی دووەم کرد، واتا ڕۆڵی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان لە گواستنەوە و وەرگێڕانی زەینی کۆڵۆنیالیست بۆ نێو وێنەیەکی لۆکاڵیی و باڵادەستکردنی کولتووری کۆڵۆنیالیزم، بەڵام خاڵێکی دیکە لە دەستنیشانکردنەکەی فانۆندا هەیە بریتییە لەو دابەشکارییە ناوخۆییەی کۆڵۆنیالیزم لە وڵاتێکی کۆڵۆنیزەکراودا ئەنجامی دەدات و یەکە کۆمەڵایەتییەکان بۆسەر گروپی جیاجیای وەک خێڵ، عەشیرەت، کرێکارانی ئیمتیازداری نزیک لە کۆڵۆنیالیزم و کرێکارە ژێردەستەکان و پاشان لومپەن پرۆلیتارەکان کە فانۆن لە شۆڕشی جەزاییردا بە ‘فەلاح’ ناوی دەبردن. دەکرێت لومپەنەکان و یەکە خێڵەکییەکان لە پرۆسەی زەمەنییدا بگۆڕێن بۆ کۆمەڵێک ڕێکخراوی مۆدێرن بەڵام هەمیشە وەک ئاڵاهەڵگر و شەقاوەی کۆڵۆنیالیستەکان دەمێننەوە، کەواتە نابێت تووشی شۆک ببین کاتێک دەبینین هەڤاڵ ئەبووبەکر و هەموو حزبەکانی ناوچەی سلێمانیی لەژێر دروشمی ‘سەرداری دڵان’دا داوا دەکەن ڕۆژی تیرۆری قاسم سولێمانیی بکرێتە ڕۆژی ئاشتیی جیهانیی. ڕۆڵی ڕۆشنبیران و هونەرمەندان لە بەئەبەدییکردنی کولتووری کۆڵۆنیالیزم هاوشانی ڕۆڵی لومپەن پرۆلیتارەکان دەڕواتە پێشەوە و یەکتر تەواو دەکەن.


[1] Spivak, Gayatri Chakravorty 1988. Can the Sub­al­tern Speak? In: Nel­son, C. & Grossberg L. (Eds.) Marxism and the Interpretation of Culture. Basing­stoke. S43

[2] Garbe, Sebastian (2013): Deskolonisierung des Wissens. Zur Kritik der epistemischen Gewalt in der Kultur- und Sozialanthropologie. In: Austrian Studies in Social Anthropology Nr. 1: 1-17. URL: http://www.univie.ac.at/alumni.ksa/index.php/journale-2013/ deskolonisierung-des-wissens.html. S.5

[3] Heinemann, Alisha M. B./Castro Varela, María do Mar (2016): Ambivalente Erbschaften. Verlernen erlernen! In: Zwischenräume Nr. 10. URL: http://​www.trafok.at​/_​media/​download/​Zwischenraeume_​10_​Castro-​Heinemann.pdf. S.3

هێرۆ خۆسرەوی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

ئایا چەپی کوردیش دەتوانێت بدوێت؟

چ ژانویه 12 , 2022
ئایا چەپی کوردیش دەتوانێت بدوێت؟ سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی، کۆلۆنیالیزم، کێشەکانی کۆمەڵە و چەپی ئێرانی دەروازە بەبێ گومان لە مێژوودا هیچ کەس و ئایدیایەک هێندەی مارکس و مارکسیستەکان گرنگییان بە چارەنووسی گەل و نەتەوە بندەستەکان نەداوە. بەپێچەوانەوە سەرمایەداری و ئیمپریالیزم هەمیشە بوونەتە هۆی دابەشکردن و ژێردەستەکردنی گەل و نەتەوە جیاوازەکان. […]

You May Like