٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ڕەحمان ئەحمەدی و عادل ئەحمەدی دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری بانە تێدەپەڕێت و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ڕەحمان ئەحمەدی و عادل ئەحمەدی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “سیوچ”ی سەر بە شاری بانە تێدەپەڕێت، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەدواداچوونی کەسوکاری ئەو هاووڵاتیانە هیچ ئەنجامێکی نەبووە و دەزگا ئەمنییەکان ڕەتیدەکەنەوە هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو دوو هاووڵاتییە بدەن.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی تایبەتی ڕەحمان ئەحمەدی، عادل ئەحمەدی و بێهزاد عوبێدی لە گوندی “سیوچ”ی شاری بانە و دەستبەسەریان کردن و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە. بێهزاد عوبیدی دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کرا، بەڵام ڕەحمان و عادل ئەحمەدی تا ئێستا دەستبەسەرن و بارودۆخیان نادیارە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتی ئەو هاووڵاتیانە لەبەردەستدا نییە.