بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خوێندكارانی ئەمریكا،  “نا” بۆ جەنگ و زیاتریش

نوسەر: كارزان عەزیز

ناڕەزایەتیی خوێندكاران لەناو زانكۆكاندا دیاردەیەكی نوێ نییە و بگرە نەریتێكی چەندین سەدەییە. بۆ نموونە، دەگوترێت یەكەم ناڕەزایەتیی لەم جۆرە لە ساڵی ١٢٠٩ لە زانكۆی ئۆكسفۆرد ئەنجامدراوە. ئازادیی ڕادەڕبڕین و خەباتكردن لەپێناو گۆڕانی كۆمەڵایەتییدا پرسی جەوهەریین لەبەرئەوەی خوێندكاران لەناو زانكۆكاندا، نەك لەبەر خودی زانكۆكان، بەڵكو وەك نەوەی نوێ بڕوایان بە دەنگ و وزە و كرداری خۆیان هەیە لە ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتییدا.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەكانی دژ بە جەنگ و جینۆسایدی غەززە لە كەمپی كۆمەڵێك زانكۆدا سەریان هەڵدا و لە ئێستاشدا درێژبوونەتەوە بۆ سەر شەقامەكان. جارێكی دیكە بینەری جۆرێك لە خەباتی خۆبەخشانەی گەنجانین كە بە گرنگییەوە بایەخ بە دۆزگەلێكی ژیانەكی و زیندوو دەدەنەوە. هەرچەندە ئەوەی دەستكەوتەكانیان تا ئێستا چین و كامانەن جێگای مشتومڕ و لێكدانەوەیە. بەڵام، بێگومان، ئەم وزە نوێیە ڕەنگدانەوەی زیندوێتیی گەنجان و خوێندكاران و هەروەها كارامەییانە لە هەڵوێستە سەرنجڕاكێشە واقعییەكانیان دژ بە جەنگ و دەستدرێژییەكانی سەرمایەداریی نوێ و ڕاستڕەوەكان لە جیهاندا كە لە گەشەكردندایە. نەوەی نوێ لە زۆر دۆخدا توانیویانە نوێنەرایەتی لە هاتنی جیهانێكی نوێ بكەن، هەروەها بەردەوامییش بدەن بەو ناڕەزایەتییە مانادارانەی كە نەوەكانی پێش خۆیان ئەنجامیانداون، وەك لە نموونەكانی خوارەوەدا هاتوون.

لە ساڵانی ١٩۵٠دا، خوێندکاران ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە جۆزێف مەکارتیزم و هەڕەشەکانی بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین، دەربڕی. لە ساڵانی شەستەکاندا، خوێندکاران مافە مەدەنییەکان و بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی دژە جەنگی ڤێتنامیان هێنایە ناو کامپەکانی زانكۆكانەوە. هەروەها لە هەمان ئەو ساڵانەدا، خوێندكارانی زانكۆی ئۆهایۆ و زانكۆی حكومیی كێنت دژ بە داگیركردنی كەمبۆدیا وەستانەوە؛ هەر بەم هۆیەوە چەندین خوێندكار لە لایەن پۆلیسەوە كوژران. ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی دژە ئاپارتایدی بەهێز لەدایكبوو، كە لەنێویاندا “شانتی تاونس” بەشێك بوو لە دەرئەنجامەكانی. لە ساڵانی نەوەدەکاندا، خوێندکاران ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە پەیوەندییەکانی زانکۆکانیان لەگەڵ فرۆشیارانی جلوبەرگ، وەک نایک، کە هەلومەرجی زۆر خراپی ژیانی كرێكارانیان خستە بەردەم پرسیار و لێپێچینەوەوە. لە ساڵانی سەرەتای دوو هەزارەكانیشدا، شەپۆلی گەورەی دژ بە جەنگی عێراق و ئەفغانستان هاتنەئاراوە و هەروەها بەم دواییانەش، کەمپەکان پڕ بوون لە چالاکییەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پشتگیریکردن لە ژیانی ڕەشپێستەکان، جگە لەوەی ئێستاش دەبینین شەپۆلێكی گەورەی دیكە دژ بە جەنگی غەززە لە گۆڕەپانە كراوەكانی ناو و دەرەوەی زانكۆكاندا. ئەوە هیچ گومانێكی تێدا نییە كە ئەم بزووتنەوە واقعییانە كاریگەریی ئەرێنی دادەنێن لەسەر پەلكێشی و دەستدرێژییەكانی دەوڵەت و چینەكانی سەرەوەی كۆمەڵگا.

نەوام چۆمسكی لە ستایشی ڕای گشتیی ئەمریكیدا دژ بە جەنگی عێراق پێیوایە كە ڕاستە ڕای گشتی نەیتوانی بەر بە جەنگی عێراق بگرێت بەڵام خۆ لانی كەم هۆشدارییەكی هێندە گرنگ بوو كە دەوڵەت ناچار بە پاشەكشە و پەشیمان بوونەوە بكات لەبەرامبەر چەندین پلانی دیكەدا. بۆ ئێمەش لە ساتێكی وادا كە قوربانیی ڕاستەوخۆی جەنگی غەززە نین، هەست بەو دۆخە كانتییە دەكەین كە وەك تەماشاكەری ئەو بزووتنەوە و جوڵانەوە گەنجانەیەی كە دژ بە جەنگ و ئەپارتاید و جینۆساید تێدەكۆشێت، بۆنی ئومێد و هیوایەكی ڕابردوو دەگەڕێتەوە ناو ژیانمان.

نەوە نوێكان، بەتایبەت تەمەنی خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە قۆناغێكی پڕ لە وزە و بیركردنەوەی ڕەخنەی و بەرەنگاربوونەوەن، لە بەرامبەر ئایدیاڵ و نەریتە كۆنە دامەزراوەكاندا وەستاونەتەوە. ئەمەش وامان لێدەكات هەمیشە چاوەڕوانیی ئەوەیان لێبكەین بە دیدگا و خەون و ئارەزووی جیاوازەوە لە ژیان بڕوانن و تێگەشتن و هیوای نوێمان پێببخەشن. توێژینەوەكانیش ئەوەیان پشتڕاست كردووەتەوە كە گەنجان چالاكترن، كاتی ئازادی زیاتریان هەیە لە كۆتوبەندەكانی كار، و هەروەها نەرمونییانی و توانای خۆگونجاندنی باشتریان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕەكان. لەگەڵ ئەوەشدا، كەمپی زانكۆ جێگایەكی گرنگە بۆ چالاكی لە جۆری كۆمەڵایەتییبوون و بەریەككەوتن، گفتوگۆ و دیبەیتكردنی خوێندكاران و نەوە نوێكان لەگەڵ یەكدیدا. لێرەوە كەمپی زانكۆكان، بەتایبەت گۆڕەپانە كراوەكان، نەك پۆلەكان، دەبنە جێگای گرنگ بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی داهێنەرانە و ڕەخنەیی و بەریەككەوتنی بۆچوونە دژبەیەك و جیاوازەكان، بەتایبەتتریش گۆڕەپانی ئەو زانكۆیانەی كە خوێندكاری فرە-زمان، نەتەوە و ئایین و ئایدۆلۆژیای جیاوازی تێدایە، یان ئەو زانكۆیانەی كە زانستنە كۆمەڵایەتی و مرۆییەكان تێێاندا بەهێزن.

سەرباری ئەوانە، زۆربەی جار دەزگای كارگێڕی و ئیداریی زانكۆكان بەشێوەیەك دامەزراون كە بتوانن ڕێگری لەم جۆرە شەپۆلانەی بەرەنگاری بكەن و پەنا ببەنە بەر ئامراز و كەرەستەی سەركوتكەرانە بۆ دامركاندنەوەی چالاكییەكان، تەنانەت ڕێگادان و بانگهێشتكردنی دەزگا داپڵۆسێنەرە سەربازی و ئەمنییەكان بۆ كپكردنەوەی زۆرەملێیانە و سزادەرانەی بەرەنگاران لەناو و دەرەوەی كەمپەكاندا. بۆ نموونە، میونی شەفیك، سەرۆكی زانكۆی كۆڵۆمبیا لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكاندا (١٧ی ئەپریل) لەناو زانكۆی كۆڵۆمبیا، دەستبەجێ ڕێگری لە هاتنەژوورەوەی خوێندكارانی ناڕازیی كرد بۆ ناو زانكۆ و لەگەڵیشیدا نامەیەكی تایبەتی ئاڕاستەی پۆلیس كرد و داوای لێكردن لە ڕێگەی لابردن و دەركردنی ئەو خوێندكارانەوە دەستوەردان بكەن. ئەوە بوو، زۆری نەخایاندا، ۵۴ ئەندامی هەمیشەیی سكوڵی یاسای هەمان زانكۆ ڕەخنەی توندیان ئاڕاستەی بڕیارەكەی سەرۆكی زانكۆ كرد. هەرچەندە، ئەوە لای هەمووان ڕوونە كە هیچ یەكێك لەم هێز و ڕێگرییانە ناتوانن كۆتایی یەكجارەكی بە ناڕەزایەتییەكان بهێنن و چەندین جاریش پێچەوانەكەیان بەرهەمهێناوە. هەروەها، لەبەرامبەر هێز و ئامادەیی نوێی دەزگای دیسپلینی و سەركوتكەردا، گەنجان و خوێندكارانیش خۆیان بەهێزتر و ڕێكخراوتر دەكەن و پەنا دەبەنە بەر ڕێگای نوێ و توندتر. بۆیە بە ڕیكەوت نییە كە تەماشای بەشێك لە ناڕەزایەتییە خوێندكارییەكان دەكەین، هەر لە كوردستان و عێراقەوە بۆ ئەمریكا، دەبینین ناڕازییەكان پەنادەبەنە بەر هەڵدانی چادر و مانەوەی نیمچەكاتی هەڵدەبژێرن. مانایەكی ئەمەش ئەوەیە كە گروپ و نەوە ناڕازییەكان، یادەروەرییەكانی ڕابردوو و جوگرافیاكانی دیكەیان بیرناچێتەوە و ئەزموونی نەوە و جێگاكانی پێشووتر/دیكە لە ئاگایی دەستەجەمعییاندا هەڵدەگرن و بێ ڕێككەوتن دووبارەی دەكەنەوە و ئەزموونی نوێشیان سەربار دەخەن.

ئەوەش دەبینرێت كە فاكەڵتییە جیاوازەكان و بەشێك لە مامۆستاكانیان، ئەوانەی كە لە كاتی گەنجێتی و خوێندكارێتییاندا ئامادەییان هەبووە لە ئەزموونی بەرەنگارییەكانی پێشووتردا، دەبنە پاڵپشتیكەری نەوەی نوێ. بەڵام فشارەكانی سەر مامۆستایان و دامەزراوانی دەزگاكان لە ناوەوە و دەرەوەی دەزگاكانەوە دەكەونە ژێر هەڕەشە و فشاری خودی زانكۆكانیانەوە، بەتایبەتیش دەكرێت لەسەر ئەو بنەمایە بكرێنە ئامانج كە گرێبەستەكانیان پێشێلكردبێت و هەروەها دەزگای ئەمنییش وەك ڕابەری بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكان تەماشایان بكەن. بۆیە سەیر نییە كە ژمارەی ئەو مامۆستا و دامەزراوانەی ناو زانكۆكان كە لەمڕۆدا بە تەنیشت خوێندكارانەوە دەبینرێن ڕیژەیان زۆر نییە، هەرچەندە ڕێژەی خوێندكاران و مامۆستایان ناهاوسەنگە. بەڵام چەند جارێك ئەو ئەزموونەمان بینیوە كە مامۆستایان و دامەزراوان خۆیان كردووە بە قەڵغانی پارێزەر بۆ خوێندكاران و گەنجان لە بەرامبەر هەڕەشەی پۆلیسدا. جارێكیتر ئەم فۆرمە لە ڕێكخراوێتی نێوان مامۆستایان و خوێندكاران لەخۆڕا نییە و بەڵكە نیشاندەری ڕێكخراوێتییەكی قووڵترە لە پەیوەندییەكانی ئەو توێژە جیاوازانە كە شان بە شانی یەكتر هەم تێدەكۆشن و هەمیش دەكرێنە ئامانج.

هەموو ئەمانەش وایانكردووە كە تێگەشتن و وەڵامدانەوەی هێزی باڵادەست بكەوێتە لەرزین و هەڵەشەییەوە دژ بە بزووتنەوە خوێندكارییەكان. بۆ نموونە، فووتێكردنێكی فریودەرانە هەیە بەوەی كە دەزگا كارگێڕییەكان دەتوانن ڕێگا لە خوێندكاران بگرن، لەسەروی هەموویەوە بە سزادان و دەركردنیان، بەڵام هەر كاتێك ئەو بزووتنەوە خوێندكارییانە فراوانبوون و ڕێكخراوبوونی زیاتریان بەخۆوە بینیوە، ئەوا دەستكەوتی ناڕەزایەتییەكانیانیش دڵنیاتر بوونەتەوە. بۆیە ئەو متمانەیەی بە یاسا و ڕێكارە جڵەوگیرییەكان هەیە، لە بەرامبەر بزووتنەوە گەورە و خاوەن دۆزەكاندا لە ماوەیەكی كەمدا دەپووكێتەوە. زەبری ئەو یاسایانە تا ئەو شوێنە كار دەكات كە گرووپەكان بچووك بن و هەوڵی گەورەبوون نەدەن. نەك هەر زەبری سایا، بەڵكو زەبر و هەڕەشە و پەلاماری هێزی دەزگای پۆلیسییش لەگەڵ گەورەبوونی ناڕەزایەتییەكاندا، بچووك دەبێتەوە. دەكرێت گرووپە ناڕازییەكان لە قازانجی خۆیاندا بەرپەرچدانەوەكانی دەسەڵات بەكاربهێنن، بەتایبەتیش كە دەتوانێت شیرازەی كار و سەرمایەی سەقامگیر و جێگیر، بشێوێنێت كە هەمیشە ڕێگایەك بووە بۆ سازی دەسەڵات بۆ داخوازییەكانی خۆپیشاندەران.

ئەوەی لەناو شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی ئێستادا خەریكە جارێكیتر لەدایك دەبێتەوە، لەگەڵ بەرەنگاریی جەنگدا كە بزووتنەوەیەكی لە مێژینەی زۆر گرنگە، ئەوەیە جارێكیتر و لەدوای چەندین دەیە ئەو یاسا و ڕیسایانەی كە لە بارەی ئازادی، ئازادی ڕادەربڕین، دەزگای كارگێریی زانكۆ و یاسا جڵەگیرییەكان، سەرچاوە و خەرجی داهاتەكانی زانكۆكان و زۆر پرسی دیكە كەوتوونەتە بەردەم مەترسیی لێپێچینەوە، هەڵوەشانەوە و داڕشتنەوەیان لە داهاتوودا.

کارزان عەزیز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

پیرانشار؛ ئازادی هاوڵاتیەک بە دانانی بارمتە

س مه 14 , 2024
محەمەد مورادی،هاوڵاتی خەڵکی پیرانشار بە دانانی بارمتەی ملیارێک تمەن، بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوە ئازاد کرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەمە ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٢، «محەمەد مورادی» خەڵکی گوندی ”بێکۆس”سەر بە پیرانشار پاش ٨ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی ملیارێک تمەن و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی لێکۆڵینەوە […]

You May Like