هەر بەڕاستی تێر ئاگای لە برسی نییە! – لاوێن ئەمانی

نووسەر: لاوێن ئەمانی

تێناگەم ئەم ڕوانگە چەوتە چییە کە بۆ نموونە کۆڵبەر و کۆڵبەری پێ سووکایەتی بوو و دەیوت مرۆڤ لە پێناوی سەر دەمرێ نەک سک و بەو بیانووە سووکایەتی دنیایان بە کۆڵبەر دەکرد! یان بزووتنەوەی مامۆستایانیان لۆمە دەکرد لەبەر ئەوەی یەکێک لە داواکارییەکانیان داخوازی ئابووری و حەقدەست بوو و دەیانوت کەی داخوازی ئابووری پرسی ئێمەیە، وەک بڵێی کوردستان وەک کۆمەڵگا سەرەتاییەکان بە سیستەمی دان و ستانی کاڵا بە کاڵا بەڕیوە دەبرێت وا پارە و ئابووری پرسی ئەو نییە! تەنانەت باشووریشیان لەسەر ئەوەی خەڵک داوای مووچە و دەرماڵەی خوێندکاری و بژیوییان دەکرد، سەرکۆنە دەکرد!
ئێستاکەش کە دیسانەوە خەڵک لە هەندێک لە شارەکانی ئێران لە دوای گرانی و خراپتربوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی دۆخی ژیان و باری ئابوورییان هاتوونەتەوە سەر شەقامەکان، کەسانێک دیسانەوە لە ناو کورددا باس لەوە دەکەن کە ئەوان بۆ برسییەتی شەڕ دەکەن و ئێمە سەد ساڵە بۆ دیموکراسی شەڕ دەکەین (نازانم ئەمەی چۆن حەسێب کردووە) و هەر بۆیە ئەمانە پەیوەندیان بە ئێمەوە نییە. گوایە کورد فۆتۆسەنتێز دەکات و بە نان ناژیت! ئەمە بۆ سەرهەڵدانەکانی خەزەڵوەری دوو سێ ساڵ لەمەوبەریش لە پاڵ چەند پاساوی تردا دەوترا و هەر بەو پێیە ئەو کەسانەی کە هاتبوونە سەر شەقامەکانی مەریوان و دەکوژران، زۆر بێشەرمانە بە “جەوگیر” ناویان دەبردن!

تێڕوانینێکی چینایەتی گیرۆدەی ئەخلاقییاتی بورژوایی کە برسێتی و هەژاری بە سووک سەیر دەکات و پێی وایە کەسانێک کە برسی و هەژارن، کەرامەتی مرۆییان لە سکیاندا کورت بووەتەوە و ئیتر لە هەر جۆرە هزرێکی سیاسی تر بەتاڵن و ناکرێ هاوکات نانیشت بوێ و ئازادیش! (هەڵبەت ئەمە هەر تایبەت بە بەرەی ڕاست و ناسیۆنالیستی کورد نییە و هەر ئێستا ئوپوزیسیۆنی ڕاستی فارسیش خەریکە لەسەر ناوزەدکردنی ئەم ناڕەزایەتییانە بە “شۆڕشی برسییەکان” سەر لە داروبەرد ئەکوتێ…).

پاساوێکی تریش لەوەوە دێت کە پێیانوایە پرسی ئابووریش وەک پرسی ژن و هتد… ڕێگرە لە بەردەم گەیشتنی کورد بە مافە نەتەوەییەکانی و هەر بۆیە دەبێ چاوپۆشی لێ بکرێت یان نابێ ئەم داخوازییانە لە داگیرکەر بکرێت! لە حاڵێکدا تێگەیشتن لەوەی کە بە سکی برسی هیچ شتێک بەدی نایا نەک هەر مافی نەتەوەیی و سەربەخۆیی، پێموانییە ئەوەندە زەحمەت بێت. یەکێک لە بنچینەکانی کۆلۆنیاڵیزم هێشتنەوەی نەتەوەی ژێردەستە لە هەژاری و دواکەوتوویی زێدەترا، بەو پێیەی دەزانێ خەڵکێک کە گرفتاری ئەوەیە بتوانێ خۆی بژیێنێ، ئەگەر کەڵکەڵەی سەربەخۆیی و ئازادیشی هەبێت، دەرفەتی ئەوەی نابێ بە کردەوە هەوڵێ بۆ بدات. کەواتە بۆ کوردێکی هەژارکراو و داگیرکراو سەرکوتکراو و بێبەشکراو لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، پرسی ئابووری لە هەر شێوازێکیدا نەک نابێ لاوەکی بێت بگرە دەبێ لە هەموو قۆناغێکدا وەک پێش مەرج و بناخەیەک سەیر بکرێت بۆ گەیشتن بە مافەکانی تریشی. لە وێنا دوور و گەورەکەشدا ئەگەر ئامانج سەربەخۆییە، هێشتاکە دەوڵەت بە تەنیا زمان و مێژوو و جلوبەرگ و ئاڵا بەدی نایەت و ژێرخانی ئابووری پشتیوانی کردەیی هەموو ئەمانەیە.

لە کۆتاییدا: نان، پرسێکی تەواو سیاسییە. لە تەواوی مێژوودا هیچ شۆڕش، ناڕەزایەتی و وەرچەرخانێکی مێژوویی نابینی کە بێ پێوەند بووبێ بە بژێوییەوە! هەر قامووسی ئەم زمانە کوردییە لێوڕێژە لە وشە و دەستەواژەی وەک هەژاری، ڕەشوڕووتی، زەحمەتکێشی، نانەسکی، بێ قووتی… و هەر ئەوە نیشان دەدات کە پرسی نان و بژیوی وەک هەموو کۆمەڵگاکانی تر هەمووکات لە چەقی کەڵکەڵەکانی ئەم خەڵکەشدا بووە. کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگەیەکی یەکدەست نییە کە حوکمی گشتی بەسەردا بدرێ، کورد بریتییە لە چین و توێژی جیاواز بە داخوازی و ئەولەوییەتی جیاوازەوە. دەکرێ کورد بی، داخوازی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و هتدت… هەبێت و ئەمە نە سەیرە و نە عەیبە. بەسە ئەو چاویلکە ئاغاواتییە لە چاو دەربێنن.

لاوێن ئەمانی

Next Post

بریندار بوونی کۆڵبەرێکی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سنووری سەردەشت

چ ژوئن 1 , 2022
بریندار بوونی کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی ئاوایی شێنێ سەر بە شاری قەلادزێ بە تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری سەردەشت. بە پێی هەواڵێک کە بە کۆڵبەرنیوز گەیشتووە ئەمڕۆ سێ‌شەممە ۱۰ی جۆزەردان(۳۱ ئەیار) کۆڵبەرێکی خەڵکی ئاوایی شێنێ سەر بە شاری قەلادزێ تەمەن ۲٦ ساڵان بە ناوی “ڕەسول ڕەحمان” […]

You May Like