دوو هەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانی کەیوان ڕەحیمی، چالاکی کۆمەڵایەتی و میدیایی خەڵکی سەقز تێدەپەڕێ و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی مانەوەی ناوبراو بەردەست نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرەڕای تێپەڕ بوونی دوو هەفتە لە دەستبەسەرکرانی، کەیوان ڕەحیمی چالاکی کۆمەڵایەتی و میدیایی خەڵکی سەقز و هەوڵەکانی بنەماڵەی بۆ زانینی دۆخی ناوبراو، هێشتا زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی مانەوەی ناوبراو بەردەست نییە و هێزە ئەمنییەکان لە وڵامدانەوە بە بنەماڵەی خۆیان دەبوێرن.
کەیوان ڕەحیمی و براکەی کامەران، ڕۆژی دووشەمە ١٠ی گوڵانی ١٤٠٣ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەرکران. کامەران ڕەحیمی دوای چەند کاتژمێر ئازادکرا، بەڵام کەیوان ڕەحیمی هێشتا دەستبەسەرە.
کەیوان ڕەحیمی لە ڕەزبەری ١٤٠٢ بە هۆکاری چالاکیەکانی مەدەنی لە کاناڵی تەلەگرامی «پرسمان سەقز» دەستبەسەرکرابوو.
تا ئێستا لە تۆمەتەکانی دژی کەیوان ڕەحیمی زانیارییەک ڕانەگەیەندراوە و بنەماڵە و هاوڕێیانی ناوبراو داوای ئازادی خێرا و بێ مەرج بۆ ناوبراو دەکەن.