نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی

پێویستە هەرەسی شارستانیەتی کۆن بە پەرەسەندنی شارستانیەتی نوێ ببینرێت. جیابونەوەی چینایەتی، شاربوون و دەوڵەتبوون لە پۆلێنە سەرەکیەکانی کۆمەڵگای شارستانییە، لێرەدا کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەکی چینایەتی، شاری و دەوڵەتییە. دیاردەکانی جیابوونەوەی چینایەتی کۆمەڵگای کڵان و هۆز کە بە درێژایی مێژووی پەرەسەندنی لەدۆخی یەکسانی بوو، هەروەها شارگەرایی سەر کۆمەڵگای کشتوکاڵ – گوند، تایبەتمەندیەکانی شارستانیەت دیاری دەکەن. هەستی جوانی، ڕەوشت، واتا و بنەڕەتی جیاواز لەناو کۆمەڵگا پەرە پێدەدات، جێگای گفتوگۆیە کە سەبارەت بە کۆمەڵگا، شارستانییەت پەرەسەندنێکی ئەرێنییە یان نەرێنی. سەبارەت بە توێژە دەسەڵاتدار و چەوسێنەران کە مێژوویان نوسیوە: شارستانیەت پەرەسەندنێکی گەورەی مێژووییە، بگرە خودی مێژووە. سەبارەت بە پێناسەی توێژەکانی ژێردەست و چەوساوەکان وەک کارەساتی مەزن و لەدەستدانی یۆتۆپیای بەهەشت دەبینن. لایەنە ناکۆکەکانی کۆمەڵگای شارستانی لەمیانەی شەڕی ئایدۆلۆژی، جەستەیی و دامەزراوەوە جیاوازییەکان دەخاتەڕوو، هەروەها وەک کۆی واتا و بناغە بنەڕەتیانە گوزارشت دەکەن کە خۆیان بە هەمیشەیی و باڵادەست دەبینن. دیاردەی سەرەکی لە پەرەسەندنی کۆمەڵگای شارستانی لە میانی ئامێرەکانی توندوتیژی و چەوسانەوە کۆمەڵگا قووتدەدات، هەروەها پەیوەندی ژینگەناسی لەگەڵ سروشتی یەکەم هەڵدەوەشێنێتەوە. هەڵسەنگاندنەکانی وەک: کۆمەڵگاکان ناتوانن بەبێ شارستانیەت بژین، کۆمەڵگاکانی شارستانی کۆمەڵگای دەوڵەمەند و بەهێزن، هەڵسەنگاندنی ئایدۆلۆژین و دونیابینی نوخبەی پاوانخوازی چەوسێنەر و حکومڕان دەخاتەڕوو.