داڤۆس ٢٠٢٣: فرە-قەیرانیی سەرمایەداری ترس دەخاتە دڵی چینی دەسەڵاتدارەوە

داڤۆس ٢٠٢٣: فرە-قەیرانیی سەرمایەداری ترس دەخاتە دڵی چینی دەسەڵاتدارەوە

نووسینى: ئادەم بووس
وەرگێڕانى: کارزان عەزیز

نوخبە جیھانییەکانی بۆرژوازی ھەفتەی ڕابردوو لە داڤۆس بۆ تاوتوێکردنی داھاتووی سیستەمی سەرمایەداری کۆبوونەوە. لەبەرئەوەی ئابووریی جیھانی بە ھۆی ھەڵئاوسان و ناسەقامگیرییەوە داڕماوە و مەزاجێکی ڕەشبینانەش زاڵە بە سەریدا، بۆیە پێویستمان بە شۆڕشێکە کە مرۆڤایەتی لەم نەھامەتییانە ڕزگار بکەین.

گەورە و باشەکان هەفتەی ڕابردوو لە سویسرا کۆبوونەوە بۆ دوایین کۆبوونەوەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (WEF) – کە کۆنفرانسێکى ساڵانە و جێرمی کۆربین سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکاران بە شێوەیەکى دەقیق بە “کەیف و سەفا پڕ لە ڕابواردنەکانى ملیاردێرەکان” وەسفی کرد.

چالاکییەکەی ئەمساڵ یەکەمین کۆبوونەوەى لوتکەی داڤۆس بوو لە دوای سەرهەڵدانى پەتا کیشوەربڕەکەوە. هەروەها، لەو کاتەوە بە ڕوونی زۆر شت گۆڕاوە.

وشەی “فرە قەیران یان polycrisis” بە زمانى ئینگلیزى، پوختە و کورتکراوەیەکى جوان و دروست لە گفتوگۆکانی #WEF23 بەدەستەوە دەدات – کە لەلایەن چەندین قسەکەرەوە لە ماوەی پێنج ڕۆژەکەدا بەکارهێنراوە بۆ وەسفکردنی بەستنەوەی مەترسی و هەڕەشەکان کە ئابووریی جیهانی لە ئێستادا ڕووبەڕووی بووەتەوە.

کلاوس شواب دامەزرێنەری WEF لە کردنەوەی سیمپۆزیۆمی ئەمساڵی نوخبە نێودەوڵەتییەکاندا ڕایگەیاند: “قەیرانی ئابووری، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و جیۆپۆلەتیکی پێکڕا و پێکەوە کۆدەبنەوە و تێکەڵ بەیەکتر دەبن”.

ئەم پەیامە نائومێدکەرە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی مەترسییە جیهانییەکانی WEFیشدا دووپاتکرایەوە، کە پێش دوایین کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرانی جێبەجێکار و بانکداران و سیاسەتمەدارانی دامەزراوەکان، بڵاوکرایەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە “مەترسیی پاشەکشە؛ گەشەسەندنی دڵەڕاوکێی لە ڕادەبەدەرى قەرزەکان؛ قەیرانی بەردەوامی تێچووی ژیانکردن؛ کۆمەڵگا جەمسەرگیرەکان کە بەهۆی زانیاری ناڕاست و زانیاری هەڵەوە چالاک کراون؛ وەستان لە بەگژداچوونەوەى دەستبەجێی کەشوهەوا؛ و شەڕی جیۆ-ئابووری بە کۆی سفر…” – لیستەکە بەردەوامە.

هەموو ئەمانە و زۆر شتی دیکە لەم هەفتەیەدا لە مێشکی نوێنەرانی داڤۆسدا بوون –  لەوانە ڕەنگدانەوەی ئەو بارە دەروونییە قووڵەی ڕەشبینی کە چینی دەسەڵاتدار دەگرێتەوە، و دیدگا ترسناکەکان بۆ سەرمایەداری لە مانگەکانی داهاتوودا.

دەستگرتن بە چڵە پووشەوە

شواب وەک میوانداری هەر ئاهەنگێکی باش، بڕیاریدا کە کەشوهەوای خراپ تێکەڵ بە ئەو چالاکییە نەکات بۆ ئەوەى جەوەکە تێک نەدات.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، کریستالینا جۆرجیڤا، مەزەندەی کردووە کە یەک لەسەر سێی ئابووریی جیهان لە ساڵی داهاتوودا تووشی دابەزین دەبێت / وێنە: مانوێل لۆپێز

سەرۆکی WEF لە هەوڵی بێهودەدا بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆح و مەزاجەکان، داوای لە ئامادەبووان کرد کە خۆیان لە “بیرکردنەوەی قەیراناوی” بپارێزن. تاکە کێشەکەش ئەوە بوو کە هەواڵی ئەرێنی کەم بوو بۆ ئەوەی میوانەکانی لە چالاکییەکەدا باسی بکەن.
بە دەستگرتن بە چڵە پووشەکانەوە: کریستالینا جۆرجیڤا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند کە ئاسۆی ئابووریی جیهانی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرەتایی و سادە ڕووى لە باشتر بوون کردووە. بەڵام بە خێراییش پاشەکشەی کرد، بۆیە هیواکانیشى بە ئاسانى کووژانەوە، ئەویش بە زیادکردنی ئەوەی کە گووتى”کەمتر خراپ هێشتا بە تەواوی بە مانای باش نایەت”.
سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا کە پێدەچێت هەڵاوسان لە دابەزیندا بێت، و دەرکەوتنی چین لە داخستنی سفری کۆڤیددا، دەبێت پەرە بە گەشەی ئابووریی جیهانی بدات. بەڵام لە هەردوو بەرەکەدا جۆرجیڤا زەنگى ئاگادارییەکى وریاکەرەوەى لێدا.
هەرچەندە بەرزبوونەوەی نرخەکان کەمێک خاو بوونەتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا بە ڕێژەیەک بەرز دەبێتەوە کە زۆر زیاترە لە ئامانجی دوو لە سەدی بانکە ناوەندییەکان. هەروەها، ئەو ڕێبازە توندەی کە لەلایەن یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی ئەوروپا و ئەوانی دیکەوە دەگیرێتەبەر – کە بریتییە لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود وەک هەوڵێک بۆ سنووردارکردنی هەڵاوسان – نزیکە لە دڵنیاییەوە بۆ پاڵنان بە ئابوورییەکانەوە بۆ پاشەکشە و داتەپین لە هەموو شوێنێکدا.
لە ڕاستیدا، تەنها چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەزەندەی کرد کە پێدەچێت یەک لەسەر سێی ئابووریی جیهان لە ساڵی داهاتوودا تووشی دابەزین بێت، لەگەڵ “سێ ئابوورییە گەورەکە – ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا و چین – هەموویان لە یەک کاتدا خاو دەبنەوە”.
جۆرجیڤا درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: ‘تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە لە پاشەکشەدا نین، وا دەردەکەوێت کە بۆ سەدان ملیۆن کەس هێشتا هەستکردن بێت بە پاشەکشە. کە بە ڕاستى ئەمە وێنەیەکى نەخشێنراوى دیمەنەکەیە بە گوڵ!
سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا کە تەنانەت ئەمە حاڵەتێکیش نییە بۆ دۆخێکى خراپ بۆ خراپتر، کە لە پانێڵەکەدا لە دانیشتنی کۆتایی #WEF23 قسەی کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی فشارەکانی هەڵاوساندا – وەک شەڕی ئۆکرانیا و تێکچوونی بازرگانیی جیهانی، پێدەچێت بە خراپترینی هەردوو جیهان کۆتایی پێبهێنین: دابەزینی ئابووری شانبەشانی بەرزبوونەوەی نرخەکان.
جۆرجیڤا ڕایگەیاند کە ڕێژەى بێکاری بەرز دەبێتەوە. بەڵام مەرج نییە هەڵاوسان کۆتایی پێبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، “قەیرانی تێچووی ژیان و کار” لە ئێستاوە کارەساتێکە بۆ خەڵکی ئاسایی.” قەیرانی تێچووی ژیان و بێ کاریش” کارەساتێکى دیکە.

ئایا چین سەرمایەداری ڕزگار دەکات؟
بە هەمان شێوە سەرۆکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری دا لەوەی کە کرانەوەى چین دەتوانێت شمشێرێکی دوو سەرە بێت بۆ بەشەکانى دیکەى جیهانیش.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لایەکەوە پێدەچێت خواستی چین لەسەر کەرەستەی خاو گەشە بکات بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئەم کاڵا سەرەتاییانە هەناردە دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە، هەمان ئەم زیادبوونەى خواست – بە تایبەتی بۆ سەرچاوەکانی وزە – دەتوانێت کار بکات بۆ زیاترکردنى هەڵاوسان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئەمەش بانکە ناوەندییەکان ناچار دەکات ڕێژەی سوود زیاتر بەرز بکەنەوە: زیادکردنی تێچووی قەرزکردن بۆ ماڵە قەرزدارەکان، بازرگانییەکان و وڵاتان؛ و پاڵپێوەنانى ئابوورییەکان (لە دەرەوەی چین) هێندەی تر بۆ پاشەکشەى ئابوورى، قووڵتر دەکاتەوە.
بەڵام تەنانەت بەم ئاگادارکردنەوەشەوە، پێدەچێت پێشبینییەکانی ئابووریناسە بۆرژوازییەکان لە ڕادەبەدەر گەشبینانە بن.

قەیرانی ئۆرگانیکی سەرمایەداری لە چین خۆی دەردەبڕێت لە ڕێگەی بڵقی گەورەی بازاڕی موڵک و ماڵی

ڕژیم لە پەکین لەوانەیە دەستبەرداری سیاسەتی سفری کۆڤید بووبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئابووریی چین دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنى گەشەسەندووى پێشووتر.

چینی دەسەڵاتدار لە ساڵی ٢٠٢١دا هیوایەکى هاوشێوەی هەبوو، کاتێک کەرەنتینە لە ڕۆژئاوا کۆتایی هات و حکومەتەکان بە هاوڵاتیانیان ڕاگەیاند کە فێری ئەوە بن ‘لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا بژین و ڕابێن.’ لەو کاتەدا، شرۆڤەکاران باسیان لە ئاسۆی ‘ساڵى بیستە پڕ نەڕەنەڕەکەى’ سەدەى بیست کرد، پێشبینی گەڕانەوەی بەهێزیان دەکرد لە دەکەوتنە مەزنەکەى کۆرۆنادا.

بەڵام لەبری ئەوە، بوژانەوەیەکی کورت – کە بەهۆی داواکارییە کۆکراوەکان و دارایی کورتهێنان و چاپی دراوەوە برەوى زیاترى پێدەدرێت – جێگەی خۆی بە سەردەمێکی نوێی هەڵاوسان و ناسەقامگیری و قەیران بۆ سەرمایەداری کردووەتەوە. وە چینیش بڕیارە هەمان ئەم ڕێڕەوە پەیڕەو بکات، هەرچەندە بە دواکەوتنێکی کەمەوە خەریکى ئەمەیە.

هەروەک چۆن لەگەڵ بەشەکانى دیکەى جیهاندا، ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەکردنی پەیوەندیی کۆرمەڵایەتى بەوەوە تەنها شتێک نییە کە لەم ساڵانەی دواییدا زیانی بە ئابووری چین گەیاندووە. بنچینەی ئاژاوەى-کۆڤید قەیرانی ئۆرگانیکی سەرمایەدارییە، کە لە چیندا خۆی دەردەبڕێت، دیارترینیان لەڕووی قەیرانى گەورەی بازاڕی موڵکەوە.

ڕژێمی شی جینپینگ دەتوانێت هەوڵی ڕێگریکردن لە تەقینەوەی ئەم قەیران و بڵقە بدات، بەڵام ئەویش تەنها بە دروستکردنی دژایەتی و گێژاوی زیاتر بۆ سەرمایەداری چینی.

ئەوانەی چاویان لە چینە بۆ ڕزگارکردنی بەشەکانى دیکەى ئابووریی جیهان – وەک ئەوەی بەشێکی لە دوای داکەوتنەکەى ساڵی ٢٠٠٨دا ڕوویدا، بە بەرنامە بێ وێنەکەی خەرجییە کینیزییەکان– ئەوا بەمهۆیەشەوە جارێکیتر تووشى نائومێدییەکى ناسۆر دەبن.

لەڕاستیدا، بە وردی ئەوە ڕێوشوێنە دەستێوەردانگەرییەکان و سیاسەتە هەڵاوسانەکانی دەوڵەتی چینە لە ماوەی دەیە و نیوەکەی ڕابردوودا – و لەلایەن چینە دەسەڵاتدارەکان لە هەموو شوێنێک لە وەڵامی هەر قەیرانێکدا – کە ڕێگەیان بۆ ئەو گێژاوە خۆشکردووە کە سەرمایەداری و نوێنەرانی خۆیان لەمڕۆدا دەبیننەوە.

بەم شێوەیەش، وەک هەمیشە، لووتبەرزیی بۆرژوازی بەم زووانە دەگۆڕێت بۆ قەیران.

کۆتایی هاتنی جیهانگیری بە درێژایی دانیشتنەکانی ئەمساڵ لە داڤۆس، ترسێکی تایبەت بەدیدەکرا: سەرهەڵدانی پارێزگاریخوازی و وردوخاشبوونى بازاڕی جیهانی.

زۆرێک لە ئامادەبووان نیگەران بوون لەوەی کە دەتوانین کۆتایی جیهانگیری ببینین / وێنە: لە بەرگریی مارکسیزمدا

ئایا ئێمە کۆتایی جیهانگیری دەبینین؟ ئەمە پرسیارێک بوو لەسەر لێوی هەمووان. وە سەرەڕای هەوڵەکانی وتاردەرە جۆراوجۆرەکان بۆ هێورکردنەوەی ناسەقامگیرى و تووڕەبوونەکان، ئەوانەی کە گرنگییان بە #WEF23 دەدات نەیانتوانى لەم چالاکییەدا دڵنیا ببنەوە لە مەترسییەکان.

ڕاپۆرتەکەی WEF پێش لوتکەدا، داواى ئەوە کراوە کە: “پێویستە بە کردەوەی هاوبەش و بەکۆمەڵ پێش ئەوەی مەترسییەکان بگەنە خاڵێکی وەرچەرخان”، هەڵوێستە و کردار بنوێنین.

کریستالینا جۆرجیڤا، ئەندامی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، بانگەوازی بۆ ئامادەبووانی سەرکردە بازرگانییەکان و داڕێژەرانی سیاسەت کرد و گووتی: “بەشێکی زۆر لەوەی کە ئایا دەتوانین گەشبینی بەرز بکەینەوە یان نا، پەیوەستە بە خەڵک و ئامادەبووانى ناو ئەم هۆڵەوە”. “پراگماتیکى بن، هاوکاری بکەن، کارێکی دروست بکەن، ئابووریی جیهانی بە یەکگرتوویی بهێڵنەوە بۆ بەرژەوەندیی هەموومان.”

بەڵام داوای لێبوردنەکانی بەر گوێی کەڕ کەوتن و نەبیستران. بەڕاستی بۆ وەرگێڕانی ئەو پەندە بەناوبانگە: کەس لەوانە کەڕتر نییە کە نابیستن. وە لەگەڵ دابەزینی ئابووریی جیهان و بچووکبوونەوەی بازاڕەکاندا، سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی لە هیچ مەزاجێکدا نین کە هاوکاری یەکتر بکەن. بەڵکو هەر مرۆڤێک بۆ خۆى هەوڵ دەدات و شەیتانیش لە هەمووان براوەترە.

لە برێگزیتەوە تا ‘بەرنامەی دروستکراوی لەلایەن ئەمریکا’ی بایدن: ناسیۆنالیزمی ئابووری پاڵپشتى وڵات لە دواى وڵات دەکات، لە کاتێکدا هەر چینێکی دەسەڵاتدار سیاسەتی ‘سواڵکەریی دراوسێیەتى’ جێبپەیڕەو دەکات لە هەوڵێکدا بۆ هەناردەکردنی قەیرانەکە بۆ ئەوانى دى.

لەگەڵ دووبارە ڕێکخستنەوەى زنجیرەکانى دابینکردن (supply chains) و دووبارە جێگیرکردنەوەی پیشەسازییەکان و سەپاندنی باجەکان، تێچوونەکان بەرز دەبنەوە، ئەمەش زیاتر هەڵاوسان زیاتر دەکات و کرێکارانیش ئەوانەن کە بە تەنیا باجى ئەمانە دەدەن.

جارێکی دیکە، ئێمە نمایشێکی توند دەبینین کە چۆن دەوڵەتی نەتەوەیی – شانبەشانی خاوەندارێتیی تایبەت – وەک بەربەستێکی بنەڕەتی لە ڕێگەی گەشەسەندنی هێزە بەرهەمدارەکاندا وەستاوە، لە کاتێکدا پارێزگاریخوازی (protectionism) هەڕەشەی گۆڕینی پاشەکشەی جیهانی لە ئارادایە بۆ خەمۆکییەکی نەخوازراوتر .

تەقینەوە شۆڕشگێڕییەکان

لە کاتێکدا فیلە ڕاستەقینەکە ناوی ژوورەکە، فیلی ململانێی چینایەتی بوو.

لە سریلانکا تا پیرۆ؛ ئێران بۆ چین؛ بەریتانیا بۆ فەرەنسا: چینی کرێکار دەستی کردووە بە جووڵە لە سەرانسەری جیهاندا. وە ئەم مانگرتن و جموجۆڵانە تەنها سەرەتایەکە.

ستراتیژیستەکانی سەرمایە دەتوانن هەست بە ناجێگیریی سیستەمەکەیان بکەن. لە هەمان کاتدا هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە؛ هیچ بەدیلێک نییە جگە لە سەپاندنی خۆپارێزی و هێرشکردن – داواکردن کە کرێکاران پارە و باجى ئەم قەیرانە بدەن.

ئەمەش ئیستفزاز و ئامادەکردنی تەقینەوەی شۆڕشگێڕانەیە لە هەموو وڵاتان. بۆیە ملیاردێر و سەرۆک و بانکدارەکانی داڤۆس هەموو هۆکارێکیان هەیە بۆ ترساندن و هەڕەشەکردن.

کارزان عەزیز

Next Post

کوردستانی سوور لە گەمەی سۆڤیەت و ستالین - ڕۆمان میرەکی

ج مارس 10 , 2023
نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی کوردەکان بە دڵخۆشییەوە پێشوازییان لە کوردستانی سوور کرد، بەڵام کۆچی دوایی لێنین و هاتنە سەرکاری ستالین کۆتایی بە کوردستان هێنا. دامەزراندنی کوردستانی سوور، لێکەوتەکانی و کارەساتێک کە ستالین کۆتایی پێهێنا و کوردەکانی پەرتەوازە کرد. کوردستانی سوور یەکەیەکی کارگێڕی کوردی بوو ،بەبڕیاری فەرمی کۆمیتەی (١) ڕێکخستنی پارتی کۆمۆنیستی […]

You May Like