فەرهاد نەوایی، هەرزەکارێکی تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی شاری مەهاباد کە هەشت مانگ لەمەوبەر لە کاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەستبەسەر کرابوو، حوکمی زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، فەرهاد نەوایی، خوێندکاری تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن دادگای تایبەتی تاوانەکانی هەرزەکارانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی ناوخۆیی وڵات” حوکمی دوو ساڵ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندراوە.
حوکمەکە سەرەتا لە ناوەندی چاکسازیی ورمێ بە فەرهاد نەوایی و دواتریش ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢ لە دوای سەردان کردنی بنەماڵەی نەوایی بۆ دادگا، پێیان ڕاگەیەندراوە.
جێگای ئاماژەیە فەرهاد نەوایی لە ماوەی هەشت مانگ دەستبەسەرکران و لە کاتی دانیشتنی دادگادا مافی هەبوونی پارێزەری دیاریکراوی لێ زەوت کرا. پێشتر دادگا بۆ ئازادکردنی کاتی فەرهاد کەفالەتی پێنج ملیار تمەنی دیاری کردبوو، کە بنەماڵەکەی نەیانتوانی دابینی بکەن.
فەرهاد نەوایی، هەرزەکار و خوێندکاری تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی گوندی ترشکان سەر بە شاری مەهاباد، لە ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشی ژینادا لە گوندەکەی خۆی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ چاکسازیی ورمێ گوازرایەوە.