«مەحمود عەبدی» و «ئیسماعیل کەرامەتی» هێشتا لە مەترسی ڕفاندن و تیرۆردان لەلایەن ڕژیم

«مەحمود عەبدی» و «ئیسماعیل کەرامەتی» دوو لە بەشداربووانی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان، دوای جێهێشتنی ئێران، هێشتا لە مەترسی هەڕەشە و ڕفاندن و تیرۆر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدان.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز «مەحمود عەبدی» تەمەن ٤٤ ساڵ و یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ژینا لە شاری بۆکان لە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە کاتی ئەم شۆڕشەدا لەلایەن هێزەکانی سەرکوتگەری ڕژیم بە تەقەی گوللەی ساچمەیی “سک و ئەنیشکی دەستی” بە سەختی برینداربوو و پاش چاودێری و فشاری دامودەزگا و سەرکوتگەر و ئەمنییەکانی ڕژیم، ناچاربوو ئێران بەجێبهێڵێت و بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ڕابکات.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش فشاری هێزە ئەمنییەکان و هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بۆ ناوبراو هێشتا کاریگەرە.
ناوبراو هێشتا بەشێک لە گوللە ساچمەییەکان لە جەستەیدا ماوە، لە وەرگرتنی نامەی هەڕەشەئامێز لەلایەن هێزەکانی ئەلیکترۆنی ڕژیم نیگەرانی دەربڕیوە و لەم بارەیەوە بە کۆڵبەرنیوزی ڕاگەیاند؛ «هێزەکانی سەرکوتگەری ڕژیم لە کاتە جیاوازەکان و بە شێوەی جیاواز لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی هەڕەشەمان لێدەکەن. ئەم هەڕەشانە لەگەڵ قسەی نەشیاو و سووکایەتیدان. بە ڕفاندن و کوشتن هەڕەشەمان لێکراوە. ناچاربووین کوردستان و ئێران بەجێبهێڵین، بەڵام ژیان بەشێوەی نهێنی هاوڕێ لەگەڵ هەڕەشە و تۆقاندندا، پڕاوپڕ لە ئازار بووە و توانای بەرگەگرتنمان نەماوە. هەرچەند ئەمە قوربانیدانێکە کە ئێمە بە شانازییەوە بۆ ئازادی و یەکسانی دەیدەین».

«ئیسماعیل کەرامەتی» کە ڕۆژی برینداربوونی «مەحمود عەبدی» لەگەڵی بوو، پاش چاودێریکردن و گوشارهێنانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ناوبراو ناچار بوو ئێران بەجێبهێڵێت. هەروەها سەبارەت بەو هەلومەرجە مەترسیدارە ناوبراو بە کۆڵبەرنیوزی ڕاگەیاند؛ «هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بە کوشتن و ڕفاندن دەیانەوێت ئێمە لە خواستەکانمان بۆ ئازادی دووربخەنەوە. هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکرێ. پێمان دەڵێن تێکدەر. ئاسایشمان تێکداوە! لەکاتێکدا خۆیان گرنگترین هۆکاری تێکدانی ئاسایشی گشتین، بوونەتە هۆی تێکدانی پاراستن و ئاسایشی خەڵکی ئێران. گیانی مرۆڤگەلێکی زۆریان لێ سەندنەوە، کوشتن و ڕفاندن پیشەی ٤٤ ساڵەیانە».

«مەحمود عەبدی» و «ئیسماعیل کەرامەتی» لە کاتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان، لەگەڵ ئەوەی کە خۆشیان بەشداری شۆڕشەکە بوون، چارەسەر و دەرمانی بەشێکی زۆر لە بریندارەکانی شۆڕشی ژینا بە هاوکاری و هەوڵی ئەوان بووە.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

سائیین قەڵا؛ دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان

ش مه 11 , 2024
سێ هاووڵاتی خەڵکی گوندی «قوزلوی ئافشار»ی سەربە شاری سائیین قەڵا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گوڵانی ١٤٠٣، سێ هاووڵاتی خەڵکی گوندی «قوزلوی ئافشار» بە ناوەکانی «سالار بەیگی، عەلی شیری و ناسر مورادی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سائیین قەڵا دەستبەسەر و […]

You May Like