سیامەند مینا، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، سیامەند مینا خەڵکی گوندی “گردە بەردان” سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ فەرمانی دادگا چوونەتە ماڵی ناوبراو و دەستگیریان کردووە. هێزە ئەمنییەکان، ماڵی ناوبراویان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ لە کەلوپەلی تایبەتی ئەم هاوڵاتییە و منداڵەکەیدا گرتووە.
تا کاتی نووسینی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی دەستبەسەرکردنی و ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراوە، لەبەردەستدا نییە.