٢ منداڵ کۆڵبەری تەمەن ١٦ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوود، بو سەختی برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئێوارەی یەکشەمە ٩ی گوڵانی ١٤٠٣، هێزەکانی هەنگی مەرزی لە سنووری نەوسوەد تەقەیان لە کۆمەڵێک لە کۆڵبەران کرد و بەهۆیەوە ٢ منداڵ کۆڵبەری تەمەن ١٦ ساڵ، بە سەختی برینداربوون.
ناسنامەی یەکێک لەم منداڵ کۆڵبەرانە «پارسا حوسێنی» تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی گوندی «بەلەبزان» لە شاری پاوە ڕاگەیەندراوە. ئەم کۆڵبەرە لە «ڕان»ی بە گوللەی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە و بە سەختی برینداربووە.
هەروەها، منداڵ کۆڵبەرێکی دیکەی ١٦ تەمەن ساڵ، بە ناسنامەی «سەهەند»، خەڵکی گوندی «دروەیان» لە شاری پاوە، بە چەکی ساچمەیی لە «پشت» و «حەوز»ی بە سەختی برینداربووە.
هەردوو ئەم کۆڵبەرانە بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری پاوە گوازرانەوە و دۆخی تەندروستییان بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
شایانی باسە، لەم تەقەکردنەدا کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە «شان»ی برینداربووە کە تا ئەم کاتە زانیاری لە چارەنووسی ناوبراو بەردەست نییە.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.