نووسەر؛ ڕۆمان میرەکی
لەدوای دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار پارچەدا و پشتگوێ خستنی خواستەکانی کورد لە ڕێکەوتن و پەیماننامەکاندا، جوڵانەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەستیپێکرد و زۆرجار ئەو جوڵانەوانە پەیوەندی لە نێوانیاندا دروستدەبوو و هاوکاریی یەکیان دەکرد، بۆ نموونە شۆڕشی سمکۆ خانی شکاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لەلایەن کوردانی باکوری کوردستان و باشووری کوردستانەوە هاوکاریی کرا.
پەیماننامەی سەعدئاباد لە ڕۆژی تەموزی ساڵی ١٩٣٧ لە نێوان ئێران، عێراق، تورکیا و ئەفغانستان لە کۆشکی سەعدئابادی باکوری تارانی پایتەختی ئێران بە سەرپەرشتی بەریتانیا بە مەبەستی دۆستایەتی و دەستدرێژینەکردن بۆ سەر خاکی یەکتر و ڕێگریکردن لە گەشەکردنی بیری کۆمۆنیزم مۆرکرا.
ناوەڕۆکی ئەم پەیماننامەیە لە دە خاڵ پێکهاتبوو هاوڕای و پشتیوانی ئەم وڵاتانە بووە لە هەڵوێستە سیاسییەکان – یەکگرتنیان لە کاتی مەترسی و شەڕدا، بەپێی ئەم پەیماننامەیە بەڵێنیان بە یەکتردا بوو هێرش نەکەنە سەر یەک و دەستوەردان لە کاروباری یەکتر وەرنەدەن و سنورەکانی یەکتر نەبەزێنن، تا ساڵی ١٩٧٩ کارا بوو.
کاریگەری سەر کوردەکان
ئەم پەیماننامەیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کوردەکان هەبوو بەهۆی ئەوەی لە زۆربەی ئەم وڵاتانە کوردەکان لە تێکۆشان بوون بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بەتایبەت دوای دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت چەندین بزووتنەوە و شۆڕش دژی ئەم دەوڵەتانە ئەنجامدرا سەرسنورەکان شوێنی نیشتەجێ بوون بوون و مانەوەیان بوو بەپێی بەندی دووەم لەم پەیماننامەیە ئەو وڵاتانە پابەندن بە پاراستنی سنورەکانیان، بەپێی بەندی دووی ئەو پەیماننامەیە ئەو وڵاتانە پابەندن بەوەی ئاسایشی سنوورەکانی یەکتر بپارێزن.
وە بەپێی بەندی حەوتەمی ئەم ڕێکەوتنامەیە ”دەوڵەتە هاوپەیمانەکان لە بەرامبەر یەکدا بەرپرسن کە لە سنورەکان ڕێگە لە سازبوونی ڕێکخراوی چەکداری و چالاکی ئەوان بگرن کە خوازیاری ئەوەن ڕێکخراو و دامەزراوەکانی ئێستا لەنێو بەرن و چالاکی ئەنجام دەدەن ” لەم دووبەندە هەرچەنە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باسی کورد و بزووتنەوەکانی نەکراوە بەڵام بەپێی ئەوەی کە سنوری ئەم وڵاتانە کەوتبووە ناو خاکی کوردستان لە دژی کورد نوسراون، کەواتە بەپێی بەندی حەوتەمی پەیمانی سەعدئاباد باس لەوە دەکات، کە هەرکامە لەو چوار وڵاتە پابەند دەبن بەوەی ڕێگریی بکەن لە پێکهاتنی هەرجۆرە جووڵانەوەیەکی مەترسیدار بۆسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.
لەو دوو بەندەدا، هەرچەند بە شێوەی ڕاستەوخۆ ناوی جووڵانەوە کوردییەکان نەهێندراوە، بەڵام بەو پێیەی سنوورەکانی سێ وڵاتی ئێران و عێراق و تورکیا دەکەوێتە خاکی کوردستانەوە و لەسەر ئەو سنوورانەش تەنیا بزووتنەوە و جووڵانەوەی گەلی کورد هەیە، دەتوانین بڵێین، کە ئەو بەندە بەتەواوی لەدژی هەموو جۆرە جووڵانەوەیەکی گەلی کورد نووسراوە، ئەو پەیمانە تا ساڵی ١٩٧٩، کە حکومەتی پەهلەوی ڕووخا بەبێ هیچ کێشەیەک کاری پێکرا، کەوایە ناوەڕۆکی ئەم ڕێکەوتنە، هاوڕایەتی و یەکدەنگی ئەم چوار وڵاتە بوو لە هەڵوێستە سیاسییەکان و یەکگرتنیان لە کاتی مەترسی شەڕدا.
ئەم پەیماننامەیە هاوشێوەی هەر یەکێکی دیکە کە لەلایەن وڵاتانی داگیرکەر واژۆکراوە و پێشخراوە، ئامانجی سەرەکی و ناوەڕۆکی بریتی بووە لە توانەوە و داگیرکردنی خاک، چاند، زمان، پەروەردە، کەسایەتی، مێژوو، جوگرافیا و ئیرادەی گەلی کورد لەلایەک، لەلایەکی دیکەش سەپاندن و باڵادەستکردنی چاند و زمانی گەلانی داگیرکەری سەرکورد لەڕێگەی پەروەردەوە. هەروەها بە کلتوورکردنی سیستمی دەوڵەت نەتەوە و سڕینەوەی هزری خۆبەڕیوەبەرێتی کۆمەڵگە، کە ئەویش درێژکراوەی ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆیە کە سیستمی دەوڵەت نەتەوەی کردە جێگرەوە لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە دابەشکردنەوەی جوگرافیای خۆرهەڵاتی ناوین بوو کە تێیدا کورد پەراوێزخرا و کرایە ژێردەستی گەلانی ناوچەکە لەڕێگەی سیستمی دەوڵەت نەتەوە، ئێستا کە ١٠٧ ساڵ بەسەریدا تێپەڕبووە و گۆڕانکاری نوێ لە خۆرهەڵاتی ناوین لەڕۆژەڤ دایە.