گرفت لە بێتوانایی سیستەمی سەرمایەدارییە، نەک جەماوەری بەساڵاچوو

بەپێی ساڵنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٥ی ژوئێن ڕۆژی جیهانی کاری وشیاریدەرانە سەبارەت بە پرسی بەساڵاچوون بوو. لە جیهانی سەرمایەدا کە کرێکاران زوو تووشی لەکار کەوتوویی دەبن، بەپێی پێناسەی بۆرژوازی بۆ تەمەن، وەک پیر یان بەساڵاچوو لەقەڵەم دەدرێت. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی بەساڵاچووان لە جیهانی گەشەسەندووی سەرمایەداریدا، لە ژمارەی گەنجەکان زیاتر دەبێت. ئەم گرفتە سەرنجی دەوڵەت و کابینەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و هەندێک جاریش هاوشێوەی چین و کۆریای باشوور، بودجەیەکی زۆریان لەپێناو ڕێگریکردن لەم پرۆسەیەدا خەرج کردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی چارەسەرەکان لەگەڵ پێویستی سەرمایە بە کەڵەکەکردن و قازانجی زیاتردا نایەتەوە، پلانەکان شکستیان هێناوە. لە وڵاتێکی وەک ئیتالیا سیاسەتێکی ناسیۆنالیستی و فاشیستی هەڕەشەئامێز گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی دانیشتوانی وڵاتەکە منداڵی زیاتریان ببێت. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی دیفاع لە مافی بەساڵاچووان، دەرکەوتووە کە ئەو جۆرە سیاسەتانە لەگەڵ شکست بەرەوڕوو بوونەتەوە. فەکتەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن، دیاردەکانی هەژاری، نەخۆشی، سووکایەتی، پشتگوێخستن، توندوتیژی، چەوساندنەوە و هەڵاواردنی نێوان ژن و پیاو، پەرەی سەندووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سەرمایەداران لە ماوەی سی و چند ساڵی ڕابردوودا، حەقدەستەکانیان لە یەک ئاستدا ڕاگرتووە یان دایانبەزاندووەو و بڕی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و بیمەییەکانیان کەمتر کردووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوتە، سەعاتەکانی کار زیادی کردووە، ژنانی کرێکاری ناچار کردووە بە کاری بێ حەقدەست هێزی کاری سبەی ڕۆژ پەروەردە بکات و هۆکارەکانی دەرکردنی شەکەتی و ماندوویەتی پیاو، فەراهەم بکات. بنه‌ماڵه‌یەکی لەم چەشنە کە بەکردەوە بۆیان دەرکەوتووە بەهۆی گران بوون و چوونە سەرەوەی هەزینەی پەروەردەکردنی منداڵ، بەرز بوونەوەی کرێی ماڵ، هەڵاوسان و هەروەها شەکەتی و ماندوویەتی سەرچاوەگرتوو لە کار و پێشێلکرانی مافە دێموکراتیکەکانیان، بەپێچەوانەی ویستی خۆیان، ناچارن بەر بە زۆربوونی منداڵەکانیان بگرن. خەمڵاندنەکان دەریدەخەن کە پەروەردەکردنی منداڵێک و گەیاندنی بە تەمەنی دەرچوونی لە زانکۆ، لە ئەمریکا ٤٠٠ هەزار دۆلار هەزینە هەڵدەگرێت. بەم هۆیەوە ٤٦%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، کەمتر لە ویست و حەزی خۆیان منداڵیان دەبێت. ئەم ڕەوتەی ئیستای ئەمریکا، کەم تا زۆر بۆ هەموو وڵاتەکانی دیکەش ڕاستە. بۆ نموونە با چاوێک لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بکەین:
دانیشتوانی ئێرانیش خەریکە پیر دەبن. بەپێی دوایین دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی، پێویستە بەساڵاچووان لە چ مافێک بەهرەمەند بن؟ ئەوان دەبێ مافی شوێنی نیشتەجێبوون، خۆراک، جلوبەرگ و بیمە و چاودێری گونجاویان هەبێت و لە سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆ و پێویست بەهرەمەند بن. پێویستە ئەوان لە بەردەوام لەناو جەرگەی کۆمەڵگادا بوونیان هەبێ و لە کۆمەڵگا دانەبڕێن و بتوانن چالاکانە و بە کەڵک وەرگرتن لە مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕێکخراوبوون، لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگادا ڕۆڵ بگێڕن. پێویستە بەساڵاچووان مافی ئەوەیان هەبێت کە توانایی و پۆتانسێلەکانی خۆیان لە کۆمەڵگادا گەشە پێبدەن. بە چاوخشاندنێک بەسەر ژیانی خانەنشیناندا، وەک نموونە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لە ڕژیمی سەرمایەدار و گەندەڵ و دیکتاتۆری ئیسلامیدا، نەک هەر هیچکام لەو مافە سەرەتاییانە دابین نەکراون، بەڵکوو پێچەوانەکەی ڕوویداوە. بە قوڵبوونەوەی قەیرانە فرە ڕەهەندەکانی ڕژیم، بارودۆخی مووچە، بیمە، پێداویستییە بژێوی و پزیشکییەکانی زۆربەی هەرەزۆری خانەنشینان، کە بەشێکن لە چینی کرێکار، خراپتر بووە. مووچەی مانگانەی ئەوان بەشی خەرجی بەڕێچوونی هەفتەیەک ناکات. دەفتەرچەی بیمەکانیان بە هۆی گەندەڵیەوە، بایەخێکی ئەوتۆی نییە و هەروەها مافە سیاسییەکانیشیان پێشێل کراوە. ئەوان لە ساڵی ١٣٩٩وە تا ئێستا لە بری پشوودان و حەسانەوە، ناچار بوون هەموو هەفتەی ڕۆژێک بێنە سەر شەقامەکان و داوای مافە سیاسی و بژێوییەکانیان بکەن و هاوکات لەگەڵ هەموو جۆرە سەرکوتێکدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن.
بارودۆخی ژنانی بەساڵاچوو لە کۆماری ئیسلامیدا، لە خانەنشینەکانیش، خراپترە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کە لە ساڵی ١٣٩٩دا ئەنجامدراوە، زیاتر لە ٥٠%ی ژنانی بەساڵاچوو لە ئێران، لە کەمترین ئیمکاناتی ئابووریی بێبەش بوون و بەتەواوی وابەستە بوون. ١٧%یان هیچ چەشنە داهاتێکیان نەبووە و ٩١%یان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا ژیاون. سیستەمێکی پشتیوانی لە کەسانی بەساڵاچوو بوونی نەبووە و ٧٠%ی بەساڵاچووان، بیمەی تەواوکەریان نەبووە. ئێستا دۆخەکە لە هەموو ڕوویەکەوە لەوەش خراپترە.

بەرپرسانی ڕژیم بە بەفەرمی ناسینی ئەو نەهامەتییە کۆمەڵایەتیانەی کە ئاماژە بە چەند نموونەیەکیان کرا، هەوڵیان داوە کێشەی جیهانی پیربوونی دانیشتووان، بە پشتبەستن بە سیاسەتە دیکتاتۆرییەکان چارەسەر بکەن. ئەوان هەوڵیان داوە کە بە ئەمر و نەهی کردن، سنووردارکردن و هەڕەشە و ئەڵبەتە هاوکات بە پێدانی یارمەتییەکی کەمی دارایی و بژێوی وەک هاندرێک، جەماوەری ژنان ناچار بکەن کە منداڵیان ببێت. بەڵام سیاسەتەکانی سەرچاوەگرتوو لە نئولیبرالیزمی ئابووری و ستەم و سەرەڕۆیی لەڕادەبەدەر، بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم سیاسەتە کە شەخسی خامنەیی یەکێکە لە لایەنگرە سەرسەختەکانی، لەگەڵ خۆڕاگریی ڕەوای بنەماڵەکان و بەتایبەتی ژنان بەرەوڕوو ببێتەوە و تووشی شکستێکی سەرشۆڕانە ببێت. پیربوونی دانیشتووان لە سیستەمی سەرمایەداریدا، گرفتێکی جیهانییە. ماوەی چەند دەیەیە کە دەوڵەت و کابینەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەوڵیانداوە بە گرتنەبەری سیاسەت و ڕێوشوێنێکی بە ڕواڵەت گونجاو بەمەبەستی زۆرتر کردنی ڕێژەی دانیشتوان و منداڵبوون، بەر بە ڕەوتی پیربوونی دانیشتووان بگرن. بە قەولی خودی ئابووریناسە بۆرژوازییەکان، ئەم پرسە پێویستی بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن هەیە، کە لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکرێت: کەمکردنەوەی بەرچاوی سەعاتەکانی کار، زیادکردنی مووچە و حەقدەستەکان و بەرزکردنەوەی توانایی کڕینی زۆرینەی کۆمەڵگا، باشترکردنی کوالێتى خزمەتگوزارییە بیمەییەکان، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەمن و هەرزان و هەروەها باشترکردنی بارودۆخی پزیشکی بۆ سەرجەم دانیشتوان هەر لە منداڵانی ساواوە بگرە تا بەساڵاچووان، پێویستن بۆ ئەوەی دانیشتووانی کۆمەڵگە بە گەنجی بمێننەوە، بەڵام بەس نییە.
بۆ دەستەبەرکردنی ئەو بابەتانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا، پێویستی بە سیستەمێک هەیە لە کۆمەڵگادا کە هەموو ئەو هاووڵاتیانەی گەیشتوونەتە تەمەنێکی لاویی، بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانی خۆیان بناسن و لەسەر ئەو بنەمایە، بەشداربن لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا. ڕەوتی بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی لە کۆمەڵگا بۆرژوازییەکاندا، ئەوە دەردەخات کە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان، پێچەوانەی ئەو ئاراستەیەیان گرتووەتەبەر. لە دونیای ئەمڕۆدا ئەوە دانیشتووان نین کە پیر و لەکار کەوتوون، بەڵکوو سیستەمی سەرمایەدارییە کە پیر و بێتوانا بووە و پێویستە جێگای خۆی بدات بە سیستمێکی جەماوەریی کە تێیدا بەرهەمهێنان لە خزمەت بژێو و خۆشگوزەرانی خەڵکدا بێت، نەک قازانج.

کۆڵبەرنیوز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

Next Post

پیرانشار؛ گۆڕانی مەحکوومیەتی ئیسماعیل نەبی زادە بۆ ڕای باز

د ژوئن 17 , 2024
مەحکوومیەتی زیندانی “ئیسماعیل نەبی زادە” هاووڵاتیی خەڵکی شاری پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ بۆ ڕای باز گۆڕدرا. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەحکوومیەتی زیندانی “ئیسماعیل نەبی زادە” لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتیە سەرتاسەرییەکانی ١٤٠١ لە شاری پیرانشار لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕای باز گۆڕدراوە. بەپێی ئەم […]

You May Like