هەفتەیەک بەسەر دەسبەسەرکرانی هیوا فەیزی و حسێن فیروزی دوو هاوڵاتیی خەڵکی شاری سەقز تێدەپەڕێت و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. نەبوونی زانیاری لەسەر بارودۆخی ئەو دوو هاوڵاتییە نیگەرانی بنەماڵە و کەسوکارەکانیانی زیاتر کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکانی سەقز هێرشیان کردە سەر گوندی “مۆلاناوا”ی ئەم شارە و دوو هاوڵاتییان بە ناوەکانی “حسێن فیروزی” و “هیوا فەیزی” بە بێ بڕیاری دادگا دەسبەسەر کرد. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دوو هاوڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان کراونەتەوە. دوای تێپەڕینی حەوتوویەک بەسەر دەستگیرکردنی ئەو دوو هاوڵاتییە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکان خۆیان لە پێدانی هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو هاوڵاتییانە بە بنەماڵەکانیان بواردووە. ئاگادارنەبوون لە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە نیگەرانی بنەماڵەکانیانی زیاتر کردووە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و شوێنی دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە بەردەست نییە و بەدواداچوون بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسیان تا ئێستا بێ ئەنجام ماوەتەوە.