“نا بۆ ئێعدام” بە مەبەستی ڕێگە خۆشکردن بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی

ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان، بەیاننامەیەک بە واژۆی ٦١ ژنی زیندانیی سیاسیی گرتووخانەی ئێڤین بڵاوکرایەوە. لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە، رۆژی سێشەممە ئێران جارێکی دیکە شایەتی لەسێدارەدانی لاوەکانی

بوو. محەممەد قوبادلوو لە دۆخێکدا لەسێدارەدرا کە تەنانەت حوکمی کۆتایی لەسێدارەدانیشی بۆ دەرنەچووبوو. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو کە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ئێعدامەکانی ئەم دواییە و هەروەها بەمەبەستی “ڕاگرتنی ئێعدام” ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان مانگرتنێکی گشتی لە خواردن دەست پێدەکەن. ئەم مانگرتنە لە ڕۆژی دیاریکراودا دەستی پێکرد. مانگرتنی ئەم ژنە بوێر و پێشڕەوانە لە ناوخۆ و دەرەوە پێشوازی لێکرا. ١١٢ چالاکوانی فەرهەنگی و هەڵسووڕاوی کرێکاریی، ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند کە لە وڵام بە بانگەوازی ئەو ژنە پێشەنگانە، مان لە خواردن دەگرن. هاوکات لەگەڵ ئەوان، دەیان چالاکی مەدەنی، دادخوازان، کۆمەڵێک لە ژنانی زیندانی سیاسیی پێشوو، پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان و هەڵسووڕاوانی سیاسی لە دەرەوەی زیندان و چالاکانی ناسراوی وەک سپیدە قولیان و دایک و باوکی و تۆماج ساڵحی و مێهدی یەراحی، بەو مانگرتن لەخواردنەوە پەیوەست بوون. خودارەحم قولیان باوکی سپیدە قولیان زیندانی سیاسیش ڕایگەیاندووە: “ئەگەر کچەکەم ئازاد بوایە، لەگەڵ هەمان سزای هاوشێوە بەرەوڕوو دەبۆوە، بێدەنگ نابین و بنەماڵەکانیش بە مانگرتنی بەندی ژنانی زیندانییەوە پەیوەست دەبن”. ئێمە (خودارەحم قولیان و فاتمە قولیان) وەک بنەماڵەی مەحبوبە ڕەزایی و سپیدە قولیان مان لە خواردن دەگرین. کەریم محەممەدی باوکی نێرگس محەممەدی دەڵێت: هەواڵی ناڕەزایەتی نێرگسی کچم و شێرە ژنانی زیندانی ئێڤینم بیست، کە سەرەڕای مەیل و بۆچوونی سیاسی و فیکریی جیاواز، دەستیان داوەتە دەستی یەک و ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، لەدژی جینایەتی لەسێدارەدانی حکوومەتی، سنگی خۆیان کردووەتە قەڵغان. دوو مانگە نێرگسی کچم پێوەندی و سەردانیکردنی لێ قەدەغە کراوە و ئاواتەخوازم دەنگی ببیستم، بەڵام شانازی بە ورە و ئیرادەی خۆڕاگریی هەریەکەیان دەکەم و بە نیشانەی پشتگیریکردنیان، لە بەیانییەوە تا شەو هیچ شتێک ناخۆم. من داوا لە سەرجەم خەڵکی ئێران دەکەم کە بەیەکەوە پشتگیری لە ژنانی ڕاپەڕیوی ئێڤین بکەین و “نا”یەکی توند بە سزای لەسێدارەدان بڵێین.

بەهارە هیدایەت لە زیندانی ئێڤینەوە ڕایگەیاندووە: “ئێمە ژنانی سیاسی زیندانی ئێڤین بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو ڕێوشوێن و میکانیزمە شەیتانییە، بۆ ماوەی یەک ڕۆژ مان دەگرین و پێدەچێت کە ئامانجی کۆتایی ئەم مانگرتنە، بریتی بێت لە پاراستنی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی و پاراستنی ئەو ویژدانە ئازادیخوازانەی کە ئەم ڕۆژانە کەوتوونەتە بەر توندوتیژی و سەرکوتێکی بێ پسانەوە. ڕۆژی هەینی ٦ی ڕێبەندان، ژمارەیەک لە دایکانی دادخواز لە سەر گڵکۆی لاوی گیانبەختکردوو محەممەد قوبادلوو کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە وڵامی ئەرێنی بە بانگەوازی ئەو ٦١ ژنە زیندانییە سیاسییە دەدەنەوە و مان لە خواردن دەگرن. هاوکات لەگەڵ ئەو چالاکی و ناڕەزایەتیانە، ژمارەیەک لە دایکان و کەسوکاری ئەو گیانبەختکردووانەی کە لە خاوەران بە خاک سپێردراون، دوای ماوەیەکی زۆر توانیان لە سەر گڵکۆی ئازیزانیان کۆببنەوە. مەئموورانی ڕژیم هەوڵیاندا دەست بەسەر دەستە گوڵەکانیاندا بگرن. بەڵام بەشێک لە گوڵەکانیان لە چنگی ئەو هێزە سەرکوتگەرانە ڕزگار کرد و لەسەر گۆڕە نادیارەکان بڵاویان کردەوە. ئەو حەرەکەتە شۆڕشگێڕانە و پێشەنگانەی ٦١ ژنی سیاسی دەستبەسەرکراوی زیندانی ئێڤین و پێشوازی بەربڵاو لەو حەرەکەتە، بووە ئیلهام بۆ نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکان و بەرزکردنەوەی دروشمی شەوانە لە هەندێک لە شارەکان. ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندان، لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی تاران لەوانە ناوچەی شێخ بەهایی، جەننەتاوای ڕۆژئاوا، جەننەتاوای باشوور و شارۆچکەی ئێکباتان و هەندێک ناوچە لە شاری بەندەر عەباس دروشم گەلێکی شەوانەی وەک “مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی”، ” ئەم هەموو ساڵ جینایەتە”، “مەرگ بۆ ئەم وەلایەتە” و مەرگ بۆ دیکتاتۆر بەرز کرایەوە. لە بەشێک لە شارەکانی وەک سنە، پیرانشار، تەورێز، ورمێ، ڕەشت، ئەردەبیل، کەرەج، ئەراک، ئیزە و چەند گەڕەکێکی تاران، نووسین و بڵاوکردنەوەی دروشمی دژە حکوومەتی بەردەوام بووە.

زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام، هاوکات لەگەڵ شەرئەنگیزی و دروستکردنی قەیران لە ناوچەکە، ئامرازی سەرەکی سەقامگیری و مانەوەی کۆماری ئیسلامی بووە. لە هەلومەرجی ئێستادا، کە ڕژیم کەوتووەتە ژێر گوشاری چەندین قەیرانی قووڵ و خەبات و ناڕەزایەتیی بەربڵاو، زیاتر لە ڕابردوو پەنای بردووەتە بەر ئێعدام و شەرئەنگیزی و دروستکردنی قەیران لە ناوچەکە. کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی بەرچاوی ئێعدامەکان، ڕۆژی ١٦ی ژانویه ناوچەیەکی نیشتەجێبوون و ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە چەند مووشەکێک کردە ئامانج، کە بووە هۆی کوژرانی خاوەن ماڵەکە و چەند کەسێکی تر. ئەم هێرشە جینایەتکارانە ناڕەزایەتییەکی بەربڵاوی لە عێراق و بەشێک لە جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا. دوای ئەوە بەرپرسانی ڕژیم ناوچەیەکیان لە سوریەش بۆردومان کرد. ئەو هێرشە نیزامییانە، سەرلێشێواوی و شپرزەیی بەرپرسانی نیشاندا. لە درێژەی ئەم شپرزەیی و سەرلێشێواوییەدا بەرپرسان دەستیاندایە کارێکی مەترسیداری تر. ئەوان ڕۆژی ١٧ی ژانویه بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند شوێنێکیان لە ناو خاکی پاکستان بۆردومان کرد. ڕژیمی قەیران لێدراوی پاکستانیش ڕۆژێک دوای ئەو ڕووداوە وێڕای بانگکردنەوەی باڵوێزی وڵاتەکەی لە ئێران، ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم نۆ کەس. ئەم حەرەکەتە جێی ستایش و ئیلهامبەخشەی ٦١ ژنی زیندانی سیاسی لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و دیفاعی بەرچاوی ئازادیخوازان لەو حەرەکەتە، پایەی لەرزۆکی حکوومەتی هەرچی زیاتر لاواز کردووە. بەردەوامبوونی خەبات و پەرەسەندنی قەیرانەکان، سەرەنجام ڕژیم بەرەو لێواری هەڵدێر و لەناوچوون دەبات

کۆڵبەرنیوز

Next Post

ماکۆ؛ مانگرتن لە خواردنی ناسر دالە لە زیندان

ش ژانویه 27 , 2024
ناسر دالە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە زیندانی ماکۆ بەند کراوە، بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانی لەم زیندانەدا مانی گرت. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ناسر دالە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری پیرانشار کە لە زیندانی ماکۆ بەند کراوە، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕەچاونەکردنی داواکارییەکانی لەم زیندانەدا، مانی گرتووە.بەپێی ئەم ڕاپۆرته، مانگرتنی […]

You May Like