ڕۆژی شەمە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، “سەردار شامورادیان” پاش تێپەڕبوونی ٥٩٣ ڕۆژ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ڕۆژی شەمە ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، “سەردار شامورادیان” بە دانانی بارمتەی ٧ ملیارد تمەن پاش تێپەڕبوونی ٥٩٣ ڕۆژ دەستبەسەری لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.
“سەردار شامورادیان” ٢٨ ساڵ تەمەن و خوێندکاری بەشی کەرەستەی پزیشکی زانکۆی زانستی کرداری سنە، لە ڕۆژی ٦ی بەفرانباری ١٤٠١ لە ماوەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا و لە ڕۆژی ٤٠ی ڕێوڕەسمی گیانبەختکردوانی ئەم شۆڕشە لە سنە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەرکرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە کۆڵبەرنیوزی ڕاگەیاند کە “سەردار شامورادیان” بۆ ماوەی ٢ مانگ لە بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئەشکەنجەی زۆر دراوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی ناچاری، بە جۆرێک کە ئاسەواری ئەشکەنجە لە جەستەی ناوبراودا دیاربوو.
“سەردار شامورادیان” پاش تێپەڕکردنی ٢ مانگ لە بەندیخانەی ئیدارەی ئیتلاعات، بە دەستبەسەری کاتی بۆ “بەندیخانەی ناوەندی سنە” گوازرابوو.