شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا


وتەی ڕۆژ:
شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

ئێستا ئیتر دوای چەند کاتژمێر نکۆڵیکردن و ناڕوونی و یارییە میدیاییەکانی هەردوولا، سەرەنجام ئەوە ڕوون بووەتەوە کە کاتژمێر پێنجی سەر لە بەیانی ڕۆژی هەینی ٣١ی خاکەلیوە، ئیسرائیل بە چوار مووشەک لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە، لانیکەم بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک شاری ئیسفەهان کردووەتە ئامانج. ڕووبەڕووبوونەوەی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و جینایەتکاری ئیسرائیل و ڕژیمی کۆنەپەرست و دژە خەڵکی کۆماری ئیسلامی، هەرچەندە هێشتا نەبووە بە شەڕێکی بە تەواو مانا، بەڵام مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ تەواوی ناوچەکە هەروا لە ئارادایە. ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی لەو شێوەیە دەتوانێ ببێتە ئامرازێک بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی چەند ڕۆژێک تەمەنی خۆی درێژتر بکاتەوە. ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیلیش، کە ئەوەندەی لە توانایدا بوو خەڵکی بێ دیفاعی غەززەی بە ژن و پیاو و پیر و لاوەوە کوشت، بەڵام بە ئامانجەکانی نەگەیشت و زیاتر لەبەر چاوی خەڵکی جیهان شەرمەزار و ڕسوا بووە، جێگە و پێگەی لە دەسەڵاتدا لاوازتر بووە و دۆسیەی گەندەڵییەکەی لە دادگاکانی ئیسرائیل لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، تێکهەڵچوون لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دەتوانێت بەشێوەیەکی کاتی لەو بنبەستە ڕزگاری بکات کە تێیدا گرفتار بووە. ئەوەی کە ڕژیمی ئێران چۆن لە گرژییە ناوچەییەکان وەک ئامرازێک لەدژی خەڵک و لە خزمەت بە مانەوەی خۆیدا لە نێوخۆی وڵات کەڵک وەردەگرێت، لە هاوکات بوونی ئەو ڕووداوانە لەگەڵ توندکردنەوەی گوشارەکان لە دژی ژنانی خوازیاری جلوبەرگی دڵخواز لە ناوخۆی وڵاتدا دەردەکەوێت. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێک هاوکات لەگەڵ هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، لە هەڵمەتێکی وشیارانەدا گوشارەکانی بۆسەر ژنانی ئێران بەمەبەستی سەپاندنی حیجابی ئیجباری پەرە پێدا. لە کاتێکدا تەنانەت هێشتا ئەو گەڵاڵەیەی کە لەم پێوەندییەدا ئامادەیان کردبوو، لە مەجلیسی ئیسلامیدا پەسەند نەکراوە، مەئموورانی جێبەجێکاری ڕژیم و ئاتەش بەئیختیارەکانی، سەرلەنوێ ڕژاونەتەوە سەر شەقام و مەیدانەکانی تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران. گوشارەکانی بۆسەر چاپەمەنی و ڕاگەیەنەرە گشتییەکان زیاد کردووە و هەرکەسێک “گرنگی و هێزی”ی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل بباتە ژێر پرسیار، دەستبەسەر دەکرێت.

واقعییەت ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو قەیرانە قووڵانەی که لەگەڵی بەرەوڕووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازا و یەکسانیخوازانەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە “بزووتنەوەی بایکۆتی هەڵبژاردن” و “بزووتنەوەی یادی نەورۆز”دا ئاستی گەشە و بەهێزیی خۆی نیشان دا و هەروەها بۆ ئاکتیڤ و بەهێز نیشاندانی خۆی لەناو لایەنگرانی ناوخۆیی و دەرەکیدا، پێویستی بە ململانێیەکی کۆنترۆڵکراو و شەڕێکی سنووردار هەیە. هاوکات بوونی دەستپێکردنی شەڕ لە دژی ژنانی ئازادپۆشی ئێران بەمەبەستی وەرگرتنەوەی دەستکەوتە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا و هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئیسرائیل، واتایەکی ڕوونی هەیە و ئەویش بریتییە لەوەی کە مەترسی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا بۆ کۆماری ئیسلامی گەلێک گەورەتر و جیددی ترە لە مەترسی ئیسرائیل. ئامانجی سەرەکی ئەم کردەوەیەی ڕژیم، بریتییە لە ئامادەکارییەکی هەمە لایەنە بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر و پێشگرتن لە پێشڕەوی خەڵکی ناڕازی و وەگیان هاتوو. هاوئاهەنگیی ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ ئامانجەکانی بەرفراوانکردنی شەڕ لە لایەن ناتانیاهۆ و ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیلەوە، ڕێک بەهۆی هاوئاراستە بوونە لەگەڵ ئاکام و کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە لە سەرکوتکردنی بزووتنەوەی مەدەنی و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران.

بەڵام ئێستا کە باس لە ئەگەری پەرەسەندنی ململانێکان و مەترسیی ئەوەی کە بگاتە ئاستی شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە ناوچەکەدا دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دوکەڵی شەڕێکی لەو شێوەیە بەر لە هەموو کەس دەچێتە چاوی زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر و گیان و ماڵی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە و خزمەت دەکات بە سەپاندنی بێ مافی هەرچی زیاتر بەسەر خەڵکی ئێراندا، ڕای گشتیی وشیار و وەخەبەر هاتوو لە ئێران و ئیسڕائیل دەتوانێت ڕۆڵی هێزێکی بەرهەڵستکار ببینێت لە بەرامبەر کۆنەپەرستی لە هەر دوو وڵات و ئیزن نەدات دەسەڵاتخوازان و کۆنەپەرستان کایە بە چارەنووسی خەڵکی ئەم ناوچەیە بکەن. لە غیابی هێزێکی ڕێگریکاری ڕاستەقینەی ناوچەیی و جیهانیدا، هەردوو ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران و ئیسرائیل، توانایی و پێویستیی ئەوەیان هەیە کە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا، دەست بەرن بۆ هەر کردەوەیەکی سەرکێشانە. تا ئەو جێگایەی کە پەیوەندی بە ڕۆڵ و سیاسەتی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە، کردەوەکانی ئەم ڕژیمە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا و بەتایبەت لەم قۆناغەی ئێستادا، بەردەوام لە خزمەت ئامانجەکانی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلدا بووە.
لەکاتێکدا هەموو سەرنجەکانی ڕای گشتیی جیهان لەسەر ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی فەلەستین و بارودۆخی کارەساتباری پەنابەرانی غەززە لە ڕەفەح بوو، دەوڵەتی ئیسرائیل توانی گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر خۆی کەم بکاتەوە، سەرنجەکان بەرەو ململانێکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕابکێشێت و ئەم پرسە کارەساتبارە مرۆییە پەراوێز بخات.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

کوشتاری بێ وێنەی کۆڵبەران لە خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ کوژران و برینداربوونی ٤٩ کۆڵبەر

ش آوریل 20 , 2024
لە سەرەتای ساڵ تا کۆتایی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لانیکەم ٤٩ کۆڵبەر و هەروەها ٤ منداڵی کۆڵبەر، کوژران و بریندارکران. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، داتاکانی کە لە ناوەندی ئاماری کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، ئەوە نیشان دەدات بە دەستپێکی ساڵی ١٤٠٣ بۆ کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان، تەواو بە توندوتیژی و کوشتاربووە و لەم ماوەیەدا (لە سەرەتای […]

You May Like