«مینا سوڵتانی زارع» ناسراو بە «دایە مینا» دایکی دادخوازی و “شەهریار محەممەدی” لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕژیم» و «هاندانی ژنان بۆ ئامادەبوون بەبێ حیجاب لە شوێنە گشتییەکان» بۆ لقی ١٠١ی دادگای دووی شاری بۆکان بانگهێشت کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، مینا سوڵتانی زارع ناسراو بە «دایە مینا» دایکی دادخواز شەهریار محەممەدی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە شاری بۆکان، پێویستە لە ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەبارەی ئەو سکاڵایەی دژی تۆمار کراوە بە تۆمەتەکانی لە لقی ١٠١ی دادگای دووی شاری بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر «مێهدی فەخری» ئامادەبێت.
مینا سوڵتانی زارع، لە شەشی خەرمانانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر کرابوو. لە کۆتاییدا ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٣، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی تا کۆتایی پرۆسەی دادگاییەکەی لە زیندان ئازاد کرا.
مینا سوڵتانی زارع، دایکی شەهریار محەممەدیە کە لە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لە شاری بۆکان بە تەقەی ڕاستەوخۆ و پێکرانی بە گوللە گیانی لەدەستدا.