هەورام میهرنەوایی، زیندانیی سیاسی خەڵکی شاری بۆکان، لە ناڕەزایەتی بە ڕەتکردنەوەی داوای ئازادیی مەرجدار دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە ڕۆژی دووشەمە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٤، هەورام میهرنەوایی، زیندانیی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ناوەندی شاری بۆکان، لە کاردانەوە بە وەڵامنەدانەوەی داوای ئازادی مەرجداری خۆی، مانی لە خواردن گرتووە.
هەورام میهرنەوایی، گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، پێشتر لە ڕۆژی سێشەمە چواردەی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، بە تۆمەتی “بەشداری لە بەڕێوەچوونی جەژنی نەورۆز لە شاری بۆکان”، دەستبەسەر کرابوو.
هەورام میهرنەوایی، بۆ یەکەمینجار لە ئاخێزی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە خەزەڵوەری ١٤٠١، لە شاری بۆکان دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە پێدانی بارمتە ئازادکرا. ناوبراو لە ڕەشەمەی ١٤٠١، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەت” بە ٥٤ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و لە خاکەلێوەی ١٤٠٢، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندان گواسترایەوە. پاش ماوەیەک بە پابەندی ئەلیکترۆنی ئازادکرا بەڵام دووبارە بۆ زیندان گەڕێنرایەوە.