یاسای حیجابی زۆرەملێ، بە کردەوە خرایە ناو زبڵدانی مێژووەوە.

وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانبار، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی دەستەبژێر بەڕێوەبرد. لەم کۆبوونەوەیەدا پەیامنێرێک سەبارەت بە یاسای حیجابی زۆرەملێ پرسیارێکی ئاراستە کرد. ناوبراو جەختی کردەوە کە شۆڕای فەرهەنگی گشتی، بەگوێرەی هەمان پەسەندکراوەکانی پێشوو بەردەوام دەبێت تا ڕێگایەکی نوێ دەستنیشان دەکرێت، جا پڕۆژە یاسا بێت یان یاسایەکی نوێی پارلمان. هەر لەو ڕۆژەدا سەدیقی وەسمەقی و نێرگس ستوودە دوو هەڵسووڕاوی ناسراوی بزووتنەوەی ژنان، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و تیایدا وێڕای ئیدانەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی بوون. ئەوان نووسییان، گەیشتن بە ئێرانێکی دێموکراتیک و زاڵبوونی خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیاندا، پێویستی بە کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهێز هەیە کە بتوانێت شێلگیرانە لە پێناو دەستەبەرکردنی ویست و داواکارییەکانیاندا تێبکۆشن، تا ئەو کاتەی کە بە تەواوی بەدی دەهێنن. ئەوان وێڕای بێ بایەخ لەقەڵەمدانی ئەو یاسایە، لەسەر پێویستی بەشداریکردنی وەرزشوانانی ژن بەبێ حیجاب لە یاری و کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا جەختیان کردەوە و ئەوەیان بە نیشانەیەکی گرنگ لە سەرکەوتنی ژنانی ئێران زانی. ئەم دوو هەڵسووڕاوەی بواری مافەکانی ژنان نووسیویانە: ” چاوەڕوانی ئێمە لە کۆمەڵگەی وەرزشی ئێران، بەتایبەت وەرزشوانانی پیاو، ئەوەیە کە شانبەشانی وەرزشوانانی ژن لە پێناو لابردنی سەرجەم سنووردارکردنەکان، لەوانە لابردنی حیجابی زۆرەملێ، تێبکۆشن”.

یاسای مردووی حیجاب بۆتە کەمپەینێک لە نێوان زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران و بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات لە لایەک و ڕیفۆرمخوازە بەناو لیبراڵەکان لە لایەکی ترەوە. لەم نێوەدا بەرەیەکی سێهەمیش هەیە کە برتییە لە بەرەی جەماوەری خەباتگێڕ و ئازادیخواز، بەرەیەکی کە بەردەوام خەریکە گەشە دەکات و بەهێز دەبێت. گوشارەکانی ئەم بەرەیە وایکردووە کە سەرجەم باڵەکانی ڕیفۆرمخوازان، پێمانوابێت یاسای حیجابی زۆرەملێ ناتوانێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەوڵەتی پزیشکیانیش وتی کە ناتوانێت جێبەجێی بکات و بڕیارە بەدیلێک لە جێگەی ئەو یاسایە پێشنیار بکەن. گۆیا ئێستا ئەو یاسایەی کە وەزیری ناوخۆ بە پڕۆژە یاسای دەزانێت نەک بە یاسا، ڕادەستی شۆڕای باڵای ئەمنییەتی میللی کراوە. بەڵام بازنەی بەرتەسکی دەسەڵات هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کە حیجابی ئیسلامی وەک هێمای دەسەڵاتەکەی لە کۆمەڵگادا، بەسەر ژنانی ئێراندا بسەپێنێت. بەڵام ئەمە وەک ئەوە وایە کە بزمارێک بە ئاسندا بکوتی. ژنانی تێکۆشەر و پیاوانی ئازادیخواز، کە زۆرینەیەکی ڕەها پێکدەهێنن، یاسای حیجابیان تێپەڕاندووە و خەریکی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاترن لە گۆڕەپانە نوێیەکاندا.

بزووتنەوەی ژنان لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، بە سووتاندنی سەرپۆش و حیجابی زۆرەملێ و سەماکردن لەسەر شەقامەکان و فڕێدانی عەمامەی سەری ئاخوندەکان لەپێش چاوی جەماوەر، هێز و توانایی دەسەڵاتدارانیان لەگەڵ ئاڵەنگارییەکی جددی بەرەوڕوو کردەوە. ئەمڕۆ ژنانی خەباتگێڕ و ئازادپۆش لە درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، پیاوسالاریی و ئیسلامی سیاسییان کردووەتە ئامانج و بە سەپاندنی بەکردەوە و تاڕادەیەکی مافی تەڵاق لە کۆمەڵگادا، هەوڵی لاوازکردنی پیاوسالارییان داوە. ژنان بە کارکردن و پشتبەستن بە خۆیان لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەو بنەما سەرەکییەی پیاوسالارییان بردووەتە ژێر پرسیار کە گۆیا پیاوان تاکە دابینکاری بژێوی بنەماڵەن. بەرزبوونەوەی پێگەی ژنان و هەڵسوکەوتی یەکسان لەگەڵ کچان و کوڕانیش لەناو بنەماڵەکاندا، یەکێکە لە دەستکەوتە بەرچاوەکانی دیکە. گومان لەوەدا نییە کە لە ئەگەری بەردوامبوون و گەشە و پەرەسەندنی ئەو خەباتەی ئێستای ژنان، بەشێک لە بۆرژوازی و نوێنەرانی سیاسییان لە ئێران، ناچار دەبن پوتانسێلی قبوڵکردنی دەستکەوتەکانی تا ئێستای ژنان لە بواری جل و بەرگی ئازاد لەخۆیان نیشان بدەن و لە فەرهەنگ و تەنانەت یاساکانیشیاندا بیگونجێنن.

جل و بەرگی ئازاد، مافێکی سەرەتاییە کە لە سەرانسەری جیهاندا قبوڵکراوە، جگە لە حکوومەتە ئیسلامییەکانی ئێران و ئەفغانستان. کەواتە دەبێ ئەم قۆناغەش تێپەڕ بکرێت. پێویستە خەبات و تێکۆشانەکان بەرەو دەستەبەرکردنی مافی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش ئاراستە بکرێن و بۆ نموونە لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی بازاڕی نافەرمی کاری ژناندا خەبات بکرێت. پێویستە ژنانی کرێکار لە هەموو ئەو مافە یاساییانە بەهرەمەند بن کە ئەمڕۆ بەتەواوی لێی بێبەشن. دەبێ دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ کاری هەمیشەیی و ڕاهێنانی ژنان له ئاستێکی بەرزدا، یەکێک لە ئەرکە لەپێشینەکان بێت. پێویستە بە سەپاندنی یاسای گونجاو و پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری بۆ چاودێریکردن، ڕێگری بکرێت لە هەر چەشنە کەڵک وەرگرتنێکی خراپ لە ژنان لە ناوەندەکانی کار لەلایەن خاوەنکارانەوە.

بزووتنەوەی ژنان کە یەکێک لە ویست و داواکارییەکانی بریتییە لە زاڵبوون بەسەر چارەنووسی خۆیدا، ناتوانێت تەنیا بە دەستەبەرکردنی ئەو شتانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا، قەناعەت بکات، بەڵکوو دەبێت بە خەبات و تێکۆشان لەم قۆناغەش تێپەڕ ببێت. ژنان ناتوانن چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن مەگەر ئەو کاتەی کە کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران، بەسەر چارەنووسی خۆیاندا زاڵ بن.

لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیداییە و هەرکام لە چین و توێژەکان و هێزە سیاسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە هەوڵدان و تێدەکۆشن بۆ ئەوەی مۆرکی خۆیان لەسەر پێشهاتەکان بدەن، بزووتنەوەی ژنانیش نابێ لەم پێشبڕکێیەدا جێ بمێنێت. حکوومەتی ئیسلامی بۆرژوازیی ئێران لە گێژاوی قەیرانی زۆر گەورە و چارەهەڵنەگردا گرفتار بووە و لەوپەڕی بێ تواناییدا هەوڵی ڕزگارکردنی خۆی دەدات. نابێت دەرفەتی پێویست بەم دەسەڵاتە چەوسێنەر و ستەمکارە بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەم گێژاوە دەرباز بکات. بەڵام ئەو چینەی کە زۆرترین بەرژەوەندی لە نەمان و لەگۆڕەنانی تەواوەتی دەوڵەتی چینایەتی بۆرژوازی دەسەڵاتدار لە ئێران هەیە، چینی کرێکارە. ژنان و پیاوانی ئەم چینەن کە هاوپەیمانی سەرەکی بزووتنەوەی ژنانن. لەم قۆناغەدا پێویستە بزووتنەوەی ژنان هاوتەریب لەگەڵ هەوڵدان بۆ لەگۆڕنانی یاسای حیجاب، لە هەوڵی یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاریدا بێت. لەم هەلومەرجەدا پێویستە هەوڵ بدرێت حکومەتێکی داکۆکیکاری مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان دابمەزرێت. لە ڕەوتی خەباتێکی لەو چەشنەدایە کە یاسای حیجابی زۆرەملێ، جێگەی شایستەی خۆی لەناو زبڵدانی مێژوودا دەبینێتەوە.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

دێولان؛ بەردەوامی دەستبەسەرکرانی ئەفشین حسێن پەناهی ، چالاکی مەدەنی

پ ژانویه 16 , 2025
بە تێپەڕینی هەفتەیەک لە دەستبەسەرکرانی ئەفشین حسێن پەناهی، ئەم چالاکە مەدەنییە هێشتا دەستبەسەرە و چارەنووسی نادیارە. بە پێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، ئەفشین حسێن پەناهی، چالاکی مەدەنی و ژینگەیی بە تێپەڕینی زیاتر لە هەفتەیەک دەستبەسەری ئەم چالاکە هێشتا چارەنووسی ڕوون نییە. ئەم چالاکە ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣ هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردە […]

You May Like